قەیرانی ئاوی عێراق نا ئومێدی درووست دەکات

گوندنشیینەکانی عێراق زەوییە وشکبووەکانیان بەجێدەهڵن، لە کاتێکدا هەڵکەندنی بیر و تەنکەری ئاوی حکومیش خەڵکەکەی لە دەستڕاگەیشتن بە ئاو بێ ئومێد کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

قەیرانی ئاو و وشکەساڵی لە عێراق بەرەو خراپی دەچێت، بەشێک لە سەرچاوە ئاوییەکان لە گوندەکان وشکبوون، لە کاتێکدا بژێوی ژیان و داهاتی خەڵکی گوندەکانی لەسەر بەندە و نزیک دەبێتەوە لە لەناوچوون.

 

بەنرخترین سەرچاوەی ژیان لە گوندەکانی عەنکۆر ئاوە، زیاتر لە ١٣ هەزار دانیشتووی تێدایە و بەهۆی بێ ئاوی دەیانەوێت ناوچەکانیان جێبهێڵن، ئەو گوندانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە لای باشووری دەریاچەی حەبانیەن کە ٤٠ کیلۆمەتر لە ڕەمادی دوورە.

 

دەریاچەی حەبانیە سەردەمانێک سەرچاوەی ئاوێکی بەرفراوان بووە، ڕووبەرەکەی ١٤٠کیلۆمەتر چوارگۆشە بووە، توانای ٣.٣ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەبوو، بەهۆی وشکەساڵییەوە قەبارەکەی بەرەو بچووک بوونەوە دەچێت، لە کاتێکدا تیشکی خۆری بەتین و کەمی ئاو لە زەوییەکانی دەوروبەری بووەتە هۆی وشکبوونەوە و شەق بردن.

 

لە لێواری دەریاچکە پاشماوەی ژەهراوی زیادیکردووە، بەهۆی کەمی ئاوەوە بۆنی ناخۆش لە دەوروبەری بڵاوبووەتەوە، لە هەندێک ناوچەی گوندەکەدا زەوییە خوێییەکان زیادی کردووە کە زیان لە کشتوکاڵی ناوچەکە دەگەیەنێت.

 

نۆ مانگ پێش ئێستا بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی ڕووباری فورات لە سوریاوە و بەنداوێک لە ڕومادی بووە هۆی ئاڕاستەکردنەوەی ئاوەکە دوور لە دەریاچەی حەبانیە بەرەو فەللوجە، هەر بۆیە ئەوانەی لە دەوروبەری دەریاچەکەدا دەژین، بە شێوەیەکی مەترسیدار بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوەوە ڕووبەڕووی قەیران بوونەتەوە.

 

تانکەرەکانی ئاوی پاک کە دوو هەفتە لەمەوبەر لەلایەن حکومەتی ناوخۆییەوە دەنێردران، لە ئێستادا ئەوانەش وەستاون، لەم دواییانەدا لە یەکێک لە گوندەکان بیرێک هەڵکەندرا، بەڵام دوای گەیشتن بە قووڵایی ٨٦ مەتر نەگەیشتە ئاو، هەر بۆیە خەڵکی ناوچەکە پشت بە بوتڵی ئاوی پلاستیکی دەبەستن ئەمەش پێویستییەکانیان پڕ ناکاتەوە.

 

قەیرانی کەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەی حەبانیە تەنیا یەکێکە لە لایەنەکانی هەڕەشە ژینگەییەکانی عێراق، حەبانیە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا وەک کۆگایەکی ئاو لە شارێکی گەشتیاری لە سەردەمێکی کورتی گەشەسەندنی خێرا و خۆشگوزەرانی دارایی لە عێراقدا دروستکراوە.

 

دوای ساڵی ٢٠٠٣ بەهۆی شەڕ و ململانێکانی عێراقەوە کەوتە ناو پشتگوێخستن و نائارامییەوە، ئەمەش لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٥ توندتر بوو کاتێک داعش دەستی بەسەر ناوچەکەدا گرت.

 

ڕوانگەی سەوزی عێراق کە ڕێکخراوێکی ژینگەیی ناوخۆییە و چاودێری دۆخەکە دەکات، لە مانگی ئایاردا خەمڵاندنی ئەو ١٣ هەزار دانیشتووانەی ناوچەی عەنکور و مەجاڕیان کردووە بەهۆی کەمیی ئاوەوە دەناڵێنن.

 

وەزارەتی سامانە ئاوییەکان هۆشداری دەدات لەوەی عێراق ڕووبەڕووی خراپترین کەمی ئاو بووەتەوە لەماوەی سەدەیەکدا و ٧ ملیۆن کەس دەستڕاگەیشتنیان بە ئاوی پاک نەماوە.

 

بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، ٪ ٩٠ی ڕووبارەکانی وڵاتەکە پیس بوون و عێراق تا ساڵی ٢٠٣٥ تەنها ٪ ١٥ی داواکارییەکانی ئاوی وڵاتەکەی دابین دەکات.