دەیان کەس لە بوومەلەرزەکەی ئەفغانستان برینداربوون و گیانیان لەدەستدا
بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی ٦.٣ پلە شاری مەزار شەریف لە باکووری ئەفغانستانی هەژاند و بە دەیان کەس گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون.
ناوەندی هەواڵ
ئەفغانستان لەسەر چەندین هێڵی هەڵەی تەکتۆنیکی چالاکدایە و بەهۆی هەڵکەوتەی لە خاڵی پێکدادانی پلێتەکانی هیندستان و ئۆراسیا، یەکێکە لە ناوچەکانی ئاسیا کە زۆرترین بوومەلەرزەی لێدەکەوێتەوە.
شەوی ٢ی تشرینی دووەم، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٣ پلە لە مەزار شەریف پایتەختی پارێزگای بەلخ لە باکووری ئەفغانستان و شارۆچکەی خولم بە قووڵایی نزیکەی ١٠ کیلۆمەتری دا، بەپێی لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجی ئەمریکا.
ئەم بوومەلەرزەیە کە تا دووری کابولی پایتەخت هەستی پێکراوە و گەیشتووەتە ناوچە سنوورییەکانی دراوسێ، ترس و دڵەڕاوکێی بەرفراوانی لای دانیشتووان دروستکردووە، قووڵی و نزیکی لە ناوچە دانیشتووەکان بووە هۆی زیانی گیانی.
دەسەڵاتدارانی خۆجێی پارێزگای بەلخ تا ئێستا ٢٠ کەیسی گیانلەدەستدان و زیاتر لە ٣٠٠ برینداریان ڕاگەیاندووە، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەفغانستان هۆشداریدا لەوەی "ئەمە ژمارەی کۆتایی نییە" و بەهۆی گەیشتنی تیمەکانی فریاگوزاری بۆ ناوچە دوورەدەستەکان ئەگەری هەیە ژمارەی کوژراوان بەرزبێتەوە.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لە پارێزگایەکی دراوسێ پشتڕاستی کردەوە، کە دەیان کەسی بریندار بەهۆی شکانی ئێسک و برینداری سەختی سەریان لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
وتەبێژی پارێزگای بەلخ ڕایگەیاند، ڕاپۆرتی برینداربوونی سووک و زیانمان لە هەموو شارەکانی پارێزگاکە پێگەیشتووە، زۆرێک لە بریندارەکان لە کاتی بوومەلەرزەکەدا لە باڵەخانە بەرزەکانەوە کەوتوونەتە خوارەوە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە گەرووی تاشکارگان کە ڕێگایەکی سەرەکییە و پارێزگاکانی سامانگان و بەلخ بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەهۆی توندی بوومەلەرزەکەوە داخراوە، هەروەها تیمەکانی فریاگوزاری و خۆبەخشە ناوخۆییەکان سەرقاڵی کردنەوەی ڕێگاکە و گواستنەوەی بریندارەکانن، لە شاری مەزار شەریف کە زیاتر لە نیو ملیۆن کەسی تێدایە، شایەتحاڵەکان ڕایانگەیاندووە، کاتێک بوومەلەرزەکە ڕوویدا، زۆرێک لە دانیشتووان لە ترسی داڕمانی باڵەخانەکان، هەڵاتوونەتە سەر شەقامەکان، وەک لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دیارە کە بەشێک لە مزگەوتی شین کە دیارترین شوێنەواری ئایینی شارەکەیە، دەڕووخێت.
مانگی ڕابردوو بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی ٦.٣ پلە لە پارێزگای هێرات ئەفغانستانی هەژاند و کارەساتێکی مرۆیی وێرانکەری لێکەوتەوە، وە زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا کە ژمارەیەکی زۆریان ژن و منداڵ بوون و هەزارانی دیکەش بریندار بوون، هەروەها بوومەلەرزەکە وێرانکارییەکی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا و هەزاران ماڵ و باڵەخانەی نیشتەجێبوونی ڕووخاند و ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانیش لە شەوێکدا بێ ماڵ و حاڵ بوون.
شارەزایان هۆشدارییان داوە کە مەترسی لەدەستدانی ژیانی بەرچاو لە بوومەلەرزەکانی داهاتوودا لە باکووری ئەفغانستان بەهۆی باڵەخانەی نەریتی و زۆرجار لاوازەکانی ناوچەکەوە زۆرە.
دانیشتوانی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزەکە داوای هاوکاری مرۆیی بەپەلەیان لە دەسەڵاتداران و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە، لەوانە چادر و دەرمان و خۆراک.