فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' ڕێبازی ئازادی ژن ڕۆشن دەکاتەوە

ڕەمزیە محەمەد لە ڕۆژئاواوە دەڵێت: فەلسەفەی 'ژن ژیان ئازادی' بووەتە مەشخەڵێک کە ڕێگای ئازادی بۆ ژنان ڕووناک دەکاتەوە، خەدیجە ڕیازی لە مەغریب و ئەحلام ناسر لە سودان سەرنجیان بۆ یەکڕیزی ژنان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا ڕاکێشا.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- دەستکەوتی ژنان بۆ ئازادی ڕێگایەکی دوور و درێژە، کە سەرکەوتن و سەختی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، ڕەمزیە محەمەد، هاوسەرۆکی تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و خەدیجە ڕیازی، داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە مەغریب و ئەحلام ناسر، چالاکوانی مافی مرۆڤ لە سودان ڕایانگەیاند، کلیلی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە ئەوەیە کە پێکەوە خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و سەرنجیان لەسەر ئەو شتانە بێت کە پێویستە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت.

 

"خەبات لە هەموو جیهاندا دەنگی دایەوە"

ڕەمزیە محەمەد، هاوسەرۆکی تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (تەڤ-دەم) ڕایگەیاند، شۆڕشی ڕۆژئاوا بە پێشەنگایەتی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیپێکرد، بناغەکەی ساڵانێک لەمەوبەر ئامادەکرا و وتیشی:  ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٥ لەگەڵ یەکێتی ستار دەستیان بە کارکردن کرد، ژنان ئێستا لە ڕێگەی کۆنگرەی ستارەوە درێژە بە گەشتەکەیان دەدەن، لەگەڵ شۆڕشی کورد و عەرەب و تورکمان و سریانی، بە هەموو ژنانی گەلانی جیاوازەوە، لە ژێر سەقفی کۆنگرەی ستار، هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاندووە، ژنان لە هەموو بوارێکدا خۆیان ڕێکخست و پێکەوە کاریان کرد بۆ خۆپاراستن، کارەکانی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەموو جیهاندا دەنگی دایەوە. 

 

"دەبێت ژنان پێکەوە بەهێز بن"

ڕەمزیە محەمەد ڕایگەیاند کە ژنان لە هەموو بەشەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەشدارییان لە چالاکییەکانی ڕێکخستن کردووە و وتیشی: ژنانی سووریا، لە ژێر چەتری یەکێتی ژنانی سووریا، ژنانی عەرەب لە ژێر چەتری کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا چالاکییەکانیان بەڕێوەدەبەن، هەروەها ژنانی ئەرمەنیش چەندین سەندیکا و دامەزراوەیان هەیە، ئەو پێشکەوتنانەی کە ژنان لە ڕۆژئاوادا بەدەستیان هێناوە، بووەتە نموونە بۆ هەموو ژنانی جیهان لەسەر ئاستی ڕێکخستن، لە هەرێمیش ئەگەر پڕۆسەی ڕابردوو لەبەرچاو بگیرێت پێویستی بە پتەوکردنی یەکڕیزی ژنان هەیە، گرنگە یەکڕیزیی هەموو ژنانی جیهان بەهێز بکرێت، نەک تەنها ژنانی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەتایبەت ژنانی سووریا،  ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا خۆیان لە دژی ئەو سیاسەتانە ڕێکدەخەن کە ئامانجی لابردنی ڕۆڵ و پێگەی ئەوانە لە کۆمەڵگادا و دەبێت یەکگرتووبن.

 

"پێویستە گفتوگۆکانمان باشتر بکەین"

ڕەمزیە محەمەد ڕایگەیاند، خەباتی دژ بە توندوتیژی بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" بەردەوامە و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: دەنگی فەلسەفەی 'ژن ژیان ئازادی' بۆ هەموو ژنانی جیهان بڵاوبووەتەوە، لە ڕۆژهەڵاتدا ژنان بەم فەلسەفەیە دژی دەسەڵاتی پاوانخواز وەستانەوە، فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' بوو بە مەشخەڵێک کە ڕێگای ئازادی ژن لە هەموو شوێنێک ڕووناک دەکاتەوە، دەبێت خەباتی هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا یەکگرتوو بێت، بە یەکڕیزی ژنان لە دژی سیاسەتی پاوانخوازانە، بەهێزتر دەبین، پێویستە ئێمە دەستمان بخەینە ناو دەستی ژنانی سووریا، میسر، تونس، یەمەن، مەغریب، سعودیە و وڵاتانی دیکە، یەکبگرین و گفتوگۆکانمان بەهێزتر بکەین، پێویستە پێکەوە کاربکەین بۆ کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی ژنان، بۆ بونیادنانی ژیانێکی ئازاد کە دادپەروەری تێیدا حوکمڕانی بکات.

"ژن دەبێت تێکۆشان بکات"

 خەدیجە ڕیازی، داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە مەغریب باسی لەوەکرد کە ژنان خەبات بۆ ئازادی خۆیان دەکەن، پێویستە ژنان هەموو ڕۆژێک دژی عەقڵیەتی پیاوان و هەموو جۆرە هەڵاواردنێک تێبکۆشین، ژنان میدیا و سەندیکا و ڕێکخراو و دامەزراوەی تایبەت بە خۆیان دامەزراندووە و وتیشی: ژنان ڕۆڵی خۆیان لە سینەما و ڕۆمان و هۆنراوەو شانۆگەریدا دەگێڕن لە پێناو گەیشتن بە مافەکانیان، لە ماوەی هەموو ئەمانەشدا ژنان لە هەمان کاتدا ڕێکخستن و بزووتنەوە و  چاپەمەنی خۆیان بونیاد ناوە، ئەو ژنانەی هۆشیارییان بۆ پرسی خۆیان خوڵقاند، چوونە ناو خەباتی فیکری لە کۆمەڵگەدا، ژنان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان لە تاقیکردنەوەی گەورەدا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە لە ڕێکخستن و بونیادنانی تۆڕەکاندا، تۆڕی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییان دامەزراندووە، کە بە سەرکەوتوویی کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبووە، بەم شێوەیە ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی سەبارەت بە مافەکانی ژنان واژۆ کرا.

 

خەدیجە ڕیازی، ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕۆڵی ژنان لە بونیادنانی ئاشتیدا قبوڵکراوە هەروەها وتی: ئەو ژنانەی لە وڵاتانی دیکەدا دەژین سوودی گرنگیان بە گەشەپێدانی وڵات بەخشیوە، لەلایەکی دیکەشەوە سەبارەت بە خەباتی ژنان دژی توندوتیژی، ئێمە لە پاڵپشتی ئەو ژنانەداین لە وڵاتە جیاوازەکانن و سوودمان لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان وەرگرتووە، بە شەڕی ڕابردووی وڵاتیشەوە، هەموو ئەو سەختییانەی کە ژنان تووشی بوون، پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنانی کردووە بە ئەرکێکی قورس.

 

"مرۆڤایەتی بەبێ ژن ئاشتی بەدەست ناهێنێت"

 خەدیجە ڕیازی ئاگاداری دا کە هەژموونی سیستمی پیاوانە لە هەموو کۆمەڵگاکان لەسەر ئاستە جیاجیاکان بەردەوامە و لە کۆتاییشدا  وتی: بۆ ئەوەی ژنان بەشداری لە پرۆسەی بڕیاردان بکەن، لە دروستکردنی ئەو سیاسەتانەی کە یەکسانی و خۆشگوزەرانی تەواو   بەدیدەهێنن، بەربەست هەیە، لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ئەو بارودۆخە سیاسییەی کە بەرەو خراپی چووە، بەتایبەتی لە شەڕە چەکدارییەکان و داگیرکارییەکان و لەو وڵاتانەی کە شەڕی تێدایە، جەستەی ژنان دەچەوسێتەوە، ژنان ئامانجی سەرەکی دەسەڵاتە ستەمکارەکانن، هەموو ئەمانە بەربەستن لە بەرامبەر خەباتی ژنان. بۆ نموونە ژنانی فەلەستینی کە لە ژێر داگیرکاری ئیسرائیلدا دەژین، لە خۆڕاگری خۆیاندا ئیرادە نیشان دەدەن و خەباتێکی گرنگ و گەورە دەکەن، هەموو دەستکەوتەکان لە سایەی ڕۆڵی ژنان لە پاراستنی کۆمەڵگا و ڕێکخستندا بوون، لە ئەمریکای لاتین ژنانی ڕەسەن هەن کە دژی سیاسەتی جینۆساید دەجەنگن، لە ئەفریقا ژنان لە دژی زوڵم و ستەم دەوەستنەوە و بەردەوامن لە خەبات بۆ ڕزگاری وڵاتەکانیان، سەرەڕای ساڵانی درێژخایەنی خەبات، پەیامێک هەیە کە ژنان دەیانەوێت بیبەخشن بەم کۆمەڵگەیە، ئەوان دەڵێن؛ مرۆڤایەتی بەبێ ژن ناتوانێت بگاتە ئاشتی.

:ژنان تێدەکۆشن"

هه ڕوه ها ئەحلام ناسر، چالاکوانی مافی ژنان لە سودان وتی: ژنان ساڵانێکه له کیشوەرە جیاوازەکانی جیهان، له وڵاتەکانیان، له جوگرافیا جیاوازەکاندا له پێناو ئاشتی و ئازادی و خۆشگوزەرانیدا تێکۆشان دەکەن، جیهان و نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر لە کۆنەوە باسی ئاشتی و دیموکراسی و شەڕ دەکەن، ئەو یاسا نێودەوڵەتییەی کە باس لە ئاشتی، دیموکراسی، شەڕ دەکات، دەست دەکات بە قسەکردن لەسەر مافی یەکسانی بۆ هەموو مرۆڤایەتی، سەبارەت بە مافە سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان هەندێک وڵات ئەم ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەیان واژۆ کردووە، بەڵام ئەوانەی کە زۆرترین زیانی شەڕەکانیان لەسەرە ژنانن، یاساکان لەم بارەیەوە جێبەجێ نەکراون.  

 

ئەحلام ناسر ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی ژنان کاریگەرترن، سیاسەتێکی سیستماتیک لە دژی ژنان هەیە و بانگەوازی کرد و وتی: ئەو سیاسەت و پلانانەی کە ژنان بە ئامانج دەگرن، ئاستەنگ لەبەرامبەر گەشەپێدانیان دروست دەکات، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ژنان لە پێناو مافەکانی خۆیان، بۆ ژیانێکی ئازاد و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی خەبات دەکەن، ئێمە وەک ئەو ژنان لە شەڕدا دەژین، هەوڵ و تۆڕ و هاوپەیمانیمان زۆرە، چالاکییە هەماهەنگییەکان بۆ ئێمە زۆر گرنگن، پشتیوانی نێودەوڵەتی و ناوچەیی لە بزووتنەوەکەدا بە گشتی کاریگەری لەسەر ژنان هەیە، دەتوانین هاوکاری یەکتر بکەین، ژنان بەهێزتر دەبن و خۆیان ڕێکدەخەن و ئێمەش خەباتمان زیاتر دەکەین.