نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە عێراقدا لەلایەن داعشەوە بەڵگە کۆدەکاتەوە

سەبارەت بە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن داعشەوە لە عێراقدا، لێكۆڵەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان سەرقاڵی كۆكردنەوەی بەڵگەن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ هێرشی کردە سەر عێراق، لە ساڵی ٢٠١٧ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان تیمی لێكۆڵینەوەی نەتەوە یەكگرتووەكانی پێكهێنا، بۆ بەرەوپێشبردنی لێپرسینەوە لە تاوانەكانی داعش، هەروەها كۆكردنەوەی بەڵگە لەسەر بەرهەمهێنان و بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن چەتەكانی داعشەوە لە عێراق، بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی تاوانەكان لە دادگاییكردنەكاندا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت،

 

كریستیان ڕیچەر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كاتێك سەرەتای ئەمساڵ سەردانی عێراقیان كردووە، لەگەڵ ڕزگاربووانی كیمیابارانی ئاداری ٢٠١٦ بۆ سەر دووزخورماتوو لە باشووری كەركوك گفتوگۆیان كردووە، بۆیان دەركەوتووە هێشتا كاریگەرییەكی قووڵی ئەو چەكی کیمیاییەیان لەسەر ماوە، بۆیە كار دەكەن بۆ لێكۆڵینەوە لەو چەكە كیمیاییانەی كە داعش لە عێراق بەكاری هێناوە، هەروەها لێكۆڵینەوە لە كردەوەكانی توندوتیژی جێندەری و تاوانەكانی دژی منداڵان و سوننە و شیعە و ئێزیدی دەكەن.

 

ئەوەشی خستەڕوو، داعش كۆمەڵێك چەكی كیمیایی بەكارهێنا لە نزیك دووزخورماتوو، وەك مووشەكی كیمیایی و گولـلە هاوەن، تەقەمەنی، كە بەر گەڕەكە نیشتەجێبوون و كێڵگە كشتوكاڵییەكان كەوتبوون.

 

كریستیان ڕیچەر ڕاشیگەیاند، لێكۆڵینەوەكانی تێڕوانین و شیكاری تایبەتمەند تیمەكەی سەبارەت بەو تەقەمەنی و پاشماوە و كەرەستەی کیمیایی لە دووزخورماتوو دۆزیوەتەوە، هەروەها بڕێكی زۆر بەڵگە لە بەرەكانی شەڕدا دۆزرایەوە، لەوانە تۆماری مووچەی داعش و نامە، ئەمەش ڕێگەی بە تیمەكە داوە بتوانێت دەستنیشانی ئەو كەسانە بكات، كە بەرپرسن لە هێرشەكە و پەیوەندییان لەگەڵ سەركردەكانی داعش.