نەتەوە یەکگرتووەکان: شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ٥٠٠ منداڵ

شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا زیانێکی زۆری بە هاوڵاتیانی مەدەنی گەیاندووە و زیاتر لە ٩ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، کە ٥٠٠یان منداڵن.

ناوەندی هەواڵ

 

نێردەی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئۆکراینا "UNHRM" لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی ئەو ژمارە زۆرەی گیان لەدەستدانی هاوڵاتیانی مەدەنی کرد، لە ئەنجامی شەڕی ٥٠٠ ڕۆژەی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا و ڕایگەیاند، لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا لە ٢٤ی شوباتی ساڵی ڕابردووەوە، زیاتر لە ٩ هەزار هاوڵاتی مەدەنی کە ٥٠٠یان منداڵن کوژراون.

 

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی نوسینگەی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ، ژمارەی قوربانییە مەدەنییەکان لە ئۆکراینا نزیکەی ٩ هەزار و ١٧٧ کوژراو و برینداربوونی بەلایەنی کەمەوە ١٥ هەزار و ٩٩٣ کەسی تۆمارکردووە لە سەرەتای جەنگەکەوە تا ٣٠ی حوزەیران.

 

کاربەدەستانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر ڕایانگەیاند، ژمارەی کوژراوان لەوانەیە زۆر لەوە زیاتر بێت کە توانیویانە پشتڕاستی بکەنەوە، نۆێل کالهون، جێگری سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئۆکراینا وتی: ئەمڕۆ ئێمە قۆناغێکی دیکەی ترسناکی جەنگ دەبینین کە بەردەوامە لە زیانی زۆر گەورە بە هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیا.

 

لە مانگی ئایار و حوزەیرانی ئەمساڵدا ژمارەی کوژراوانی هاوڵاتیانی مەدەنی زیادی کردووە، دوای کەمبوونەوەیەکی ڕێژەیی لە چوار مانگی یەکەمدا.

 

کاربەدەستانی ئۆکراینا ڕایانگەیاند سەدان کەس لە بوچای نزیک کێڤ و ماریوپۆلی پایتەخت کوژراون و ساڵی ڕابردووش شارەکە بوو بە هێمایەک بۆ ئەو تاوانانەی کە ئۆکراینا ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە تاوانی جەنگ و جینۆساید.