تاڵیبان ٢٦ پلە لە پێوەرەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری جیهانیدا دابەزیوە

بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێرانی بێ سنوور، لە ساڵی ٢٠٢٤ تاڵیبان ٢٦ پلە لە ڕووی ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە دابەزیوە و پلەی ١٧٨ی بەدەستهێناوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پەیامنێرانی بێ سنوور هاوکاتی ڕۆژی جیهانیی ئازادی ڕۆژنامەگەری، پێوەرەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری جیهانی بۆ ساڵی ٢٠٢٤ پێشکەش کرد و بەپێی ئەو پێوەرە ئەفغانستان ٢٦ پلە دابەزیوە و گەیشتووەتە ڕیزبەندی ١٧٨.

 

بەپێی ڕیزبەندی پێوەرەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری جیهانی، لە ساڵی ٢٠٢٤دا لە کۆی ١٨٠ وڵاتی جیهان، ئەفغانستان بە ١٩.٩ خاڵ لە ڕیزبەندی ١٧٨ دایە و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کە لە ڕیزبەندی  ١٥٢دا بوو، ٢٦ پلە دابەزیوە.

 

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور وێڕای خستنەڕووی ئەم ڕیزبەندییە، ڕایگەیاندووە، دوای ئەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرت، ڕۆژنامەنووسان هەراسان کراون و سنووردارکردنی بەرفراوان بەسەر میدیا و ڕۆژنامەنووساندا سەپێنراوە، بەجۆرێک کە میدیای ئازاد ڕێگەی پێنادرێت لەم وڵاتەدا کار بکات .

 

هەروەها بە پێی ڕیزبەندییەکە، کۆریای باکوور لە ڕیزبەندی ١٧٧دایە و ئێران و سووریاش له دوای ئه فغانستان له دوو پلەی کۆتاییدان، کە لە ڕووی ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە لە خراپترین وڵاتەکاندان و وڵاتانی دانیمارک و سویدیش له ڕیزبەندی باشترین وڵاتەکاندان بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری.

 

دوای کۆنترۆڵکردنەوەی ئەفغانستان، تاڵیبان ئاستەنگی زۆری دروستکردووە، لەوانە فشار و هەڕەشە بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان، ناوەندی ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەریدا ڕایگەیاند کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ١٣٦ حاڵەتی پێشێلکردنی ئازادیی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان لەم وڵاتەدا تۆمارکراوە، کە ٧٣ حاڵەتی هەڕەشەکردن و ٦٤ حاڵەتی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسانن و میدیا و ڕۆژنامەنووسانیش مافەکانیان بە شێوەیەکی بەرفراوان پێشێل کراوە.