"خەباتی لێمان شوێش ترسی لای دوژمنان دروست کردبوو"

دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە لە هێرشکردن و تیرۆرکردنی ژنانی پێشەنگ، چونکە خەباتی ئازادی ژنان ترسێکی گەورەی لای دوژمنان دروست کردووە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- خەبات و شۆڕشی ژنانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە بەردەوامە و ئەمەش ترسی لای دوژمن و نەیارانی کورد و بەتایبەتی دەوڵەتی تورکیا دروست کردووە، بۆیە ئەویش بەردەوامە لە هێرش و داگیرکارییەکانی و تیرۆرکردنی ئازادیخوازان و ژنانی پێشەنگ بۆ کپکردنی دەنگیان و ترساندنی شوێنکەوتوانی ڕێبازەکەیان، بەڵام ژنان سوورن لەسەر خەباتکردن و داواکردنی مافەکانی خۆیان.

 

"هەبوونی کەسایەتی وەکو لێمان شوێش جیگەی ترس بوو بۆ دوژمن"

جیهان ساڵح، سکرتێری ژنانی پارتی سەوزی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، بۆ یەکەم جار لە یادی دامەزراندنی ڕێکخراوی پارتی سەوزی کوردستان و بۆ پیرۆزبایی کردن شەهیدی نەمر لێمان شوێش"ڕەیحان" هات و ئەو کاتە ناسیم، لێمان شوێش کەسایەتییەکی بەهێزی هەبوو، هەبوونی کەسایەتیەکی وەکو لێمان شوێش لە ناو کوردا بە ڕادەیەک گرنگ بوو، کە دوژمنانی کوردی ترساندبوو، وە ئەگەر ژنانی کورد ڕێبازی ئەو بگرنە بەر هەرگیز دوژمنان ناتوانن چۆکمان پی دابدەن.

 

"لێمان شوێش هەوڵی بەهێزکردنی خەباتی سیاسی دەدا"

جیهان ساڵح ڕوونی کردەوە، لە هەموو کۆبونەوەیەکدا و لە دەسپێکدا لێمان شوێش هەمیشە جەختی دەکردەوە کە دەبێت خەباتی سیاسیمان بەهێز بکەین و ڕووبەڕووی هەموو هێزێکی دوژمن ببینەوە، هەوڵی دەدا کە ئێمەی ژنان نەوەستین و بەهێزبین، وە خەبات بکەین بۆ خاک و گەلەکەمان و ئازادی ژنان، هەروەها دەیوت کە دەبێت بۆ نیشتمان دۆست بین و یەکبگرین و تەنها ئیش بۆ حزب نەکەین، بەڵکو ئیش بۆ کورد و خاکی کوردستان بکەین.

 

وتیشی: لێمان شوێش کاریگەرییەکی گەورەی لە سەر باشووری کوردستان و بەتایبەتی ژنان دروستکرد، لە کاتی کۆبوونەوەدا زۆر جدی بوو هەمیشە لە کاتی خۆیدا ئامادە دەبوو، لە هەموو کۆبوونەوەکاندا ئامادە بوو، ئێمەی ژنان و ئەوانەی لە لێمان شوێشەوە نزیک بووین، هەمیشە خۆزگەمان دەخواست وەکو ئەو بین، چونکە ژنێکی فیداکار و خەباتگیڕ بوو.

 

"لەسەر ڕێبازی شەهیدان بەردەوام دەبین لە خەبات"

جیهان ساڵح ئەوەشی خستەڕوو، لە قسە و هەڵسووکەوتەکانی لێمان شوێشدا نەتەوە دۆستی دەبینرا، هەوڵی دەدا بۆ یەکگرتنی هەر چوار پارچەی کوردستان و ئازادکردنی، خەباتی ئازادی ژنان و بەهێزی ئیرادەیان ترسی لای دوژمنان و بەتایبەتی تورکیا دروست کردووە، بۆیە هەمیشە هەوڵی کپکردنی ئەم دەنگە ئازادەی ژنان دەدەن، ئێمەی ژنانیس بەردەوام دەبین لەسەر ڕێگە و ڕێبازی شەهیدان و تا بەهێزی ژنانی باشووری کوردستان و پارچەکانی تریش پیشانی جیهان بدەین و بە بەرزی بیهێڵینەوە.