"دەبێت شارەوانی و هاوڵاتیان هەماهەنگ بن لە پاراستنی ژینگەدا"

هەرچەندە شارەوانی تا ڕادەیەک کار دەکات بۆ باشترکردنی ژینگە و دیمەنی شار، بەڵام نەبوونی بودجە و سیستمێک بۆ ڕێکخستنی ژینگە، ژینگەی وەک خۆی هێشتووەتەوە و لێپرسراوێکی پلاندانانیش دەڵێت: دەبێت خەڵک خۆڵەکان لە سەر شەقام فڕێ نەدەن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- دووکەڵی ئۆتۆمبێلەکان و کارگەکان، فڕێدانی مادە پلاستیکییەکان، خۆڵ و خاشاک دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین ئامرازی دیکە هەن بۆ ناشرین بوون و پیسبوونی ژینگە، لەوانە بوونی عەموود و وایەری کارەبایی، بوونی حاویە بۆ کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لەناو شار و کۆڵانەکاندا، کە سەرجەمیان دیمەنی ژینگە ناشرین دەکەن و دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، ڕێکنەخستنی ئەمانەش هۆکارێکی دیکەی ناڕێکی و ناشرینی شەقام و بازاڕ و ناوەندەکانە.

 

"نەبوونی وێستگەی ناوەندی حاویەکانی لە شاردا هێشتووەتەوە"

گۆنا عەبدولقادر، لێپرسراوی پلاندانان و بەدواداچوون لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی، ئاماژەی بەوەکرد بۆ ڕێکخستنی شار کۆمەڵێک پرنسیپ هەیە، سەرۆکایەتی شارەوانیش بۆ ڕێکخستنی شار کاری کردووە و بەردەوامیشە، دەربارەی حاویەکان و ئامادەبوونی ئۆتۆمبێلی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک ڕوونیکردەوە، بەهۆی ئەوەی لە ڕۆژدا قەڕەباڵغیەکی زۆر هەیە بۆیە لە ڕۆژێکدا دوو بۆ سێ جار شار پاکدەکرێتەوە، بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلەکانی کۆکردنەوەی خۆڵ بەردەوام بوونیان نییە، بۆیە هەبوونی حاویەکان گرنگە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا گۆنا عەبدولقادر ڕوونیکردەوە، لە تانجەرۆ پڕۆژەی ڕیسایکلین هەیە بۆ ئەو خۆڵ و خاشاکەی دەچێتە ئەوێ، لە ٪١٥ بۆ ٢٠ خۆڵ و خاشاکەکان دەمێنێتەوە و ئەوەی دیکەی چارەسەر دەکرێت، وتی: لە وڵاتانی دیکە وێستگەی ناوەندی هەیە بۆ کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، بۆ ئەوەی لە یەک شوێندا کۆنەبێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو شێوازی هەڵگرتنی خۆڵە نییە لە کوردستان، بۆیە حاویەکان کاریان پێدەکرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە دەکەوێتە سەر هاوڵاتیان تا چەند خۆڵەکە بخەنە ناوی نەک دەوروبەری.

 

"شارەوانی لە هەوڵدایە بۆ ڕێکخستنی شار"

دەربارەی ئەو ڕیکلامانەی لەناو شار و کۆڵانەکانی شاردا هەن گۆنا عەبدولقادر ڕوونیکردەوە، هەر کەسێک بۆ بەرژەوەندی خۆی ڕیکلام لەبەردەم دوکانەکەی یاخود بلوارەکانی شاردا دادەنێت، بۆ ئەمەش شارەوانی لە ڕێگەی بەشی لادانی زیادەڕەوی هەڵمەتی هەیە بۆ لابردنی ئەو ڕیکلامانە، جگە لەوەش لە ئێستادا تا ئاستێک هاوڵاتیان هۆشیارن و خودی خۆیان کەمتر سەرپێچی دەکەن.

 

گۆنا عەبدولقادر ئاماژەی بەوەشدا، جگە لەوەش شارەوانی هەمیشە هەوڵی سەوزکردنی شار دەدات و پڕۆژەی لە بری سەوزکردنیان هەیە، هەر پڕۆژەیەک لە پڕۆژەکەیدا سەوزکردنی ئەنجام نەدابێت دەبێت لە پڕۆژەکانی دیکەی شاردا کاری سەوزکردن ئەنجام بدات، دەشڵێت: شارەوانی کار دەکات بۆ پاکردنەوە و سەوزکردنی شار، ئەوەی دەمێنێتەوە هاوڵاتیانن و پارێزگاری لە پاکوخاوێنی و سەوزکردنی ماڵ و دەوروبەریان بکەن، چونکە هاوڵاتیان بەرکەوتنی بەردەوامیان هەیە، ئەگەر تاک هۆشیار نەبێت شارەوانی بە تەنها ناتوانێت کار بکات.

 

"نەبوونی بودجە و قەیرانی دارایی کار و چالاکی شارەوانی کەمکردووەتەوە"

دەربارەی بوونی ئەو عەمود و وایەری کارەباییانەی هەن و دیمەنی شاریان ناشرین کردووە، گۆنا عەبدولقادر ڕوونیکردەوە، کێشەی ئەو عەمود و وایەرانە بە تەنها کێشەی شارەوانی نییە، بەڵکو وەزارەتی کارەباش بەرپرسیارە لێی، بۆیە هەوڵدراوە لە پڕۆژە تازەکاندا بە پێی ئەو بودجەیەی لەبەردەستدایە هێڵی کارەبایی سەرەکی "ڕەئیسی" لە ژێر زەویەوە ڕابکێشرێت، بۆ ئەوەی چیتر عەمود و وایەی کارەبایی نەمێنێت، بەڵام هەبوونی مۆلیدەکان پێویستن بەهۆی خراپی کارەبای نیشتیمانییەوە، شارەوانیش کاری لەسەر ئەوە کردووە، مۆلیدەکان شوێنێکی گونجاویان هەبێت و دووریەکی دیاریکراویان هەبێت لە ماڵەکانەوە.

 

لە کۆتایدا گۆنا عەبدولقادر ئاماژەی بەوەکرد، جگە لەو کێشانەی باسکران نووسین و کێشانی وێنەکانی سەر دیوارەکان دووبارە هۆکارن بۆ ناشرینکردنی دیمەنی شارم بەڵام شارەوانی هەوڵی داوە ڕێگریش لەوانە بکات، دواجار تاک خودی خۆی دەبێت هۆشیار بێت، وتیشی: قەیرانی دارایی کاریگەری زۆری هەیە لەسەر کار و چالاکییەکانی شارەوانی، چونکە شارەوانی تەنها بودجەی لە ٪١٥ی داهات و زەوی فرۆشتنمان هەیە و تا بودجەیەک دابین نەکرێت، ناتوانین کاری باشتر بکەین.