زیاتر لە ١٠٠ کەس لە بوومەلەرزە نوێیەکەی ئەفغانستان بریندار بوون

بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی کە دوێنێ لە هەراتی ئەفغانستان ڕوویدا، دوو کەس گیانیان لەدەستداو ١٠٠ کەسی دیکە برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ١٥ی تشرینی یەکەم بوومەلەرزەیەکی نوێ بە پێوەری ٦.٣ بەهێز لە هەراتی ئەفغانستان ڕوویدا، ٩ ڕۆژ دوای یەکەم بوومەلەرزە کە ئەفغانستانی هەژاندو بووە هۆی گیان لەدەستدانی هەزاران کەس و وێرانبوونی چەندین گوند بە تەواوی.

 

بوومەلەرزەکەی دوێنی کە ٣٢ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای شاری هەراتەوە نزیکە، نزیکەی ٢٧٢ هەزار کەسی تێدا دەژین، بەگوێرەی ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور، دوو کەس گیانیان لەدەستداو زیاتر لە ١٠٠ کەسیش برینداربوون، سەرۆکی تیمی فریاکەوتن وتی: لە هەرات کەسێک گیانی لەدەستداوەو نزیکەی ١٥٠ کەسی دیکە برینداربوون، لەوانەیە ژمارەی گیان لەدەستدان زیاتر بێت چونکە ناتوانن بگەنە هەموو ناوچە زیانلێکەوتووەکان.

 

ڕێکخراوی لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەو بوومەلەرزەیەی دوێنێ وڵاتەکەی هەژاند نزیکەی ٣٤ کیلۆمەتر لە شاری هەرات و لە قوڵایی ٨ کیلۆمەتری ژێر زەوی بووە، دوو بوومەلەرزە لە ماوەی هەفتەیەکدا لە ئەفغانستان ڕوویدا و بووە هۆی وێرانکردنی گوندەکانی شاری هەرات، یەکێکە لە وێرانکەرترین بوومەلەرزەکان لە مێژووی نوێی وڵاتەکەدا.

 

کاربەدەستانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتیان: زیاتر ٩٠%ی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە ژن و منداڵ بوون، لە کاتێکدا بەرپرسانی تاڵیبان پشتڕاستیان کردەوە کە دوو بوومەلەرزەکەی پێشوو بوونەتە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە دوو هەزار کەس لە سەرانسەری پارێزگاکەدا.

 

هەروەها ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخەن کە نزیکەی هەزارو ٢٩٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزارو ٦٨٨ کەسیش برینداربوون.