کەرتی تەندروستی غەززە لە لێواری داڕماندایە

سەرەڕای هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگربەست، بەهۆی بەردەوامبوونی هێرشی وشکانی و دەریایی و ئاسمانی و گەمارۆکان، بارودۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە قۆناغێکی مەترسیداری گرتووەتەبەر.

ناوەندی هەواڵ

 

لەژێر گەمارۆ و ئاوارەبووندا، غەزەییەکان ٤١ ڕۆژە لەژێر بۆردومان و هێرشی بەردەوامدان، هیچ هیوایەکیش نییە بۆ ئاگربەستێکی نزیک.

 

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی ١٥ی تشرینی دووەم، دوای ئەنجامدانی هێرش و تەقاندنەوەی ژێرزەمینی باڵەخانەی نەشتەرگەری و دامەزراوە گرنگەکانی نەخۆشخانەی شیفا، لە نەخۆشخانەکە کشایەوە.

 

کاربەدەستێکی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، چەک و ژێرخانی حەماسیان دۆزیوەتەوە لەکاتی هێرشێکی بەردەوامدا بۆ سەر ناوچەیەکی دیاریکراو لەناو نەخۆشخانەکەدا، لە کاتێکدا حەماس ئەوەی ڕەتکردەوە کە چەک لە نەخۆشخانەکەدا هەبووە و جەختی لەوە کردەوە، ئەو چەکانە درۆ و پڕوپاگەندەیە کە لە ڕێگەیەوە ئیسرائیل هەوڵدەدات پاساوی وێرانکردنی کەرتی تەندروستی غەززە بدات.

 

ئۆرشەلیمیش شایەتی هێرشەکانە

سوپای ئیسرائیل بە تەواوی لە شاری توڵکەرەم کشایەوە دوای ئۆپەراسیۆنێکی ١٦ کاتژمێری کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٧ کەس و برینداربوونی ١٢ کەس، هەروەها بەشە جۆراوجۆرەکانی کەناری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم شایەتی هێرشن بۆ سەر گوند و شارۆچکەکان، لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوە و دەستگیرکردن و تەقەکردن و گازی فرمێسکڕژێ بۆ سەر خەڵکی مەدەنی.

 

ڕێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک ژن و منداڵ هەیە

سەبارەت بە ئاستی سیاسی، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانە تایبەتەکان کە قەتەر بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بە نێوەندگیرییەوە ئەنجامی داوە، ڕایگەیاند، ڕێککەوتنێک لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا گەیشتووە بۆ ئازادکردنی نزیکەی ٥٠ زیندانی مەدەنی لە بەرامبەر ئاگربەستێکی سێ ڕۆژی و ئازادکردنی ژمارەیەک ژن و منداڵ لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا، جگە لەوەی ڕێگە بە ئیسرائیل دەدات یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە زیاد بکات.

 

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، حەماس ڕازی بووە بە وردەکارییەکانی ڕێککەوتنەکە و ئیسرائیل ڕازی نەبووە چونکە خواستەکانی بۆ ئازادکردنی ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییەکان جێبەجێ ناکات و دانوستانەکان هێشتا بەردەوامن بەبێ ڕەزامەندی هیچ لایەنێک.

 

مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەیە

وتەبێژی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە ڕایگەیاند، غەززە ئاوی پیسی تێدایە بەهۆی ڕاگرتنی وێستگەکانیەوە کە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان، ئەمەش ئاماژە بە کارەساتێکی مرۆیی دەکات کە کەرتی غەززە ڕووبەڕووی دەبێتەوە و نزیکەی ٧٠%ی دانیشتووانی غەززە ناتوانن ئاوی خاوێن بەدەست بهێنن، یەکەم ئۆتۆمبێلی سوتەمەنی ڕۆژی چوارشەممە لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفەحەوە چووە ناو غەززەوە و ئەمەش بەس نییە بۆ ٪٩ی پێداویستییە سەرەتاییەکان.

 

نوسینگەی حکومەتی غەززە ڕایگەیاند، ژمارەی گیان لەدەستدان لە کەرتی غەززە بەرزبووەتەوە بۆ ١١ هەزار و ٥٠٠ کەس لەناویاندا چوار هەزارو ٧١٠  منداڵ و زیاتر لە ٩ هەزار کەسی دیکە برینداربوون، کە زیاتر لە ٧٠٪یان ژن و منداڵن، ژمارەی بێسەروشوێنبووان گەیشتە سێ هەزارو ٦٤٠ کەس، لەناویاندا هەزارو ٧٧٠ منداڵ کە هێشتا لەژێر وێرانەکاندان، ٢٥  نەخۆشخانە و ٥٢ ناوەندی تەندروستی لە خزمەتگوزاری وەستاون دوای ئەوەی چەندین جار بنکە تەندروستییەکان کرداونەتە ئامانج.