دۆسیەکانی تایبەت بە تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا پێشکەش بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کران
عەبدولکەریم عومەر، نوێنەری خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ئەوروپا ڕایگەیاند، دۆسیەکانیان سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە پێشکەش بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە.
ناوەندی هەواڵ
عەبدولکەریم عومەر، نوێنەری خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ئەوروپا ڕایگەیاند، دۆسیەکانیان سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە و بەئامانجکردنی خەڵکی مەدەنی و تاوانەکانی دیکە پێشکەش بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە.
عەبدولکەریم عومەر ئاژانسی هەوڵی "ئانها"ی لەو بارەیەوە ئاگادارکردۆتەوە و ڕایگەیاندووە کە بەڵگەنامە و زانیارییان لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاو چەتەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و کۆمەڵکوژییەکان دژی خەڵکی مەدەنی و بەئامانجکردنی ژێرخان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و سەرجەم بەڵگەنامەکانیان کۆکردۆتەوە وەک دۆسیەیەک ئامادە کراون، پێشکەش بە پەرلەمانی ئەوروپا و دامەزراوەکانی تری یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان "UN" و وەزارەتەکانی دەرەوەی ئەوروپا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژانە دۆسییەکان پێشکەشی هەموو ئەو دامەزراوانە دەکەن، بەتایبەتی هێرشەکانی داگیرکەران بۆ سەر بەنداوی تشرین و کردنە ئامانجی خەڵکی مەدەنی.
عەبدولکەریم عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوون بۆ دۆسیەکان دەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی جددی نەگیراوە و بێدەنگی هەیە، ئەم بێدەنگییە دەبێتە هۆی ئەنجامدانی تاوانی زیاتر.