لەماوەی هەفتەیەکدا ١٢٠ دۆلفین بە مردوویی دۆزراونەتەوە

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ١٢٠ دۆلفین لە لقێکی ڕووباری ئەمازۆن بە مردوویی دۆزراونەتەوە، ژینگە دۆستان نیگەرانی خۆیان بۆ ئەو بارودۆخەی بەسەر دۆلفینەکانی ئەو ناوچەیەدا دێت دەربڕیوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ١٢٠ دۆلفین لە لقێکی ڕووباری ئەمازۆن بە مردوویی دۆزراونەتەوە، توێژەران پێیانوایە دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەکان لە ماوەی ئەو وشکەساڵییە توندەدا بووە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ئاو بۆ ئاستێک کە دۆلفینەکان بەرگەی ناگرن.

 

لەکاتێکدا زانایان بە تەواوی دڵنیا نین لەوەی وشکەساڵی و گەرما هۆکاری بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی مردنی دۆلفینەکان بێت، لە هەمان کاتدا گومان دەکەن کە هۆکارێکی تری لە پشتەوە بێت وەک هەوکردنی بەکتریا.

 

لای خۆیانەوە چالاکوانانی ژینگەپارێزی ئەم بارودۆخە نائاساییانەیان خستە ئەستۆی گۆڕانی کەشوهەوا، ئەمەش وایکردووە وشکەساڵی و شەپۆلی گەرما زۆرتر و چڕتر بێت و ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای ئاوەکان.

 

میریام مارمۆنتێل، توێژەر لە پەیمانگای ژینگەی مامیراوا ئامارەکانی مردنی دۆلفینەکانی ئاشکرا کردو وتی: لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ١٢٠ دۆلفینمان بە مردوویی دۆزیوەتەوە، لە هەر ١٠ دۆلفینێک نزیکەی ٨ دۆلفینی پەمەییە، کە لە بەرازیل پێیان دەوترێت پۆتۆ، مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.