نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانە لەوەی زیاتر لە ٦ ملیۆن کەس ڕووبەڕووی برسێتی ببنەوە لە سودان

جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە، سودان زۆرترین ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەکانی هەیە لە جیهاندا، کە ژمارەکە ٧.١ ملیۆن کەسە، لەوانە ٣.٣ ملیۆنی منداڵانن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کاتێکدا شەڕی سودان ٦ مانگە بەردەوامەو چارەسەر نەکراوە، بەشداربووانی کۆبوونەوەیەکی ئاست بەرزی وەزیران کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوەچوو، جەختیان لەوە کردەوە کە سودان هەنگاوێک لە برسێتی دوورە.

 

ڕۆزماری دیکارلۆ، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و ئاشتی بیناسازی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ئەیلوول وتی: زیاتر لە ٦ ملیۆن کەس لە سودان هەنگاوێک دوورن لە برسێتی، ئەم ژمارەیە بەردەوام لە زیادبووندایە ئەگەر جەنگ لە وڵاتەکەدا بوەستێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنە ناکۆکەکانی سودان زۆر دوورن لە بەدەستهێنانی سەرکەوتن و بەردەوامن لە شەڕکردنم هاوڵاتیانی مەدەنی باجی ئەم ناکۆکییە دەدەن کە هەڕەشەی ئەوە دەکات ناوچەکە بخاتە ناو ململانێیەکی فراوانترەوە، پێویستە کۆمەڵگە و لایەنە هەرێمییەکان خۆیان بەدووربگرن لە گرتنەبەری لایەنەکان و هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ ڕێگریکردن لە زیادبوونی توندوتیژی و کۆتایی هێنان بە توندوتیژی.

 

سودان زۆرترین ژمارەی ئاوارەی ناوخۆیی هەیە

ئەوەشی خستەڕوو سودان زۆرترین ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەکانی هەیە لە جیهاندا، بە نزیکەی٧.١ ملیۆن کەسە، لەناویاندا ٣.٣ ملیۆن منداڵ هەن، وتیشی: ناکۆکییەکانی سودان بەهۆی جوڵاندنی سنوورەکانەوە بەهێزکراوە، لەوانە بە درێژایی هێڵە خێڵەکییەکان و هەروەها لێشاوی چەکداران و چەک و تەقەمەنی لە دەرەوەی وڵاتەوە.

 

ڕۆزماری دیکارلۆ وتی: پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتی زیاتر دابین بکات بۆ ڕاگرتنی ناکۆکییەکان و دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ چارەسەرێکی سیاسی و داوا لە لایەنە ناکۆکەکان دەکات کۆتایی بە شەڕەکان بهێنن و بگەڕێنەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەستی ڕاستەقینە کە ببێتە هۆی ڕاگرتنی هەمیشەیی دوژمنایەتی.

 

هەروەها نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی "OCHA" بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و هۆشداری دا لە قەیرانی مرۆیی بەربڵاو لە سەرتاسەری سودان لە کاتێکدا ناکۆکییەکان بەردەوامن و ئاماژەی بەوەکرد، ڕووبەڕووی وڵاتانی دراوسێ دەبنەوە لە کاتێکدا لێشاوی پەنابەران و گەڕاوەکان بەردەوامن.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، هەرچەندە هەوڵەکانی فریاگوزاری بەربڵاون، بەڵام هێشتا نەگونجاون و پارەی کەمیان لەبەردەستە و کارمەندانی فریاگوزاریش ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکی گەورە دەبنەوە لە ڕووی یارمەتییەوە بۆ گەیشتن بەو کەسانەی پێویستیان پێیەتی یان گەیشتن بە هەندێک ناوچە.