بەرخۆدانی ڕۆژانەی ژنانی ئەفغانستان تا ناڕەزایەتیی هۆشیارانە

سەرەڕای ئاڵنگاری کۆمەڵگەی پیاوسالاری و حکومەتە بناژۆخوازەکان، ژنانی ئەفغانستان پێشەنگ بوون لە تێکۆشان کردن بۆ مافەکانیان. لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبان و هێنانەکایەی یاسای دژە فێمینیست، هەوڵەکان بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ژنان بەردەوامن و بە ئازایەتی و هۆشیارییەوە بە

بەهاران لاهیب

 

ئەفغانستان- مێژووی ئەفغانستان پڕە لە خەباتی ژنان، لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریدا کە بناژۆخوازان لەگەڵیاندایە، هەر هەنگاوێک و هەر جوڵەیەکی ژنان نیشانەی وەستانەوە و خۆشکردنی ڕێگای سەختە بۆ نەوەی داهاتوو. لەم نێوەندەدا زۆرجار دایکان ڕۆڵی پێشەنگایەتی ئەو خەباتانەیان گرتۆتە ئەستۆ. دەڵێن: ئێمە لە تەمەنی خۆماندا سەختترین بارودۆخمان بەسەر بردووە و ڕێگە نادەین کچەکانمان هەمان چارەنووسی ئێمەیان هەبێت.

 

لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، گەلی ئەفغانستان بەتایبەت ژنان، ڕۆژانە لەژێر فشارە قورسەکانی ژیانی ژێر دەسەڵاتدا، چەقێنراون. بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٤ لەلایەن یەکێک لە ئاژانسەکانی هەواڵی ئەفغانستانەوە بڵاوکراوەتەوە، لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ٧١٥ کەس لەبەردەم خەڵکدا لەلایەن تاڵیبانەوە قامچییان لێدراوە و لەو ژمارەیەش ١٣٠ کەسیان ژن بوون. تەنها لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا ٢٢ ژن لە پارێزگا جیاوازەکاندا بە تۆمەتی ئەخلاقی قمچییان لێدراوە.

 

ڕاپۆرتێکی دیکەی "رێکخراوی تەندروستی جیهانی" باس لەوە دەکات کە ڕۆژانە ٢٤ ژن و ١٦٧ منداڵ لە ئەفغانستان بەهۆی نەگەیشتن بە ناوەندە تەندروستییەکان گیان لەدەست دەدەن. هەروەها به داخستنی ٣١٠ بنکەی تەندروستی له سەردەمی تاڵیبان نزیکەی ٦٠٠ منداڵ و ٢٤٠ ژنی دووگیان بێبه ش بوون له خزمەتگوزاری تەندروستی.

 

دوای ئاشکراکردنی حاڵەتەکانی ئەشکەنجەدان و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان لە زیندانەکانیان، حکومەتی تاڵیبان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ساڵی ٢٠٢٤دا ڕایگەیاند، هەزار ژن و ٩٠٠ منداڵ لە زیندانەکانیاندا هەن. بەڵام ئەم حکومەتە هەرگیز زانیاری لەسەر ئەو ژنانە نادات کە بە هۆکاری سیاسی زیندانی دەکرێن و دەستدرێژی دەکرێنە سەریان.

 

 بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٣ لە کۆی ٩٠ زیندانی سیاسی ژن، ١٦ کەسیان لە پارێزگاکانی فریاب، سامانگان و جەوزجان دەستدرێژییان کراوەتە سەر و بەشێکیان دووگیان بوون و چواریان سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

 

لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا کە لە لایەن یەکێک لە ئاژانسە هەواڵییە ناوخۆییەکانی ئەفغانستانەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ١٣٠ حاڵەتی خۆکوشتنی ژن تۆمار کراوە؛ ٥٢ لەوانە تەنها لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا بوون. ئەم ئامارە تەنها ئەو ژنانە دەگرێتەوە کە خۆکوشتنیان لە میدیاکاندا باسکراوە؛ لە کاتێکدا پێدەچێت ژمارەی ڕاستەقینە زیاتر بێت.

 

بەپێی ڕاپۆرتی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری لە ئەفغانستان (یونامی)، زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە ئەفغانستان ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکانن کە ٪٣٥یان ژنن.

 

سەرەڕای ئەوەی ئەفغانستان لە سەرووی لیستی بەدبەختییەکانەوەیە، بەڵام لە سەردەمی تاڵیباندا ململانێی ژنان توندتر بووە. تاڵیبان، هەموو یاسایەکی دژە فێمینیستی لەوانەش حیجابی زۆرەملی و قەدەغەکردنی ژنان لە خوێندن و کارکردن، ناڕەزایەتی ژنانی بەخۆیەوە بینیوە. لە یەکێک لە دوایین حاڵەتەکاندا تاڵیبان لە یاسایەکدا دەنگی ژنانی بە "عەیبە" ناوبردووە. ئەم لێدوانانە کاردانەوەی بەرفراوانی ژنانی ئەفغانستانی لێکەوتەوە و ماوەیەک لەمەوبەر وەزیری هەمان وەزارەت ڕایگەیاند کە قەدەغەیە ژنێکی دیکەی پێگەیشتوو دەنگی ژنێکی پێگەیشتوو ببیستێت.

 

لە زۆر حاڵەتدا تاڵیبان هەوڵیداوە ئەو ژنە خۆپیشاندەرانە بە ئازاردانی سێکسی و دەستدرێژی بەکۆمەڵ و تۆمارکردنی گرتە ڤیدیۆییەکانیان وەک سەرکوتکردن و بێدەنگکردنی دەنگیان بەکاربهێنێت، بەڵام ژنە ئازاکانی ئەفغانستان ئەو هەڕەشانەیان پشتگوێ خستووە و بە بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانە، ڕووخساری ڕاستەقینەی تاڵیبان ئاشکرایان کردووە.

 

ژنانی ئەفغانی بە دروستکردنی سەندیکای پەروەردەیی نهێنی بەردەوامن لە تێکۆشانیان دژی ژنکوژی تاڵیبان. ئەم کارانە هۆشیاری و ئیرادەی بەهێزی ژنان دەردەخەن، کە سەرەڕای سەرکوتەکان، بەردەوامن لە تێکۆشان بۆ مافەکانیان و بۆ نەوەکانی داهاتوو.