ڕۆژنامەنووسێکی ئەفغانی: بۆ کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرانە پێویستە ژنان مافی خۆیان هەبێت
ڕوقیە سادقی، ڕۆژنامەنووسی ئەفغانی لە نامەیەکدا کە ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی ناردووە ڕایگەیاندووە: پێویستە ژنانی ئەفغانی سوود لە مافەکانی مرۆڤ وەربگرن، چونکە ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و مرۆڤدۆستانە.
بەهاران لاهیب
کابول-لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە هەموو شوێنێکی جیهان، ژنان دەنگی خۆیان بەرزکردەوە بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی، ژنان لە ئەفغانستان کە توندوتیژی دژی ژنان لەبەرچاوی هەموواندا ئەزموون دەکرێت و بە تەواوی لە ژیانی کۆمەڵایەتی دوورخراونەتەوە، لە ٢٥ی تشرینی دووەم جارێکی دیکە دەنگی خۆیان لە دژی دەسەڵاتداری تاڵیبان بەرزکردەوە.
ئەو ژنانەی لە ئەفغانستان لەژێر دەسەڵاتداریی تاڵیباندا دەژین، لە ناو توندوتیژی و هەڵاواردن و پێشێلکردنی مافەکاندا درێژە بە ژیانیان دەدەن، لەم سەدەیەدا ژنان وەک کۆیلە دەفرۆشرێن، لە منداڵیدا هاوسەرگیریان لەگەڵ دەکرێت، لە چەندین ماف بێبەش دەکرێن، لە گەشتکردن بە تەنیا تا جیابوونەوە، ناتوانن دەستیان بە سەرەتاییترین مافی تەندروستی خۆیان بگات، داواکاری ئەو ژنانەی کە لەژێر فشاری کولتووری و کۆمەڵایەتیدان، سەرەتاییترین مافییانە، ژنان ڕایانگەیاندووە، لەگەڵ هاتنی تاڵیبان، بارودۆخی ژنان لە ئەفغانستان ڕۆژانە خراپتر بووە و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە بێدەنگی دامەزراوە و وڵاتە نێودەوڵەتییەکان.
"ڕەوشی ژنان خراپتر بووە"
ڕوقیە سادقی، ڕۆژنامەنووسی ئەفغانی ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم نامەیەکی ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد. ڕوقیە سادقی لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند کە ژنانی ئەفغانستان لە فشارێکدا دەژین کە تا ئێستا نەبینراوە و وتی: بەداخەوە لە ئەفغانستان لە ٢٥ی تشرینی دووەم، پێشوازی لە دۆخێک دەکەین کە ژنان لەلایەن تاڵیبانەوە سزا دراون، چونکە ژنان لە چەندین ماف بێبەش کراون، لەوانە مافی خوێندن و کارکردن و تەنانەت چوون بۆ پارک و یاریگاکان. لەوەتەی تاڵیبان هاتۆتە سەر دەسەڵات لە ئەفغانستان، دۆخی ژنان خراپتر بووە، خۆکوشتن، کوشتن، هاوسەرگیریی زۆرەملێ و توندوتیژی جەستەیی و دەروونی بەرامبەر بە ژنان لە زیادبووندایە، ژنان لە هەموو مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش دەکرێن.
'نا بۆ فشارو جیاکاری!'
ڕوقیە سادقی لە کۆتاییدا ئەم پەیامەی دا و وتی: پەیامی من بۆ جیهان ئەوەیە کە هەڵاواردنی ڕەگەزی لە ئەفغانستان ببینین و دژی بوەستین، پێویستە ژنانی ئەفغانستان بەبێ ترس و هەڕەشەی تاڵیبان و گروپە توندڕەوەکانی دیکە ڕێگەیان پێبدرێت بە ئازادی بژین، کاتێک ژنانی ئەفغانی توانیان بە ئازادی بژین، ئەوا دەتوانن هیوایەکی نوێ بۆ خۆیان و کۆمەڵگەکەیان بونیاد بنێن. نا بۆ توندوتیژی دژی ژنان! نا بۆ دڕندەیی و جیاکاری! ژنانی ئەفغانستان دەبێ لە ماف و مافە مرۆییەکانیان سوودمەند بن، چونکە ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەک بە ستانداردی مرۆڤدۆستانە و دادپەروەرانە.
پەیامەکەی ڕوقیە سادقی تەنها بۆ ژنانی ئەفغانستان نییە، بەڵکو بۆ هەموو ئەو ژنانەی جیهانە کە دژی توندوتیژی و هەڵاواردن تێدەکۆشن، خواستی گۆڕینی دۆخی ئێستا و دروستکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە.