دوو ژن لە شارەکانی زەنجان و یەزد دەستگیر کران
ڕێکخراوی هەرانا ڕایگەیاند کە دوو ژن لە شارەکانی زەنجان و یەزد بەبێ فەرمانی دادوەر دەستبەسەر کراون و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان نییە.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی هەرانا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند ژنێک لە شاری زەنجانی ئێران، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بەبێ بڕیاری دادگا دەستبەسەر کراوە، ئەویش بە بیانووی بڵاوکردنەوەی ڕووداوە ناوخۆییەکانی ئێران و ناردنیان بۆ ڕاگەیاندنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و میدیا بیانییەکان. دواتر ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێـی ئەو ژنە لە ڕاگەیاندنەکان و میدیا دیجیتاڵییەکاندا بڵاو کرایەوە، بەڵام نازانرێت ئەو دانپێدانانە لەژێر چ جۆرە فشار و ئەشکەنجەیەکدا لێی وەرگیراوە.
هەرانا ئەوەشی خستەڕوو کە ژنێکی دیکەی پەیڕەوی ئایینی بەهایی بە ناوی فلۆرا سەمەدانی، لە شاری یەزد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەبێ فەرمانی دادوەر دەستبەسەر کراوە. تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە و ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانییەکی زۆر لای بنەماڵەکەی.
هەروەها ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن لەوەی کە پێشێلکاری و گەندەڵی لەناو زیندانی یەزددا زیادی کردووە. باس لەوەش دەکرێت کە ئەو پارەیەی بە ناوی هاوکاری بۆ ئازادکردنی ژنان کۆدەکرێتەوە، بۆ مەرام و ئامانجی دیکەی نادیار خەرج دەکرێت.