لە ماوەی ساڵێکدا بەهۆی مینەوە هەزار کەس گیانیان لەدەستدا
یونیسێف ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو ژمارەی قوربانیانی مین لە میانمار بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار و ٥٢ کەس، کە ٪٢٠یان منداڵن.
![](https://test.jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/04/20240404-20240404-20240404-myyanmar-jpg1e2bc5-image-jpge439ba-image-jpgd17334-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ململانێ ناوخۆییەکانی میانمار لە ساڵی ٢٠٢١ەوە نزیکەی ٢.٨ ملیۆن کەسی ئاوارە کردووە، هەروەها دانیشتووانی میانمار ڕووبەڕووی مەترسیی چێندراوی مین ببنەوە کە لە نزیک ماڵەکانیان یان لە قوتابخانە و گۆڕەپانی یارییەکاندا چێندراون.
دوێنێ، سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان یونیسێف، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا بوونی مین لە هەموو ویلایەت و ناوچەکانی میانمار جگە لە نایپیداوی پایتەختی میانمار ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دۆخە جێگەی نیگەرانییە.
ئاماژە بەوەکراوە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا ٣٩٠ هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی مینەوە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها زیاتر لە هەزار و ٥٢ هاوڵاتی مەدەنی لە میانمار لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا بەهۆی تەقەمەنی دیکەوە لەدەست دراون، ئاماژەی بەوەشکردووە، ٢٠%ی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە منداڵن.
دیبورا کومێنی، بەڕێوەبەری هەرێمی یونیسێف بۆ ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و زەریای هێمن ڕایگەیاند، بەکارهێنانی مین تەنها کارێکی نامرۆڤانە نییە، بەڵکو پێشێلکردنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە، بە پێویستیشی زانی هەموو لایەنەکانی ململانێی میانمار واز لە بەکارهێنانی مین بهێنن بۆ دڵنیابوون سەلامەتی منداڵان و هاوڵاتیانی مەدەنی.