پارێزەر دیلان کۆچ: توندوتیژی لە ماردین زیادی کردووە

پارێزەر دیلان کۆچ ڕوونیدەکاتەوە کە توندوتیژی لە ماردین زیادی کردووە و دەڵێت: "کاتێک سەیری ناسنامەی تاوانباران دەکەین، ئەوان پاسەوانن، بە تایبەتی چەکدارن و پشتیوانی دەوڵەت دەکەن، بێگومان ئەمەش ئاسانکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی تاوانەکانیان".

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ماردین- ژنان لە ماردین بە سیاسەتی تایبەتی شەڕ دەکرێنە ئامانج. لە ٢ مانگی ڕابردوودا ٣ ژن کوژراون، دوو حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی ڕوویانداوە، کە ئەنجامدەرانی پاسەوان و ڕائید بوون.

 

دیلان کۆچ، پارێزەر و نوێنەری ناوەندی پشتیوانی لە قوربانیانی توندوتیژی سەندیکای پارێزەرانی ماردین، باسی لە ڕووداوەکانی توندوتیژی دژی ژنان کرد و وتی: کاتێک دەستمان بە کارکردن لە بواری توندوتیژی دژی ژنان لە ناوەندی پشتیوانی کرد، ڕووداوەکانی کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان هێندە زیادی نەکردبوو، بەڵام کاتێک ئێستا سەیری دەکەین، هەم ڕووداوی توندوتیژی و هەم کوشتن لەناو ژنان لە بەرزترین ئاستدان، لە دوو مانگی ڕابردوودا ٣ ژن لەو شارەدا کوژراون و ئەمەش نیگەرانمان دەکات.

 

" هەنگاو بۆ کەمکردنەوەی سزای تاوانباران دەنرێت"

دیلان کۆچ ئاماژەی بەوەدا کە یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان "سیاسەتی بێ سزایە" و وتی: کاتێک سەیری ئەو دانیشتنانە دەکەین کە دوای ئەو کوشتنانە دەستیان پێکردووە، دەبینین تاوانباران خەریکی ڕزگارکردنی خۆیان لە تاوانەکان، ئەم بەرگریانە بەزۆری بریتین لە 'پێگەی باش' یان ' هاندەری دەروونی ناهەق'، کە ئەمە هۆکارێکی جدییە بۆ زیادبوونی کوشتنی ژنان، کاتێک تاوانباران ئەم کوشتنانە ئەنجام دەدەن، زۆربەیان لۆژیکی "هیچمان بەسەر نایەت"یان لە مێشکدایە، ئەوان دەزانن کە دەرگایەک لە پشتیانەوەیە و بەو پێیە هەنگاو دەنێن، هەندێکیان ئەو کارتانەی لەبەردەستیاندایە بەکاردەهێنن و هەندێکیان دەزانن کە سزاکەیان کەم دەبێتەوە کاتێک دەڵێن "من توڕە بووم".

 

"تاوانبارانی هەردوو دۆسیەکە پاسەوانن"

دیلان کۆچ ئاماژەی بەوەدا، دوای ئەو دوو ڕووداوەی لە ماردین ڕوویدا هەڵسەنگاندن دەکات و دەڵێت: یەکێک لە ژنەان لە دێرک لەلایەن پاسەوانێکەوە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر و لە شاری مەهسەرتیش ژنێک لەلایەن پاسەوانێکەوە کوژراوە، کاتێک ئەم ڕووداوانە دەبینین، دەبینین توندوتیژی لە شاردا بە شێوەیەکی جددی زیادی کردووە، کاتێک سەیری ناسنامەی تاوانباران دەکەین، دەبینین پاسەوان و ئاسایشن، بەتایبەت چەکدارن و پشتیوانی دەوڵەت دەکەن، کە بێگومان ئەمەش وادەکات ئەنجامدانی ئەو کردەوانە ئاسانتر بێت، ئەو ژنە گەنجانەی دێنە لای ئێمە دەڵێن، کاتێک جلوبەرگی پیاوان فەرمییە،  شتگەلێکی وەک 'هیچم بەسەر نایەت' یان 'من دەوڵەتم' دەڵێن، لەم قسانەوە تێدەگەین کە تاوانباران بەو باوەڕەی بە دەسەڵاتی پشت خۆیانەوە هەیانە، تاوانەکان ئەنجام دەدەن و ئەمەش زەمینە بۆ ئەنجامدانی تاوان لەبار دەکات.

 

"ژن دەتوانن خۆیان بگەیەننە ئێمە"

دیلان کۆچ ڕایگەیاند کە بە درێژایی دادگاییکردنەکە وەک خۆبەخشێک لە ناوەندی پشتیوانی چاودێری کەیسەکان دەکەن و وتی: دەبینین کە ژنانی گەنجی شارەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتەوە دەستدرێژی سێکسییان دەکرێتە سەر، ئێمە هەمیشە بەردەوام دەبین لە خەباتی یاسایی خۆمان لە دژی ئەو پێشێلکاریانە، لەگەڵ ژنان دەبین و هەموو ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی ئەم تاوانانە دەبنەوە دەتوانن خۆیان بگەیەننە ئێمە.