هاواری ئازادی ژنان کوچە و کۆڵانی ئێران دەتەنێت

شیرین کە ناوی ئارمیتا گراوند لەسەر دیوارەکان دەنووسێت، پێی وایە ڕژێمی ئیسلامی ژن بە مەترسی بۆ سەر مانەوەی خۆی دەزانێت، تا ئەو ڕادەیەی کە ئەگەر ژنێکی سەرکەوتوو لە بوارێکدا ببینرێت، ئەوە بە مەترسی بۆ سەر مانەوەی خۆی دادەنرێت.

ژونا ئەردەڵان

 

سنە- لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژنێکی گەنجی ١٦ ساڵ بەناوی ئارمیتا گراوند بەهۆی توندوتیژی پاسەوانانی ناو میترۆکە بۆ سەپاندنی حیجابی ناچاری لە میترۆیەکدا، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە بێهۆشە و لە کۆمادایە، ئەو بێهۆشییەی بەسەر ئارمیتادا هاتووە، هەمان حاڵەتە کە گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لێکەوتەوە.

 

بۆ ئەوەی شۆڕشی ژینا بەردەوام بێت و گیانی ئارمیتاکان پارێزراو بێت، کۆمەڵێک ژنی خەڵکی شاری سنە بە نووسینی دروشم و ناوی ئارمیتا، جەخت لەوە دەکەنەوە، دەبنە دەنگی ئەو ژنانەی کە تووشی توندوتیژیی حکومەت دەبن و ژیانی خۆشیان دەبەخشن.

 

شیرین.ق ژنێکی ناڕازییە و ناوی ئارمیتا لەسەر دیوارەکانی شار دەنووسێت، دەڵێت: ئێمە نامانەوێت ژینا ئەمینییەکی تر بکوژرێت و خوێنەکەی بە فیڕۆ بچێت، بۆ ژینا هەموو ئێران دەنگی بەرز کردەوە، و بۆ ماوەی ساڵێک لە ناخی دڵمانەوە ناڕەزایەتیمان دەربڕی، ئێستا ساڵێک دوای کوژرانی ژینا کچێکی تر بە هۆی حیجابەوە دەکوژرێت، جلوبەرگەکەی، کە دەبێت هەڵبژاردنی خودی بێت، بەڵام لە دەستی ڕژێمی ئێراندایە و بەهۆیەوە ئێستا لە حاڵەتی بێهۆشیدایە، کە لە هەر کاتێکدا بێت، ئەگەری لەدەستدانی هەیە.

 

شیرین لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، ڕژێمی ئیسلامی ژن بە مەترسی بۆ سەر مانەوەی خۆی دەزانێت و وەک دەبینین ژنانی لە وەرزش و هونەر و زانست و هەموو شتێکدا سنووردار کردووە، تا ئەو ڕادەیەی کە ئەگەر ژنێکی سەرکەوتوو لە بوارێکدا ببینرێت، ئەوا بە مەترسی بۆ سەر خۆی دەبینێت، جەخت لەوەش دەکاتەوە، "ئەگەر ئێمەی ژنان گرنگی بە یەکتر نەدەین و بیر لەو ژنانە نەکەینەوە کە لە دەستی ڕژێمی ئیسلامیدا گیریان خواردووە، هەموو ڕۆژێک ژمارەیەک لە ئێمە دەگیرێن و دەکوژرێن، ڕۆژێک بە تاوانی لابردنی حیجاب، ڕۆژی دواتر بەهۆی بێ یاسایی، هەموو ئەمانەش بەهۆی یاسا دژە ژنانەکانی ڕژێمی ئیسلامیییە.

 

لە کۆتاییدا شیرین بە ئاماژەدان بەو دروشمانەی لەسەر دیوارەکان دەینوسێت دەڵێت: لەم کاتەدا ئەمە تاکە کارێکە کە بیکەم و بتوانم ناوی ژینا و نیکا و ئارمیتاکان بە زیندووی بهێڵمەوە، تا لە بیر نەکرێن.