سلێمانی، یەکەم ساڵیادی ناگیهان ئاکارسەل بەڕێوەچوو

لە یەکەم ساڵیادی تیرۆر کردنی ناگیهان ئاکارسەلدا، ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان مەراسیمێکیان ڕێکخست.

 سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە هۆڵی خاک لە شاری سلێمانی بۆ یادکردنەوەی ناگیهان ئاکارسەل، کە لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لەلایەن میتی تورکەوە کوژرا، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان ماراسیمێکیان ڕێکخست.

 

مەراسیمەکە بە دەقەیەک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

 

بەیاننامەی ژنانی ئازادی کوردستان لەلایەن تانیا کەریم خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بە تیرۆرکردنی ژنانی پێشەنگ دەنگمان کپ بکات هەر بۆیە ساڵێک پێش ئێستە ناگیهان ئاکارسەل ژنە تێکۆشەر و خەباتکاریان کردە ئامانج، بەڵام ئەم هەوڵانەی دەوڵەتی تورکیا بێسوودە و ئێمە بەردەوام دەبین لە تێکۆشان و درێژە بە خەباتی ناگیهان ئاکارسەل دەدەین.

 

دواتر شێرکۆ عەبدوڵا بەیانامەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردی خوێندەوە و ئەوەی خستەڕوو، لایەنەکانی باشوری کوردستان گیانی ئازادیخوازان ناپارێزن، بەڵکو یارمەتی دەوڵەتانی داگیرکەر دەدەن تیرۆریان بکات، هەربۆیە باشوری کوردستان چیتر جێیەک نیە ئازادیخوازان بتوانن بە بە بێ ترس و ئازادانە خەباتی تێدا ئەنجام بدەن.

 

لە درێژەی مەراسیمەکەدا زیلان ڕەحمان لەسەر ناوی ناوەندی ئەرشیف و لێکۆڵینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد بەیانامەیەکی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ناگیهان ئاکارسەل هەمیشە هەوڵی هۆشیارکردنەوەی ژنانی دەدا بخوێننەوە و شارەزای مافەکانی خۆیان بن، بۆیە دەستێکی باڵای هەبوو لە کردنەوەی ناوەندی ئەرشیف و لێکۆڵینەوە و پەرتوکخانەی ژنه کورد، هەروەها لە کۆکردنەوەی کتێب و ئاواتی ئەوە بوو ناوەندێک بکاتەوە کە ژنانی هەر چوار پارچە بتوانن لە ڕێگەیەوە خۆیان هۆشیاربکەنەوە و تێبکۆشن.

 

هەر لە مەراسیمەکەدا چەند بروسکەیەکی ماتەمینی لە پارچەکانی کوردستانەوە پێشکەش بە گیانی ناگیهان ئاکارسەل کرا.

 

لە درێژەی مەراسیمەکەدا سینەفزیۆنێک لەسەر ژیان و خەباتی ناگیهان ئاکار سەل پێشکەش کرا، کە چۆن ژیانی خۆی تەرخان کردبوو بۆ خەبات و هۆشیارکردنەوەی ژنان و لە ماوەی ژیانیدا هەوڵی باسکردنی زانستی ژنۆلۆژی دەدا و چەندین دەستکەوتی گرنگی بۆ ژنان بەجێهێشتووە.

 

مەراسیمەکە بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی کۆتایی هات.