دوای ٢٦ ساڵ جارێکی دیکە سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا  ئەنجامدرا

ئەمڕۆ سەرژمێری گشتی لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد و هاوڵاتیانی ناوچە جێناکۆکەکانیش بە جۆشەوە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان تا لە سەرژمێریدا ناویان تۆمار بکەن.

سلێمانی

 

لە کاتژمێر ٨:٠٠ سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، لە عێراق و هەرێمی کوردستان، پڕۆسەی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دەستی پێکرد، کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری هەر پارێزگایەک ئەرکی ئەنجامدانی سەرژمێرییان لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی تشرینی دووەمدا لەسەر شانە.

 

پڕۆسەی سەرژمێری کۆتا جار لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٧دا ئەنجامدرا، هەرچەندە بڕیاربوو لە ساڵی ٢٠١٣دا سەرژمێری گستی ئەنجام بدرێت، بەڵام بە چەندین هۆکاری سیاسیی دواخرا، لە ئایاری ساڵی ٢٠٢٤دا سەرژمێری ئەزموونی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا دەستی پێکرد، لە ٢٠ و ٢١ی تشرینی دووەمدا هۆشداری دراوەتە هاوڵاتیان تا پابەندی ڕێکارەکانی سەرژمێری بن و قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندرا و هاوڵاتیانی کوردستانیش بە گەرمی پێشوازی لە پڕۆسەی سەرژمێری و کارمەندانی بژمێر دەکەن، ئەو هاوڵاتیانەی لە بنەڕەتدا هاوڵاتی ناوچە جێناکۆکەکانی وەک شاری کەرکوک و خورماتوو و ناوچەکانی دیکەن لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و ناویان تۆمار دەکەن.

 

"کۆتا قۆناغی پرۆسەی سەرژمێری لە کانوونی یەکەمدا دەبێت"

ئاوارە کەمال، سەرپەرشتیاری تەکنیکی ئایتی پارێزگای سلێمانی لە پڕۆسەی سەرژمێری، باس لەوەدەکات، ماوەی چەندین ڕۆژە دەستیان بە دابەشکردنی تابلێتەکان بەسەر توێژەرەکاندا کردووە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری لە شاری سلێمانیدا، دەشڵێت: پێشوتر فۆڕمی گەمارۆسازی لە لایەن هاوڵاتیانەوە پڕکراوەتەوە، لە ١٦ی مانگی تشرینی دووەم یەکەم قۆناغی سەرژمێری دەستی پێکردووە، لە کاتژمێری ١٢:٠٠ی شەی ٢٠ی تشرینی دووەم تا کاتژمێر ١٢:٠٠ی شەوی ٢١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ قۆناغی دووەمی سەرژمێری تەواو دەبێت، بەڵام لە ٢٧ی تشرینی دووەمەوە دەست بە قۆناغی سێهەمی سەرژمێریەکە بە چەندین شێواز و ڕێکاری دیکە دەکرێتەوە، کۆتا سەرژمێری و تەواوی ڕێکارەکان لە ١٠ی کانوونی تەواوی سەرژمێریەکان کۆتایان پێدێت.

 

"هاوڵاتیان لە کاتی سەرژمێریدا بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازی لە بژمێرەکان دەکەن"

کوردستان حەمەڕەحیم فەتحوڵا، کارمەندی بژمێر لە بەڕێوەبەرایەتی ئاماری شاری سلێمانی، وتی: بە ماڵەکانی شاری سلێمانیدا دەگەڕێین بۆ دەستکەوتنی داتا و سەرژمێری کردنی هاوڵاتیان، هاوڵاتیان بە جۆشوخرۆشی زۆرەوە بەشداری پڕۆسەکە دەکەن، لە مانگی ئەیلوولدا پڕۆسەکەمان ئەنجامدا بە چەندین پرسیار لە هاوڵاتیان دەستمان پێکرد و کۆڵان و شەقامەکانمان دیاری دەکرد، لە ئێستادا هاوڵاتیان سەرژمێر دەکەین، بزانین لە ماڵەکەدا چەند سەرنشین هەیە، هاوڵاتیان تەواو پابەندی ڕێکارەکان دەکەن، تەواوی خێزان لە ماڵەوە ئامادەیان هەبووە.