سی پی جەی: دەبێت لە بەرپرسیارانی ئەم ڕووداوە لێپرسینەوە بکرێت

لیژنەی داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسان-سی پی جەی بە جەختکردنەوە لەوەی کە وشەی "پرێس" لەسەر ئۆتۆمبێلی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەئامانجگیران نووسراوە، داوای لێپرسینە لە "بەرپرسانی ئەم ڕووداوەی" کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان-سی پی جەی، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە لایەن بەڕێوەبەری لیژنەی پاراستن و زانیاری لە نیویۆرک نووسراوە، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، هاتووە: ڕۆژنامەنووسان خەڵکی مەدەنین و پێویستە پارێزراو بن. داوا لە بەرپرسانی بەرگری دەوڵەتی تورکیا دەکەین کە لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە لەبارەی ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین، کە لە سووریا کرانە ئامانج و ئەو کەسانە بکرێت کە بەرپرسیارن لەم کارە.

 

لەم ڕاگەیەندراوەدا وردەکارییەکانی سەبارەت بەو ڕۆژنامەنووسانەی بەئامانج گیراون، هەروەها هێرشەکەی دژیان خستووەتەڕوو، بەپێی ئەو زانیارییەش، لە میانی پەیوەندییەکانی سی پی جەی لەگەڵ ئاکرا بەرکات، بەڕێوەبەری ئاژانسی هاوار نیوز (ANHA)، بەڕێوەبەری ئەم دەزگایە ڕایگەیاندووە، کە ئۆتۆمبێلی ئە، ڕۆژنامەنووسانە لە کاتێکدا وشەی "پرێس" لەسەر ئۆتۆمبێلەکەیاندا نووسرابوو، کراوەتە ئامانج.

 

لە ڕاگەیەندراوی ئەم ڕێکخراوەدا لە زاری ئاکرا بەرکاتەوە هاتووە: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ناوچەکەمان بێدەنگن. پێویستە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی جیهانی دەستبەجێ هەنگاو بنێن بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان دژی ڕۆژنامەنووسان. بێدەنگی مەترسی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی ناوچەکە زیاد دەکات.

 

لیژنەی داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، سەرەڕای ناردنی نامەیەک بۆ ناونیشانی ئیمەیڵی فەرمی نوێنەرایەتی هەمیشەیی تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و داواکاری ڕوونکردنەوە سەبارەت بەم هێرشە، هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە و تا ئێستا نەیانتوانیوە ڕێگایەک بدۆزنەوە بۆ پەیوەندیکردن بە وەزارەتی بەرگری تورکیاوە.

 

ڕۆژی ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، ڕۆژنامەنووسان جیهان بیگین و نازم داشتان، لەکاتی بەجێهێنانی ئەرکی ڕۆژنامەوانی خۆیان، کاتژمێر ١٥:٢٠ لە ڕێگەی نێوان بەنداوی تشرین و شاری سیرین لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەر بە دەوڵەتی تورکیاوە کرانە ئامانج. لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا هەردوو ڕۆژنامەنووسەکە گیانیان بەختکرد و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەش بریندار بوو.