دوای ڕاگرتنی هاوکارییەکان لە کەمپی زامزم؛ هۆشداری لە برسێتی بۆ هەزاران ئاوارە درا
بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای هۆشداریدان لە برسێتییەکی نزیک کە مەترسی لەسەر ژیانی هەزاران خێزانی کەمپی پەنابەرانی زامزم لە سودان هەیە، جەختی لەوە کردەوە کە شەڕ و پێکدادانی توند و تێکهەڵچوونە بەردەوامەکان وایکردووە ئەو ڕێکخراوە ئۆپەراسیۆ

ناوەندی هەواڵ- ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی شوبات، بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە دابەشکردنی پێداویستییە خۆراکییە گرنگەکانی بەسەر کەمپی پەنابەرانی زامزم لە سودان بە هۆکاری زیادبوونی توندوتیژی لە باکوری دارفور لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ڕاگرتووە و بەشێوەیەکی کاتی کارمەندەکانی کەمپەکەیان چۆڵکردووە.
بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە مەترسی نزیکبوونەوەی برسێتی مەترسی لەسەر ژیانی هەزاران خێزانی کەمپی زامزم دروست دەکات. شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای سودان و "هێزەکانی پشتیوانی خێرا" کە لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣ دەستیپێکردووە، خراپترین قەیرانی مرۆیی و برسێتی لە ماوەی دەیان ساڵدا لە سودان دروستکردووە.
بەرنامەی خۆراکی جیهانی جەختی لەوە کردەوە کە ململانێی توند و توندوتیژی بەردەوام بووەتە هۆی بێبەشکردنی هەزاران ئاوارە لە خۆراک و یارمەتییە گرنگەکان و زۆرێکیان ئێستا ڕووبەڕووی برسێتی ڕاستەقینە بوونەتەوە. زیادبوونی توندوتیژی لە دوو هەفتەی ڕابردوودا وایکردووە ڕێکخراوەکە بە هۆکاری ئەمنی کارمەندەکانی چۆڵ بکات.
بەڕێوەبەری ناوچەیی بەرنامەکە لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا هۆشداریدا لەوەی ئەگەر بەستنی هاوکارییەکان بەردەوام بێت، ئەوا هەزاران خێزان لە کەمپی زامزم لە هەفتەکانی داهاتوودا ڕووبەڕووی برسێتی دەبنەوە.
ماوەی دوو ساڵە سودان شاهیدی ململانێی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرایە، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە ١٢ ملیۆن کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات. جگە لەوەش، بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا سودان لە جیهاندا ڕووبەڕووی گەورەترین قەیرانی برسێتی بووەتەوە.
لە ١١ی شوباتدا هێزەکانی پشتیوانی خێرا هێرشیان کردە سەر کەمپی پەنابەرانی زامزم کە دەکەوێتە باشووری شاری ئێلفاشر. ئەم کارە بووە هۆی پێکدادان لەگەڵ سوپای سودان و ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەپۆلی توندوتیژیی ئەم دواییە بازاڕی ناوەندی کەمپەکەی وێران کردووە و زیاتر دانیشتووانی لە سەرچاوەی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان دابڕاوە. لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو، نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی ڕایگەیاند، دانیشتوانی کەمپی زامزم کە نزیکەی نیو ملیۆن کەسی تێدایە، بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنن. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەشت ملیۆن کەس لە سودان لە لێواری برسێتیدا دەژین و بە مەزەندەکردنی ٢٥ ملیۆن کەسی دیکە ڕووبەڕووی نائاسایشی خۆراک دەبنەوە.