لە ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەی سێواس هەزاران کەس کۆبوونەوە

٣٣ ڕۆشنبیر و هونەرمەند ٣٠ ساڵ لەمەوبەر لە هۆتێلی مادیماک لە سێواس کۆمەڵکوژکران، لە ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەدا هەزاران کەس کۆبوونەوەو داوایان کرد ئەوانەی بەرپرسیارن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

٣٠ ساڵ تێدەپەڕێت بە سەر کۆمەڵکوژییەکەی سیواس کە ٣٣ڕۆشنبیر، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و هونەرمەند لە ٢ی تەممووزی ١٩٩٣ لە هۆتێلی مادیماک کۆمەڵکوژکران.

 

کۆمەڵەکانی عەلەوی و حیزبە سیاسییەکان و چەندین ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەندامانی کۆمەڵەی ڕۆشنبیری پیر سوڵتان عەبدال لەبەردەم لقی سێواس کۆبوونەوە و ڕێپێوانێکیان ڕێکخست، هەزاران کەس ئامادەبوون و دروشمی "ئێمە نابینە عەلەوی دەوڵەت"، "ڕووناکی سێواس نامرێت"، "دەوڵەتی بکوژ بەرپرسیار بکرێت" و وێنەی کوژراوەکانیان بەرز کردەوە.

 

ئەو بنەماڵانەی لەبەردەم هۆتێلی مادیماک کۆبوونەوە وێنەی خزمەکانیان کە کۆمەڵکوژکران بەرزکردەوەو گوڵیان لەبەردەم هۆتێلەکە دانا کە گۆڕدراوە بۆ ناوەندێکی ڕۆشنبیری و زانست، بنەماڵەکان جارێکی دیکە ویستیان هۆتێلەکە بکەنە مۆزەخانەیەکی شەرمەزاری و ڕایانگەیاند کە بەردەوام دەبن لە خەباتیان هەتا ئەو کاتەی داواکارییەکەیان جێبەجێ دەکرێت و هەموو ئەوانەی بەرپرسن لە کۆمەڵکوژییەکە دادگایی بکرێن.

 

چیگدەم کلیچگون ئوچار، هاوسەرۆکی پارتی چەپی سەوز لەبەردەم هۆتێلەکە لەکاتی بەبیرهێناوەو دوای دانانی گوڵ قسەی کردو وتی: کۆمەڵکوژییەکە بە شێوەیەک ڕوویداوە کە مێشک قبوڵی ناکات، بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، کۆمەڵکوژییەک لە پەخشێکی ڕاستەوخۆدا بڵاوکرایەوە، ئێمە وەک پەرلەمانتار و خەباتکارانی پارتی چەپی سەوز ئەمڕۆش لە خەباتی عەلەوییەکاندا بووین. لە ئێستاشدا با لەگەڵیان بین، ئەو دادگایەی کە لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا هیچ هەنگاوێکی نەناوە، بەداخەوە، لە مانگی ئەیلوولدا، ڕووبەڕووی کۆتاییەک دەبێتەوە، دوێنێ وتمان و ئەمڕۆ دەڵێین کۆمەڵکوژی مادیماک تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی.

 

"لێپرسینەوەی لێ دەکرێت"

چالاکی یادکردنەوەکە بە خوێندنەوەی دەقی هاوبەشی کۆمەڵەکانی عەلەوی، دانانی گوڵ بەردەوام بوو، لە نووسراوە هاوبەشەکەدا جارێکی دیکە ئاماژە بەوە کراوە کە کۆمەڵکوژییەکەی مادیماک لەبیر ناکرێت و ئەوانەی بەرپرسیارن لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.