گۆبەرۆک؛ شوێنێک بۆ زیندووکردنەوەی هونەری زەڕەنگەری کوردیی
بۆتان عومەر، خاوەنی گۆبەرۆک دەڵێت: لە ڕێگەی گۆبەرۆکەوە ژنان و نەوەی داهاتوو ئاشنایی کولتوور و مۆرکی نەتەوەکەمانیان دەکەین، تا کولتووری کورد هەمیشە زیندووبێت.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ لە ناو کارگەی کولتووری شاری سلێمانی، لە شوێنێک کە بۆنی مس و زەرد و زیو تێکەڵ بە دەنگی چەکوش و دەستی هونەرمەندێکی ژن دەبێت، " گۆبەرۆک" وەک شوێنێکی جیاواز سەرنج ڕادەکێشێت، شوێنێک کە تەنها بۆ فرۆشتنی خشڵ و جوانکاری نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ پاراستن و بەردەوامکردنی هونەری زەڕەنگەری بە شێوازی فۆلکلۆری کوردی.
بۆتان عومەر، دەرچووی بەشی هونەرە جوانەکانەو نزیکەی پێنج ساڵە لە بواری زەڕەنگەریدا کار دەکات، ئەو بە بەکارهێنانی مس، زەردو زیو، پارچەیەکی سادەی کانزا دەگۆڕێت بۆ خشڵ و جوانکارییەک کە ڕەنگ و نیشانەکانی هونەری کوردی لە خۆیدا هەڵدەگرێت، هەموو کارەکەی تەنها لە دروستکردنی پارچەیەکی جوان کورت نابێتەوە، بەڵکو هەوڵ دەدات شێوازو بیرۆکەیەکی کۆن لە ڕێگەی کاری دەستییەوە بپارێزێت و بۆ نەوەی نوێ بگوازێتەوە.
لە " گۆبەرۆک" دا، خشڵەکان بە شێوازی فۆلکلۆری کوردی دروست دەکرێن، هەر پارچەیەک دەتوانێت چیرۆکێک لەگەڵ خۆیدا هەڵبگرێت، نەخش و شێوەکانی ناو پارچەکان تەنها بۆ جوانی نین، بەڵکوو بەشێکن لە ناسنامەی هونەری و کولتووری کوردی، بۆتان "گۆبەرۆک" بە دڵخوازترین بەشی دوکانەکەی دادەنێت، چونکە لەوێ تەنها بەرهەم دروست ناکرێت، بەڵکوو فێرکاریش دەکرێت، ئەو لە هەمان شوێن، وانە بە چەندین خوێندکار دەڵێتەوە و هەوڵ دەدات بنەماکانی زەڕەنگەری و کاری دەستیان فێربکات، تاکو بتوانن خۆیان پارچەی زەڕەنگەری دروست بکەن، چیرۆکی گۆبەرۆک، تەنها چیرۆکی دروستکردنی خشڵ نییە؛ چیرۆکی گواستنەوەی هونەر و ناسنامەیە. لەو شوێنەدا، مس و زەرد و زیو تەنها ماددەی سەرەتایی نین، بەڵکوو بە دەستی هونەرمەند دەبنە بەشێک لە چیرۆکی کولتووری کوردیی.
"بە ناوی گۆبەرۆک ژنی کورد دەکەوێتەوە یادمان"
بۆتان عومەر، خاوەنی گۆبەرۆک ئاماژەی بەوەکرد، لە ناو کارگەی کولتووری ساری سلیمانیدا، گەلەرێکی خشڵکاری بە ناوی " گۆبەرۆک " دادەمەزرێت، ماوەی پێنج ساڵە کاری دروستکردنی خشڵە تا هونەر و فۆلکلۆری کوردی بە زیندووی بهێڵێتەوە، وتی: ماوەی پێنج ساڵە کاری زەڕەنگەری دەکەم، لە ئێستادا سەرەڕای کارکرد وانە بە چەندین خوێندکاری لە ناو گۆبەرۆکدا دەڵێمەوە، دەستپێکی ئاسنابوونم بە خشڵ دروستکردن بۆ خولێک لە ناو کارگەی کولتووریدا دەگەڕێتەوە، من خوێندکاربووم لە دوای خولەکە توانیم بە بیرۆکەیەکی جیاواز گۆبەرۆک بونیادبنێم، ناوی گۆبەرۆک لە خشڵی گۆبەرۆکەوە هاتووە، یەکێکە لە کۆنترین خشڵەکان کاتێک نای دەهێنیت ژنی کورد دەکەوێتەوە یادمان، لە ئێستادا سەرەڕای دروستکردنی خشڵ وانە بە چەند خوێندکارێک دەڵێمەوە، هەروەها لە کاتی وەرگرتنی خوێندکاردا سەرەتا دەبێت بزانین لە چ ئاستێکی فێربووندان، پاشان پێداویستییەکانیان پێ دەناسێنین تا بزانین چۆن بەکاریان دەهێنن، دواتر قۆناغی پڕاکتیکی و تیۆریان دەستپێدەکات.
" ئەو نەخشانەی بۆیان دروستدەکەم هەمووی هونەرین"
لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: کار لەسەر سێ جۆری خشڵ دەکەین، مس، زەرد و زیوو، چەندین جۆری بەرد بەکار دەهێنین لە دروستکردنی کارەکان بەگوێرەی خواستی هاوڵاتیان دەگۆڕێت، بەڵام ئامانجمانە زیاتر کار لەسەر مس بکەین تا بتوانین لە ناو کۆمەڵگەدا جێی بکەینەوە، بەکارهێنانی مس سەرەڕای هێنانە ناو هاوڵاتیان سودێکی زۆر بە بەکارهێنەرەکەی دەگەیەنێت، پاشان ڕەونەق و تایبەتی خۆی بۆ چاوی بەرامبەر هەیە، ئێمە لەناو دوکانەکەماندا زێڕ بەکار ناهێنین چونکە باکارهێنانی زێڕ شوێنی تایبەتی خۆی هەیە، لە ئێستادا ئامانجمان دەرخستنی مسە، هەروەها هاوڵاتیان زیاتر کاری مۆدێرنیان لێمان دەوێت، جۆری بەردەکان دیاری دەکەن پاشان بەو دیزاینەی دەیانەوێت کاریان بۆ دەکەین، ئەو نەخشانەی بۆیان دروستدەکەم هەمووی هونەرین، بە هۆکاری ئەوەی بەشی هونەرم تەواوکردووە کارەکانم بە نەخشی هونەری دەکەم، زۆرێک لە خەڵک ئەو بەشەی لە زانکۆ تەواوی دەکات کاری تێدا ناکات، بەڵام من پێموایە کاتێک بەشی هونەر تەواو دەکەیت پێویستە لە بەشەکەی خۆتدا درێژە بە کارەکانت بدەیت، چونکە بەشی هونەرم تەواوکرد ئێستە بە حەزەوە کاردەکەم.
بۆتان عومەرڤ لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە لە ئێستادا لە ناو کارگەی کولتوورین لە شاری سلێمانیدا، کار بۆ هێشتنەوەی کولتووری کوردی دەکەین، هەروەها لێرە هەموو خاوەنکارەکان هەوڵی بەرهەمهێنانی بەرهەمی خۆماڵی دەدەن، هەریەکەمان ئامانجمانە بەرهەمی بیانی لە ناو خاکەکەماندا نەمێنێت، واتە گەنجان و ژنان پشت بە تواناکانیان ببەستن تا بەرهەمی خۆماڵی و دەستی کار لە هەرێمی کوردستاندا زیاد بکەین، بۆیە ئێستا ئێمە خشڵ دروستدەکەین و نەوەی داهاتوو پەروەردەی ئەو فێرکارییە دەکەین تا نەوە دوای نەوە بڕوات، تا نەوەکانمان بە مۆرکی نەتەوەکەیان ئاشنابن و ئەو مۆرکە کوردەوارییە هەر بمێنێتەوە.