ڕۆژنامەنووسان: سزای ڕۆژنامەنووسان بۆ ترساندنی دەنگی ئازادە

ئازادی ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان بەرتەسک بووەتەوە و ڕۆژنامەنووسان نیگەرانی خۆیان بۆ ئەم دۆخە دەربڕی، ئیدانەی بڕیاری دادگا بە درێژکردنەوەی سزای زیندانی شێروان شێروانی بۆ ٤ ساڵ دەکەن.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە ماڵی سندی لە شاری سلێمانی بۆ ئیدانەکردنی سزادانی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی بۆ ٤ ساڵی دیکە، ١٥٠ ڕۆژنامەنووس و ١٧ دەزگای میدیایی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ناڕەزایەتیان دەربڕی و داوای ئازادکردنی شێروان شیروانیان کرد.

 

لە کۆنگرەکەدا بەیاننامەی ڕۆژنامەنووسان لەلایەن کەمال ڕەئوف، ڕۆژنامەنووس خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، "بەداخەوە ئێمە لە جیاتی ئەوەی لە ١٠٠ ساڵەی لۆزاندا خەم بۆ خاک و نیشتیمان بخۆین، دەبێت خەم لە هاوپیشەیەکی خۆمان بخۆین کە بەهۆی نادادپەروەری یاساوە حکومی بەسەردا سەپێنراوە، ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەرێمی کوردستان ئازادی ڕۆژنامەنووسی بەرتەسک دەکرێتەوە و بە بەرنامە کاری لەسەر دەکرێت، هەربۆیە ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی دادگایی دەکریت بۆ ترساندنی دەنگی ئازاد، بۆیە ئیمە ئیدانەی ئەو سزایە دەکەین کە بەسەریدا سەپێندراوە و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەکەین.

 دواتر هەریەکە لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و سەنتەری میترۆ بەیاننامەیان   خوێندەوە و ئیدانەی ئەو کارەیان کرد کە بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی دەکرێت.

 

"ئەوەی دژی شێروان شێروانی بەڕێوە دەچێت تۆڵەیەکی سیاسییە"

نەجیبە مەحمود، ڕۆژنامەنووس ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی لە دژی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی بەڕێوە دەچێت زیاتر تۆڵەیەکی سیاسییە نەک سزایەکی یاسایی، لە هەرێمی کوردستاندا چەندین ساڵە خەبات بۆ ئازادی ڕادەربڕین دەکرێت، بەڵام بەداخەوە ئێستا زیندانی سیاسی هەیە، ئەمەش ناسەربەخۆیی دادگاکان دەردەخات، وای لێ هاتووە ڕۆژنامەنووسان بە ئاسانی ناتوانن دەست بۆ بابەتە سیاسییەکانن ببەن، دادگایی کردنی ڕۆژنامەنووسانیش بۆ ئەوەیە ئازادی ڕادەربڕین کپ بکرێت و ڕۆژنامەنووسان بترسێنرێن.

 

ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی لە ٢٠ی تەمموزدا سەرەڕای نەبوونی بەڵگەیەکی دروست و بە بێ ئەوەی هیچ سکاڵایەکی لەسەر بێت لە لایەن دادگای هەولێرەوە حکومی ٤ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.