تەرمی منداڵێک بە کوژراوی لە لایەن پۆلیسی ڕاپەڕین دۆزرایەوە

پۆلیسی ڕاپەرین ڕایگەیاند، تەرمی منداڵێکی سووری تەمەن ٨ ساڵ بە کوژراوی دۆزرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بڵاویکردەوە، ڕۆژی ١٥ی تەمموز هاوڵاتییەکی بە ڕەگەز سوری سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ڕاپەڕینی کرد و سکاڵای تۆمار کرد لە دژی کەسێکی نەناسراو کە بە فێڵی شت کڕین منداڵە کوڕە ٨ ساڵانەکەی لە ماڵ بردووەتە دەرەوە، دواتر نەگەڕاوەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێکاری یاسایی گیرایەبەر، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری، تواندرا ناسنامەی تۆمەتبار ئاشکرا بکرێت و تۆمەتبارەکە دۆزرایەوە و دەستگیرکرا، کە لە ڕەگەزی نێرە و تەمەنی ٢١ ساڵە دانیشتووی ڕانیەیە.

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دانیناوە بە تاوانەکەیدا، کە بە فێڵی شت کڕین، منداڵە ٨ ساڵانەکە بردووە بۆ نزیک شاخی هەنجیرە و دواتر کووشتوویەتی.

 

دوای دۆزینەوەی تەرمی منداڵەکە، گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری ڕانیە بۆ پشکنین.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر، بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.