ژنان لە ئیستەنبوڵ دژی شەڕ و کۆمەڵکوژی و جینۆساید ڕێپێوانیان کرد

ژنانی چالاکوانی مافی مرۆڤ و ژنان و ئازادیخواز بە ڕێپێوانێک ناڕەزایەتیان بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستین دەربڕی و ڕایانگەیاند، "ئێمە ئەو دوو ڕووییە قبوڵ ناکەین، کە شەڕی فەلەستین نەرێ و شەڕی ڕۆژئاوا و قەرەباخ ئەرێ دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

لەسەر بانگەوازی "ژنان پێکەوە بەهێزن"، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستین بۆ کونسوڵخانەی گشتی ئیسرائیل لە بێشیکتاشی شاری ئەستەنبوڵ ڕێپێوانیان کرد و بە بەرزکردنەوەی دروشمی "لە ڕووبارەوە بۆ دەریا، ژنانی ئازاد پێکەوە پشتیوانی لە گەلی فەلەستین دەکەین"، "ئازادی بۆ گەلی جیهان، لە ڕۆژئاوا تا فەلەستین"، "گەلی ڕۆژئاوا تەنیا نین"، "ژنانی فەلەستینی تەنیا نین"، "یەکگرتنی ژنان سنوورەکان دەبڕێت"، "هەزار سڵاو لەو ژنانەی بەرەنگاری کۆمەڵکوژی دەبنەوە"، "ژنان لەگەڵ فەلەستین و دژی کۆمەڵکوژییەکانن"، "ژن، ژیان، ئازادی" و چەندین دروشمی دیکەیان بەرز کردەوە.

 

دوای ڕێپێوانەکە، سێلین تۆپ لە بەردەم کونسوڵخانەی ئیسرائیل بە نوێنەرایەتی ژنان بەیاننامەیەکی خوێندەوە و ڕایگەیاند، "ئیسرائیل لە ماوەی ١٢ ڕۆژی ڕابردوودا هێرشی کردووەتە سەر غەززە و هەزاران کەس کوژراون، لە ماوەی هێرشەکاندا ژنانی دووگیان چاوەڕێی ئەوەن ملیۆنێک منداڵ لەدایک ببێت، ئەو ڕێگایانەی کە بۆ چۆڵکردنی ناوچەکان بەکارهێنراون لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردومانکراون و سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی نەخۆشخانەی ئەلمەعمەدانی لە غەززە کرد و بەهۆیە ٤٧١ کەس گیانیان لەدەستدا.

 

"ناتوانین دووڕوویی قبوڵ بکەین"

سێلین تۆپ وتی: ئێمە لە ڕۆژئاوا باشتر دەزانین کە دەوڵەت نەخۆشخانە و قوتابخانەکان بۆردوومان دەکات و لەبری ئەوەی ئیدانە بکەن، چەپڵەی بۆ لێدەدەن، ئەو فەلەستینی و کوردانەی کە لە نەخۆشخانە بەهۆی بۆردوومانەوە گیانیان لەدەستداوە، قوربانین، ئەوانەی دەڵێن لەگەڵ گەل و دژی داگیرکاری وەستاوین، دووڕوون،  تەنها دوێنێ لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە (تورکیا) ڕەشنووسی یاسای شەڕی دەرەوەی سنوورەکانیان دەرکرد، بۆ ئەوەی گەلانی دیکە بۆردوومان بکرێن و بکوژرێن و داگیر بکرێن، ئێمە بەرگەی ئەم دووڕووییە ناگرین کە لە فەلەستین دەڵێ نا بۆ شەڕ، بەڵکو لە ڕۆژئاوا و قەرەباخ دەڵێ بەڵێ.

 

"ئێمە لەگەڵ گەلی فەلەستین و ژنانی فەلەستینیین"

سێلین تۆپ ئاماژەی بەوەشکرد، دەوڵەتەکان لە ڕۆژئاواوە تا قەرەباخ و فەلەستین گرنگی بە ژیانی ژنان نادەن، لە هەمان کاتدا جەستەی ژنان بۆ سیاسەتی جەنگی خۆیان بەکاردەهێنن، لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دەڵێت: "ئەمڕۆ زیاتر لە نیوەی ئەو کەسانەی لە غەززە کوژراون منداڵ و ژنن، ئێمە وەک ژن لێرەین بۆ پشتیوانی لە گەلی فەلەستین، پێویستە دەوڵەتی تورکیا دەستبەجێ پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنێت، پێویستە گەمارۆی سەر غەززە هەڵبگیرێت و پێداویستییە بەپەلەییەکان بگەیەنرێت.