دوای بوومەلەرزەکە لە سەمسور چی ڕوودەدات؟
لە سەمسور کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانێکی زۆری پێگەیشت، هاوسەرگیریی منداڵان لە ماوەی دوو ساڵدا سێ هێندە زیادی کردووە لە شارێکدا کە تەنها یەک نەخۆشخانە کاردەکات، توندوتیژی دژی ژنان، نەخۆشییە درمیەکان، لەبارچوون و گیان لەدەستدانی گوماناوی لە زیادبووندایە.
مەدینە مامەدئۆغڵو
سەمسور – لە نێو ئەو ١١ شارەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوت لە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی ٢٠٢٣، کە ناوەندەکەی لە شاری مەرەش بوو، سەمسور یەکێک بوو لەو شارانەی کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، لە شاری سەمسور کە بوومەلەرزەکە زۆرترین زیانی لێکەوتەوە، زیاتر لە هەزار و ٤٨٥ باڵەخانە ڕووخاون و زیاتر لە ٦٨ هەزار باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە، بەپێی داتا فەرمییەکان، بەهۆی بوومەلەرزەکەی سەمسور هەشت هەزار و ٣٨٧ کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام دانیشتوانی ئەو شارە دەڵێن ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە.
لە شارەکەدا کە بووەتە شوێنی دروستکردنی بیناسازی، زۆرێک لە ناوچەی وێرانە وەک ناوچەی یەدەگ ناسێنراون، لە زۆر شوێنی شارەکەدا کارەکانی ئاوەدانکردنەوە بەردەوامە، چ لە بینا زیانلێکەوتووەکان و چ لەگەڵ ماڵە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزە. بەگوێرەی لێدوانە فەرمییەکان، تا ئێستا ۳۱ هەزار و ٤۰٦ خانوو لە شارەکەدا ڕادەستکراوە، و دروستکردنی خانووی دیکەش بەردەوامە، بەڵام بەپێی ئامارەکانی یەکێتی ژوورەکانی تەلارساز و ئەندازیاران (TMMOB) هێشتا دروستکردنی ٨ هەزار و ۲٦ خانوو لە شارەکەدا بەردەوامە و لە ماوەی ۲ ساڵدا تەنها ٥ هەزار خانوو ڕادەستکراوە.
تاوەری کاتژمێر لە ناوەندی شارەکە هێشتا ئەو کاتەی کە بوومەلەرزەکە ڕوویداوە، کاتژمێر ٠٤:١٧ نیشان دەدات، وەک تاوەری کاتژمێر، خەڵکی سەمسور تا ئێستاش لە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات ڕاوەستاوون.
هەرچەندە دوو ساڵ تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا شارەکە شوێنەواری بوومەلەرزەکەی هەڵگرتووە و ڕزگاربووانی بوومەلەرزەکە هێشتا ماتەمینی لەدەستدانی کەسوکارە مردووەکانیان دەگێڕن، لە ماوەی دوو ساڵدا قوربانیانی بوومەلەرزە هەوڵیاندا چارەسەری برینەکانیان بکەن، بەڵام بەهۆی خراپی بارودۆخ و کەمی پێداویستییەکان، دۆخەکە تادێت درێژخایەن دەبێت.
کێشەی نیشتەجێبوون، نەخۆشییە درمیەکان، توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان، هاوسەرگیریی منداڵان و مردنی گوماناوی لە شارەکەدا ڕوو لە زیادبوونە. سەرەڕای ئەمەش خزمەتگوزارییەکان لە شارەکەدا بە تایبەت لە بواری چاودێری تەندروستیدا زۆر سنووردارە.
ڕەنگین کیلیچ، سەرۆکی لقی سەمسوری سەندیکای کارمەندانی تەندروستی (SES)، سەبارەت بەو ڕووداوانەی دوای بوومەلەرزەکە ڕوویانداوە، بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.
لە شارەکەدا تەنها یەک نەخۆشخانە کاردەکات
ڕەنگین کیلیچ ڕایگەیاند، دوای بوومەلەرزەکە تەنها یەک نەخۆشخانە بە دەرفەتی سنووردار لە شارەکەدا کاردەکات، نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە ژنان و منداڵان دروستکراوە بەڵام هێشتا نەخراوەتە خزمەتەوە.
ڕەنگین کیلیچ باسی لەوەشکرد، ئەو کەسانەی لە گوند و قەزاکان دەژین ناتوانن دەستیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بگات، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ژنانەی لە ناوچە گوندنشینەکان دەژین، بەهۆی هەردوو کێشەی ئابووری و گواستنەوە دەستبەرداربوون لە چارەسەرکردن.
"شارە وێرانبووەکان بارگرانی ژنان قورستر دەکەن"
ڕەنگین کیلیچ ڕایگەیاند، ١٢٠ هەزار کەس لە شوێنە وێرانبووەکانی شارەکەدا دەژین و ئاماژەی بەوەشکرد تاوانەکانی دژی ژنان لەو شوێنانە زیاتر بوون و وتیشی: ژیان بۆ ژنان قورسە بەهۆی ڕۆڵی ڕەگەزییەوە و ئەم پرۆسەیە چارەسەرنەکراوە بارگرانییەکەی قورستر کردووە، داتای پەیوەندیدار بەمەوە و ئەو کۆبوونەوانەی کە ئەنجامی دەدەین هەیە، ژنان لە شارە وێرانبووەکاندا تووشی توندوتیژی و ئازار و نەخۆشی دەبن، ئاخر ئەو شوێنانە سەلامەت نین و کێشەکە چارەسەر نەکراوە، ئەمەش وایکردووە دوو ساڵە کێشەکان زیاتر ببن. بەداخەوە لەم پرۆسەیەدا ژنان بەهۆی ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕوویان بووەتەوە، چ لە ڕووی دەروونی و چ لە ڕووی جەستەییەوە، زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.
ڕەنگین کیلیچ داتاکانی کێشەکانی ژنانی لەگەڵ دەزگاکەمان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بڵاوکردەوە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە میانی کۆبوونەوەکانماندا لەسەر ئەو بابەتە، بینیمان ئەگەر مانگانە ٥۰ داواکاری بۆ پزیشکی دەروونناس هەبێت، ئەوا ۳٥یان ژنن، ئەم ڕێژەیە کە دەکرێت بگاتە لەسەدا ٨٠، ژمارەیەکی زۆر بەرزە. هۆکاری سەرەکی ئەم بەکارهێنانانە بریتییە لە زەبر و زەنگی دوای بوومەلەرزە، تێکچوونی ژیان و کەمخەوی، کاتێک لە هەموو شارەکاندا ئەم کارە دەکەین، داتای زیاتر دەبینین.
هاوسەرگیری منداڵان سێ هێندە زیادی کردووە
ڕەنگین کیلیچ لە درێژەی قسەکانیدا بە نموونە لە شارەکەوە وتی: دەبینین دوای بوومەلەرزەکە هاوسەرگیریی منداڵان لە شارەکەدا سێ هێندە زیادی کردووە، ئەمانە ئەوانەن کە ئێمە دەستنیشانمان کردووە و تۆمارمان کردووە. لەم پرۆسەیەدا چەندین ڕووداوی تۆمارنەکراو هەن، لەم پرۆسەیەدا توندوتیژی و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان لە شارە وێرانبووەکاندا زیادیکردووە.
ئەو خەڵکەی کە پێشەنگی گەلن
ڕەنگین کیلیچ ئاماژە بەو ڕاستییە دەکات کە تێچووی ئەو سەختییەی ئێستا و نەبوونی خۆراک لە شارەکەدا بووەتە هۆی زیادبوونی ژمارەی ژنانی دووگیان و لە چیرۆکە درێژەکەیدا دەڵێت: لە ماوەی ٣٠ ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەی ژنانی دووگیان بە ڕێژەی لە سەدا ٣٠ زیادی کردووە، پێش بوومەلەرزەکە لە هەر ١١٥ هەزار کەس ٣٣٠ حاڵەت هەبووە، بەڵام لە ماوەی دوو ساڵدا ژمارەکە بۆ ٤٩٠ حاڵەت لە هەر دوو ملیۆن و ٢٧٢ هەزار کەس زیادی کردبوو، ئەمانە تەنها ئەو داتایانەن کە کۆمان کردۆتەوە، زیانەکان زۆر زیاترن.
وتیشی: لەلایەکی دیکەوە بەهۆی نزیکبوونەوەی ساڵیادی بوومەلەرزەکە، ئەوانەی خزمەتگوزاری و ماڵەکانیان وەرگرتووە، هەست بە ئاسوودەیی دەکەن.
ڕەنگین کیلیچ وتی: باروودۆخەکە بووەتە هۆی زیادبوونی فرۆشتن و بەکارهێنانی ماددە زیانبەخشەکان لە بازاڕدا.
کێشەی خۆراک و ئاو دەبێتە هۆی نەخۆشی
ڕەنگین کیلیچ ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی کەمی خۆراک و ئاوی پاک، پەتا و دابەزینی جەستەیی ڕوودەدات و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەتوانین بڵێین یەکێک لە نەخۆشییە بەربڵاوەکان، سیل، تا ئێستاش بوونی هەیە، هەروەها تووشبوون بە مێشوولە سپییەکان لە زیادبووندایە، هەوکردنی بۆری میز و نەخۆشی پێست و هەڵوەرینی قژ باون، بەتایبەت لەگەڵ منداڵدا هەڵوەرینی قژ گەیشتووەتە ئاستی سەرڕووتاوی، هۆکاری سەرەکی ئەم نەخۆشیانە نەبوونی ئاوی پاکە، جگە لەوەش دایکان و منداڵەکان هەم لە ڕووی جەستەیی و هەم لە ڕووی دەروونییەوە لە دوای خۆیان بەجێدەهێڵرێن، هۆکاری سەرەکی ئەمەش بەداخەوە کەمی خۆراکە.
لە ماوەی هەفتەیەکدا سێ حاڵەتی گیان لەدەستدانی گوماناوی!
ڕەنگین کیلیچ ڕایگەیاند کە لە ماوەی هەفتەیەکدا ٣ کەس بە شێوەیەکی گوماناوی لە شارەکەدا گیانیان لەدەستداوە و ڕایگەیاندووە کە ئەم ڕووداوانە وەک 'خۆکوشتن' تۆمارکراون، هاوکات داوای کرد کە ناوچەی بوومەلەرزەکە لەبیر نەکرێت و بخرێتە بەرنامەی کارەوە، چ لە ڕووی ماددی و چ لە ڕووی ڕۆحییەوە و لە کۆتاییدا وتی: دەبێت هەوڵی پێویست بۆ قوربانیانی بوومەلەرزە بدرێت.