ڕاگرتنی خوێندن بۆ شەش خوێندکاری ئێران نوێکرایەوە

کەناڵی هەواڵی خوێندکارە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە نوێکردنەوەی ڕاگرتنی خوێندنی شەش خوێندکاری زانکۆی عەڵلامە تەباتەبایی بڵاوکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، کەناڵی هەواڵی خوێندکارە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی شەش خوێندکاری ڕاگیراوی ئەم زانکۆیە بە ناوەکانی "زەینەب کیمانفەرد، فاتیمە حەمیدی بەهەشتی، زەهرایاس موعینی، ساغر ڕەحیمی شاد، عەلی ئیسماعیل فەراهانی و عەلیرەزا کازمی موقەدەم" ئاگادارکراونەتەوە کە بڕیاری ڕاگرتنیان لە وەرزی دووەمی خوێندن بۆ نوێکراوەتەوە.

 

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم بڕیارانە لە کاتێکدا دەرچوون کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەو خوێندکارانە نەدراوە دەربارەی هۆکاری بڕیاری ڕاگرتنیان لە خوێندن.

 

هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لیژنەی ڕەوشتی زانکۆ ئەو خوێندکارانەی سزاداوە بەبێ بانگکردنیان و دانیشتن لەگەڵیان بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی کە بەهۆیەوە سزادراون.

 

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، لەو ئاگادارییەی کە پێشکەشی ئەو خوێندکارانە کراوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لە بەرواری ئاگادارکردنەوەکەوە، خوێندکاران ماوەی ١٠ ڕۆژیان هەیە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بڕیارەکان، بەڵام بەهۆی داخستنی زانکۆی عەلامە تەباتەبایی لە سەرەتای مانگی ئاب تا کۆتایی مانگی ئەیلوول، ئەم خوێندکارانە ناتوانن هیچ ناڕەزایەتییەکیان هەبێت بەرامبەر بەو ئاگادارییە نوێیە.

 

لە سەرەتای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، زیاتر لە ٢٠٠ خوێندکاری زانکۆی عەلامە تەباتەبایی بڕیاری قەدەغەکردنی چوونە ناو زانکۆ، هەروەها زیاتر لە ٢٣ خوێندکار بڕیاری ڕاگرتنیان لە خوێندن بۆ دەرچووە.

 

کردنەوەی دۆسیە لە دادستانی ئاسایشی ئەڤین، بێبەشکردنیان لە خوێندن و قەدەغەکردنی سوود وەرگرتنیان لە بەشەناوخۆییەکان، بەشێک بووە لە کارەکانی زانکۆی عەلامە تەباتەبایی لە دژی خوێندکارانی ناڕازی.

 

لەم ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە لە مانگی کانوونی یەکەم ١١ خوێندکاری زانکۆی عەڵلامە تەباتەبایی و لە مانگی شوباتی هەمان ساڵ  ٨ خوێندکاری دیکە لەلایەن لیژنەی ڕەوشت، بڕیاری ڕاگرتنی خوێندنی دوو وەرزی زانکۆیان بۆ دەرچووە.

 

دوای ناڕەزایەتی خوێندکارانی ئەم زانکۆیە بەرامبەر بە ژەهراوی کردنی زنجیرەیی خوێندکاران، جارێکی تر ٢٠ خوێندکار بڕیاری ڕاگرتنی خوێندنیان بۆ دەرچوو، بەشێکیشیان دۆسیەیان لە دادگا بۆ کرایەوە و بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ئەمنی زانکۆکە دەرکران.