ڕەخسانی زەمینە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە ئێران

سنووردارکردنی کارتی سوتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە ئێران کاریگەریی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان هەبووە، بەشێک لە هاوڵاتیانیش کێشەیان لە پڕکردنەوەی سووتەمەنی لە بەنزینخانەکان هەیە.

ڕۆژین قادری

 

سەردەشت- دەستڕاگەیشتن بە سوتەمەنی لە ئێران بەهۆی سنوردارکردنی کارتی سووتەمەنییەوە کێشەی بۆ هاوڵاتیان دروستکردووە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ نرخی بەنزین بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەوە و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوانی لێکەوتەوە، ڕژێمی ئێران دەستی بە سەرکوتکردنی هاوڵاتیان کرد و هێڵەکانی ئینتەرنێتیان بڕی، لە ئەنجامی سەرکوتکاریدا، هەزار و ٥٠٠ هاوڵاتی کوژران، ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی گرژی و ناڕەزایەتی سەرتاسەری وڵاتدا.

 

لە ئێستادا ڕژێمی ئێران هەوڵ دەدات بە ڕێوشوێنی نوێ نرخی سووتەمەنی بەرز بکاتەوە، وەک سنووردارکردنی کارتی سووتەمەنی لە بەنزینخانەکاندا، بەم شێوەیە هەر وێستگەیەک تەنها یەک کارتی سووتەمەنی لەگەڵ بڕێکی دیاریکراوی بەنزین پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکات، ئەم ڕێوشوێنانە بە ئامانجی ڕەخساندنی زەمینە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی گیراونەتەبەر.

 

سنووردارکردنی کارتی سوتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە ئێران کاریگەریی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان هەبووە. بەشێک لە هاوڵاتیان کێشەیان لە پڕکردنەوەی سووتەمەنی لە بەنزینخانەکان ڕاگەیاندووە.

 

"بڕی بەنزینی مانگانە بەشی کارەکانمان ناکات"

پەروین نادری (ناوی خوازراو)، کارمەندی نەخۆشخانەی سەردەشت، باسی لەوەکرد، کە بۆ سەر کارەکەی ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی بەکاردەهێنێت بەڵام کارتی سووتەمەنی نییە، وتیشی: لە چەند ساڵی ڕابردوودا توانیومە سووتەمەنی بەدەست بهێنم بەبێ هیچ کێشەیەک، بەڵام ئێستا نزیکەی مانگێکە، کە دەچمە بەنزینخانە، دەبێت چاوەڕێی نۆرەی خۆم بکەم بۆ بەکارهێنانی کارتی سووتەمەنی لە بەنزینخانە، هەندێکجار کاتێک بڕی ڕێگەپێدراوی کارتی سووتەمەنی بەکاردێت، ناتوانرێت لەو بەنزینخانەیەدا سووتەمەنی دیکە بەبێ کارتی سووتەمەنی بکڕین.

 

پەروین دەشڵێت: چەند مانگێک پێش ئێستا داوای کارتی سوتەمەنیم بۆ ئۆتۆمبێلەکەم کرد و پێیان وتم کە دەبێت چەند مانگێکی تر چاوەڕێی ئەو کارتە سووتەمەنییە بکەم کە تەنها ٦٠ لیتر بەنزینم پێدەدات بە نرخی پاڵپشتیکراو کە ١٥٠٠ تمەنە، ئەگەر کارتی سووتەمەنیشم دەست بکەوێت، بە کارتی سووتەمەنی شەخسی، مانگانە تەنها ڕێگەم پێدەدرێت ١٥٠ لیتر بەنزین سووتەمەنی پڕبکەمەوە، ئەگەر بۆ گەشتێک یان بۆ ئەنجامدانی کاری دکتۆرا بچمە شارەکانی تر، ئەوا ڕووبەڕووی کێشەی بێ بەنزینی دەبمەوە لە مانگەکەدا.

 

سارا ئەحمەدی (ناوی خوازراو)، چالاکوانی مەدەنی سەبارەت بە ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین دەڵێت: لە پاییزی ساڵی ٢٠١٩ەوە  نرخی بەنزین هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە، لەو ساڵەدا بۆ یەکەمجار دوای دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران خۆپیشاندانی سەرتاسەری کرا، لەو کاتەدا حکومەت نرخی بەنزینی لە هەزار تمەنەوە بۆ سێ هەزار تمەن بەرز کردەوە، ئێستاش پاش ٤ ساڵ ڕژێمی ئێران دەستی کردووە بە سنووردارکردنی بەکارهێنانی کارتی سووتەمەنی لە بەنزینخانەکاندا.

 

سارا لەبارەی درێژەدان بە ڕاپەڕینی جەماوەری "ژن، ژیان، ئازادی" وتی: ئێستا کە ڕاپەڕینی جەماوەری دوای تیرۆرکردنی ژینا وەک ئاگر لە ژێر خۆڵەمێش وایە، حکومەتی ئێران لە ترسی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، بڕیاری داوە کارتی سووتەمەنی لە وێستگەکاندا سنووردار بکات بۆ ئەوەی هاوڵاتییان بە زۆر ناچار بکرێن بۆ قبوڵکردنی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، حکومەتی ئێران ترسی ئەوەی هەیە کە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، سەرلەنوێ ڕاپەڕینی جەماوەری "ژن، ژیان، ئازادی" هەڵگیرسێنێتەوە.