لە ئێران ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت ناتوانن بە تەنیا بچنە دەرەوە

نیگار م.، کە خاوەن پێداویستی تایبەتە و لە ئێران دەژی، باسی لەوە کرد، ماوەی چەند ساڵێکە کورسی گەڕۆک بەکاردەهێنێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی شارەکە بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دیزاین نەکراوە، ناتوانێت بە تەنیا بچێتە دەرەوە.

شەبنەم تەوەکولی

 

تاران- خاوەن پێداویستی تایبەت بە لەدەستدانی ئەندامێک پێناسە دەکرێت کە ڕەنگە، پێش یان لە کاتی لەدایک بوون، یان بە هەر هۆکارێک لە ماوەی ژیاندا ڕووبدات، هەروەها هۆکارەکانی وەک وشکەساڵی، نەخۆشییە ئەندامییەکان، شەڕ و داگیرکاری، ڕووداوەکان، کۆچکردن، هەژاری، سیاسەتی تەندروستی، کوتانی هەڵە، کولتووری پیاوسالاری، هاوسەرگیری منداڵان، توندوتیژی خێزانی، پیربوون و قەیرانی کەشوهەوا دەتوانن ببنە هۆی دروستبوونی کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت.

 

ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی خاوەن پێداویستی تایبەتەکان دەبێتەوە، لەسەر بنەمای ماف نییە، ئەوان پشتگوێ دەخرێن و لە ژیانیاندا ڕووبەڕووی جیاکاری دەبنەوە.

 

ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە مافەکانیان زەوت دەکرێن

ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت هەم بەهۆی ڕەگەز و هەم بەهۆی خاوەن پێداویستییانەوە دوو هێندە جیاکاری ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کچان و گەنجانی خاوەن پێداویستی تایبەت ١٠ هێندەی ژنان و کچانی بێ پێداویستی تایبەت ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت نزیکەی لە هەموو ساتەکانی ژیانیاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە، ناتوانن دەستیان بە خوێندن و کار و مافە کۆمەڵایەتییەکان بگات بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان و بەدەستهێنانی پیشەی پێویست.

 

ناتوانن تەنها بچنە دەرەوە

ئەو ژنانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن، ناتوانن خزمەتگوزارییەکانی پەیوەست بە تەندروستی ڕەگەزیی و زاوزێیان وەربگرن، چونکە توانای پاراستنی خۆیان کەمترە، ڕووبەڕووی توندوتیژی درێژخایەن دەبنەوە. دیزاینی شار و شوێنە گشتییەکان بەبێ ڕەچاوکردنی دۆخی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دروست دەکرێن، ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش ناتوانن بە تەنیا بچنە دەرەوە.

 

"ناتوانم تەنها بچمە دەرەوە"

نیگار م.، تەمەن ٣٣ ساڵ، کە پێویستی تایبەتی هەیە و لە تاران دەژی، ماوەی چەند ساڵێکە کورسی گەڕۆک بەکاردەهێنێت، باسی لەوەکرد، بینای شارەکان بەبێ ڕەچاوکردنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دروستکراون و زۆرترین کێشەیان لە شوێنە گشتییەکاندا ڕووبەڕوو دەبێتەوە، مۆڵە بازرگانییەکانی وەک نموونە هێنایەوە و وتی: مۆڵەکانی بازرگانی کە بە گشتی چەند نهۆمێکی جیاوازیان هەیە، بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دروست نەکراون، هەر بۆیە ناتوانم بچم بۆ ئەو شوێنانە، هەر لەبەر ئەم هۆکارە لە ئینتەرنێت یان لە خێزانەکەم داوای پێداویستیەکانم دەکەم، لە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلەکاندا شوێنێک بۆ ئەو کەسانە نییە کە پێویستی تایبەتیان هەیە، دەبێت یەکێکم لەگەڵ بێت بۆ ئەوەی بچمە دەرەوە، جگە لەوەش چوونە دەرەوە بە تەنیا بۆ من خەونێکە.