"هەر دڵۆپێک خوێنی ئەو ژنانە دەبێتە برینێکی لەبیرنەکراو لەسەر جەستەی ڕژێمی سەرکوتگەر"
١٨ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی و نێودەوڵەتی لە ڕاگەیاندراوێکدا وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو سێدارانەی کە ڕژێمی ئیسلامی "بە ئامانجی دروستکردنی ترس بەڕێوەی دەبات"، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی بوون.
ناوەندی هەواڵ
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و ١٧ ڕێکخراوی دیکەی مافی مرۆڤ کە ڕێکخراوەکانی ئێرانی و نێودەوڵەتی لەخۆدەگرن، لە ڕاگەیاندراوێکدا باسیان لەوەکرد، لە دوای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" بە ئامانجی دروستکردنی ترس "شەپۆلی نوێی لەسێدارەدان" بەڕێوەدەچێت، بۆیە داوای دەستبەجێ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزییان کرد.
لە ڕاگەیاندراوی هاوبەشی ئەو ڕێکخراوانەی مافی مرۆڤدا، وێڕای ئاماژە بە سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی "بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە و بە تۆمەتی نادادپەروەرانە و هەڵبەستراو"، باس لەوە کراوە کە "ئەمجارە، سەرکوتکردنی ژنان و گەلی کوردە، دوو قۆڵی گرنگ و بەهێزی تێکۆشان، لە ناوەندی سەرنجی ئەم سیستەمە سەرکوتکەرەدا جێیان گرتووە".
دەقی تەواوی ئەم نامەکە بەم شێوەیە:
بەناوی ژیانەوە، بەناوی مرۆڤایەتییەوە، بە ناوی جوانییەوە
ئەم قسانە سەرەتای نامەیەکن کە وریشە مورادی، زیندانی سیاسی و یەکێک لە هەزاران ژنە تێکۆشەرە کوردەکانی زیندانی ئێڤین نووسیویەتی. وشەگەلێک کە جارێکی تر دەنگی ئەو ژنانە بیردەخاتەوە کە ئازایانە و لە دژی سیستەمی ستەمکارانە دەوەستنەوە، لە ئێران و کوردستاندا گیانی خۆیان دەبەخشن. ئەم لێدوانە دەنگی ئەوانە و وەڵامێکە بۆ بانگەوازەکەیان.
دوای دەستپێکی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕژێمی ئیسلامی جارێکی دیکە شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدانی بە ئامانجی دروستکردنی تیرۆر دەستپێکردووە. ئەمجارە چەوساندنەوەی ژنان و گەلی کورد، دوو قۆڵی گرنگ و بەهێزی تێکۆشان، لە ناوەندی سەرنجی ئەم سیستەمە سەرکوتکارە دایە، لەم سەردەمە نوێیەدا، ژن و پیاوی ئازا وەک وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە و بە تۆمەتی نادادپەروەرانە و هەڵبەستراو سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.
ئەمڕۆ وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، دوو ژنی کوردن کە ساڵانێکە نوێنەرایەتی تێکۆشان دژ بە ستەم و چەوساندنەوەی سیستماتیکی ڕژێمی ئیسلامی دەکەن، مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە. ئێمەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو سیستەمەی کە ژن تەنیا وەک ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی پیاوسالاری دەخوازێت و ژنانێک کە بۆ ئەم سیستەمە کڕنۆش نابەن بە هەڕەشەیەکی گەورە دەزانێت، کۆمەڵگەی ئێران و هەموو ئازادیخوازان، گرنگیی تێکۆشان بۆ وەستاندنی ئەم لەسێدارەدانانە بەبیر دەهێنینەوە.
بیرتان دەخەینەوە کە ڕژێمی ئیسلامی هەرگیز بە قوربانیکردنی کۆمەڵگەی شۆرشگێڕی ئێران و کوردستان ناتوانێت هاوسەنگی لە قەیرانی سیاسیی دەرەوەی وڵاتەکەیدا دروست بکات. وەک وریشە مورادی، لە نامەیەکدا لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین، باسی لە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆخی ناوخۆی ئێران کردووە و نووسیویەتی: ئاگری شەڕ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە و نابێت ڕێگە بە ئەوە بدەین کە هاوکات لەگەڵ شەڕەکانی سنوور بەزاندن کۆمەڵکوژییەکانی ساڵانی شەستەکان دووبارە بکرێنەوە".
ئەم ڕستەیە هۆشدارییەکی مێژووییە سەبارەت بە گرێدانی قەیرانەکانی ناوچەیی بە سەرکوتی ناوخۆییەوە و ڕەهەندە ئاڵۆز و کارەساتبارەکانی دۆخی ئێستای ئێران ڕوون دەکاتەوە، کە لە یەک کاتدا سیاسەتی سەرکوتی ناوخۆیی و شەڕخوازانە بۆ پاراستنی دەسەڵات و درێژەدان بە هەژموونی ڕژێمی ئێران جێبەجێ دەکرێت.
پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکان و دانپێدانانی زۆرەملێ
لە دۆسیەی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزیدا، وەک زۆرێک لە زیندانیانی سیاسی دیکە، چەندین جار مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە پێشێل کراوە. ئەم ژنە شۆڕشگێڕانە نەک هەر مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەریان لێ زەوت کراوە، بەڵکو بەهۆی دانپێدانانی زۆرەملی تووشی فشاری توند و ئەشکەنجەی نامرۆڤانە بوونەوە. ئێمەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەڵوێستی خۆمان لە دژی ئەم پڕۆسە نامرۆڤانەیە ڕادەگەیەنین و هەموو هێزی خۆمان بۆ ئەگەری سکاڵاکردن لەسەر ئەم دوو ژنە تێکۆشەرە بەکار دەهێنین.
پێویستی کردارێکی جیهانی و هاوپشتی گشتی
ئەمڕۆ دەنگی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی تەنیا لە کوردستان و ئێراندا سنووردار نییە. ئەم دوو ژنە ڕەمزی بەرخۆدان و تێکۆشانی مێژوویی ژنانن، ئەو ژنانەی کە سەرەڕای هەموو هەڕەشە و مەترسییەکان، دەستبەردار نابن و تێکۆشان بۆ مافی ژیان و ئازادی دەکەن. بانگەوازەکەیان بۆ ڕای گشتی جیهان بانگەوازێکە بۆ هاودەنگی لەگەڵ هەموو ئەو ژنانەی کە لەژێر چەتری ستەم و هەڵاواردندان.
ئێمە وەک ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و خەڵک داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و سەرجەم زیندانیانی سیاسی دەکەین. ئەم ژنانە، بە ئیرادە و بوێری خۆیان، لاپەڕەیەکی نوێی تێکۆشانی ئازادی و یەکسانییان دیاری کردووە و بێ گومان ئەم لەسێدارەدانانە لێکەوتەی قورسی بۆ ڕژێمی ئیسلامی ئێران دەبێت. هەر دڵۆپێک خوێنی ئەو ژنانە دەبێتە برینێکی لەبیرنەکراو لەسەر جەستەی سەرکوتگەری ڕژێم و پاڵنەرێکی نوێ بۆ کۆمەڵگەی شۆڕشگێڕی ئێران.