هێرشی پیاوان؛ دوو ژن و پیاوێک کوژران

لە ڕووداوێکی تەقەکردندا، لە شاری کەرکوک دوو ژن و پیاوێک کوژران، هێرشکار هاوژینی یەکێک لە ژنەکان بووە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی کەرامەی شاری کەرکوک پیاوێک بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە دەچێتە سەر ماڵی خەزووری، بە دەستڕێژی فیشەک، هاوژینەکەی و دایک و باوکی هاوژینەکەی دەکوژێت، دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

 

بەپێی زانیاریەکان، کەسى هێرشکار پۆلیسە و پاسەوانی کەسایەتییەکانی شارى کەرکوکە، دوای ڕووداوەکەش بۆ شوێنێکى نادیار هەڵهاتووە و لە ئێستاشدا پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەکە کردووەتەوە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بکوژەکە دەرچووە.

 

جێی ئاماژەیە، کوشتنی ژنان لە باشووری کوردستان زیادی کردووە و بەشێكی دیاری ڕووداوەکان کەسی بکوژ و هێرشکار لەناو دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە حکومەت و دەسەڵاتدان و هێرشەکان بە چەک ئەنجام دەدرێت، هاوشێوەی ڕووداوی کوشتنی دوو ژن لەلایەن هاوژینەکەیانەوە، کە بکوژ ئەندامی هێزەکانی لەشکری تایبەتی گوڵانی سەر بە پەدەکە بوو.