"هێرشەکان پێشێلکردنێکی بەرچاوی بەڵێننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتیانە"

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و ڕێواس فایەق دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا هەڵوێستی خۆیان خستەڕوو، کە "دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پەلامارانە و بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی بێ دیفاع لە خاکی خۆیاندا، تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتیە و شێواندنی ئاسایشی ناوچەکەیە".

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشەکەی دوێنێ، ١٨ی ئەیلوولی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە شاری هەولێر و سلێمانی کاردانەی توندی لەلایەن گەلەوە لێکەوتەوە و لایەنە سیاسی و کەسایەتییەکانی باشووری کوردستان لە ڕێگەی بەیاننامە و ڕاگەیەندراوەوە ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان کرد.

 

"دووبارەبوونەوەی ئەم پەلامارانە تاوانێکی دژ بە فرۆڤایەتییە"

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى یەنەکە و خانمی یەکەمی عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەرمی خۆی ڕایگەیاند؛

 

"ئەو هێرشە هەواییە تاوانکارییەی، کە لە ڕێی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە کرایە سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت و بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربونی چەند پێشمەرگەیەک و دژەتیرۆر، هەروەها بەزاندنی سەروەری خاکی عێراق رەت دەکەینەوە و بەپێشێلکردنێکی بەرچاوی ئەو بەڵێننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتیانە دەزانین کە پەیوەندی هاوسێیەتی نێوان وڵاتان رێکدەخات.

 

دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پەلامارانە و بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی بێ دیفاع لە خاکی خۆیاندا، تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتیە و شێواندنی ئاسایشی ناوچەکەیە، بۆیە بە توندی ئیدانەی ئەم جۆرە پەلامارە تاوانکارییانە دەکەین و داوا لە حکومەتی عیراق و حکومەتی هەرێم و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە سنورێک بۆ ئەو تەراتێنە ئاسمانیەی دەرودراوسێمان دانێن، داواش لە هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەین کە سستمی پێشکەوتووی دژەفڕینی درۆنەکان بۆ ئەو ئاسمانەمان دابین بکات کە بووەتە مەیدانی پێشبرکێی هێزە نەناسراوەکان..!!

 

جێی داخە کە سەرەڕای شەهید کردن و بریندارکردنی هاوڵاتی بێتاوان و سوتاندنی سەدان کێڵگە و گوند و ناردنی چەندین نامەی فەرمی نارەزایی، هێشتا دژە سەقامگیرانی ئارامی عیراق و هەرێم بەردەوامن لە جێبەجێ کردنی پیلانە گڵاوەکانیان".

 

"خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆر هۆشیارن"

ڕێواس فایەق، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکیدا خستوویەتیە ڕوو؛

"هەر کەس و لایەنێک بە هەر مەبەستێک پاساو بۆ هێرشە تیرۆریستیەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت بهێنێتەوە، خائین و خۆفرۆشە و دەستی دووی داگیرکەرانی کوردستانە، ئێستا خەڵکی هەرێمى کوردستانيش زۆر هۆشیارن و هەمووان زۆر باش دەناسنەوە.