"دوای ١١ ساڵ ئەنجامدەری دەستدرێژی سێکسی سەر ژنان کە تیرۆرستانی داعشن سزا نادرێن"

ژنانی ئێزدی کە لە دایکبوون، مافی ژیانکردنیان وەک کەسێکی ئاسایی لێ زەوت کراوە، پێویستە لە ڕێگەی گۆڕانکاری یاساییەوە هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی ناسنامە بۆ منداڵانی ئێزدی بدرێت.

هێلین ئەحمەد 

 

سلێمانی- ١١ ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئێزدییەکاندا تێدەپەڕێت، کە لە ناویاندا ژنان ڕووبەڕووی دەستدرێژی و گرتن و بازرگانی کردن دەبوونەوە، تا ئێستاش بەشێک لە ژنان کە دیلی دەستی داعشن ئازاد دەکرێن و بە خانەوادەکانیان شاد دەبنەوە، بەڵام لەدوای دەستدرێژیەکان لایەنی پەیوەندیدار وەک پێویست ڕێکاری یاسایی بەرامبەر تیرۆرستانی داعش نەگرتۆتە بەر، هەروەها بۆ دابینکردنی ژیانێکی دروست بۆ ئەو ژنانە هەوڵنەدراوە، عێراق تەنها لە ڕێگەی شایستە داراییەک بە بڕە پارەیەکی کەم توانیویەتی کار بۆ ژنان کردووە، هەروەها زۆرێک لەو ژنانەی گەڕێندراونەتەوە لە بارودۆخێکی دەروونی توندا دەژین، تا ئێستا ڕێکاری یاسایی و تەندروستیان بۆ ئەنجام نەدراوە، هەروەها منداڵانی ئەو ژنانەی داعش ڕافاندنی، بە هۆکاری دیارنەبوونی باوکیان کە داعش بووە، ناتوانن لەگەڵ دایکیان لە زێدی خۆیان بژین، ناتوانن خاوەنی ناسنامەی خۆیان بن، تا بتوانن وەک هەر مرۆڤێکی ئاسایی بژین، لە ساڵی ٢٠١٨دا کەمپینیک لە باشووری کوردستان بۆ ناساندنی ئەو منداڵانە ڕاگەیەندراوە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، کە ژنان لەسەر سنوورەکان منداڵەکانیان بێسەرووشوێن دەکرێن، یان ژنان لەگەڵ منداڵەکانیاندا دوور لە خێزانەکانیان دەژین. 

 

" ژنانی ئێزدی بۆ دەستکەوتنی مافەکانیان پێویستیان بە گۆڕانکاری یاسایی هەیە"  

گەشە دارا حەفید، پارێزەر و چالاکوانی مافەکانی ژنان، ئاماژەی بەوەکرد، جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان دەرکەوتنی ناڕاستییەکی گەورەی مافەکانی مرۆڤە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بانگەشەی بۆ دەکرد، ژنانی ئێزدی تاوانی گەورەی توندوتیژی سێکسیان بەرامبەر ئەنجام دراوە وتی: ١١ ساڵ بەسەر دەستدرێژیە سیکسییەکان و توندوتیژییەکان بۆسەر ژنانی ئێزدی تێپەڕ دەبێت، بەڵام تا ئێستا تیرۆرستێکی داعش بە تۆمەتی دەستدێژی سێکسی بۆسەر ژنان لە دادگاکاندا سزای بەسەردا نەسەپێندراوە، ئەو چەکدارانەی داعش بە تاوانی کوشتنی ئاسایی بە سزا دەگەیەندرێن، کە تاوانێکی گەورە بەرامبەر مێژووی مرۆڤایەتی کراوە، لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە لایەن دەوڵەتانی زلهێزەوە کە باسی مافەکانی مرۆڤ دەکەن، هێچ هەڵوێستیکیان بۆ داواکردنی مافەکانی ژنانی ئێزیدی نییە، لە کاتێکدا هەنێک لە هاوڵاتی وڵاتەکەی خۆیان ئەنجامدەری  ئەو دەستدرێژی و جینۆساییدەن کە بەرامبەر ئێزیدییەکان ئەنجامدراوە، تەنها عێراق کەمتەرخەمی لە مافەکانی ئێزیدی ناکات بەڵکو تەواوی جیهان بەرپرسن لە سەندی مافی هاوڵاتیانی ئێزیدی بە تایبەت لە ناویاندا ژنان، لە دوای دەستدرێژییە سێکسییەکانی بەرامبەر بە ژنانی ئێزیدی لە لایەن چەتەکانی داعشەوە ئەنجام دراوە، زۆرێک لە ژنان ناتوانن دووبارە بگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان، بە هۆکاری هەبوونی منداڵ لە چەتەکانی داعش، لە کاتێکدا منداڵەکان باوکیان وجودی نییە، بۆیە کۆمەڵگە و کولتووری ئێزدییەکان ئەو منداڵانە قبوڵ ناکەن، بە ناچاری ژنان ناگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ژیانیکی پڕ لە ئاستەنگی بەڕێدەکەن تا بتوانن منداڵەکانیان لە لای خۆیان پەروەردە بکەن، بەشێکیش لە ژنان لەسەر سنوورەکان منداڵەکانیان لێزەوت دەکرێت، بەبێ ئەوەی چارەنووسی منداڵەکان دیاری بکرێت، هەروەها ئەو منداڵانە بەبی هەبوونی ناسنامە دەمێننەوە.

 

وتیشی: ئێمە لە ٢٠١٨وە، کەمپینێکمان بۆ  ناساندنی ئەو منداڵانە ڕاگەیاندووە، بۆ ئەوەی منداڵەکان بێبەش نەبن لە هەبوونی ناسنامە، کە ناسنامەیان لەسەر ناوی دایکیان بۆ دروست بکرێت، تا لە داهاتوودا لە کۆمەڵگەدا ڕووبەڕووی کارگرانی نەبنەوە، ئەمەش پێویستی بە گۆڕانکاری لە یاسادا هەیە، بەڵام لە عێراقدا یاساکان لە ڕێگەی مافەکانی مرۆڤەوە داناندرێت، تا بتواندرێت چارەسەری کێشەکانی پێبکرێت، بەڵام لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لە بەشێک لە وڵاتاندا ئەومنداڵانەی لە دەرئەنجامی دەستدرێژییەکانی چەکداران بەرامەر ژنان دروست ببوون، دەکران بە ناوی دایکەکانەوە، تا بتوانێت ژیانی وەک مرۆڤێکی ئاسایی بەڕێبکات، هەروەها بەهۆی دەرچوونی یاساییەک بۆ دابینکردنی بڕێک پارەی کەم، بۆ ژنانی دیلی دەستی داعش، کە نسبەیەکی کەم بۆئەو ژنانە دەبڕدێتەوە، لە کاتێکدا بەشی دابینکردنی بژێوی سەرەتاییان  ناکات.  

 

"تاوانبارانی داعش لەسەر کەیسەکانی جینۆسایدی کورد دەستدرێژییەکان سزا نادرێن" 

ئاماژەی بەوەکرد، لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەستگرەوەیەک بۆ ژنانی ئێزیدی دیلی دەستی داعش هەیە، بەڵام ئەو بڕە پارەیە ناتوانێت بژێوی ژیانی ژنان و منداڵەکانیان دابین بکات، وتیشی: لە کەمپەکاندا ژیانێکی نەمرەو نەژی بۆ ژنان دەستەبەر کراوە، لە ڕێگەی پەرلەمانەوە بڕە پارەیەکی کەم بۆیان دابین کاروە،بەڵام باتوانن ژیانی ڕۆژانەینی پێ دابین بکەن، هەروەها ژنان لە دوای دەستدێژی و کوشتنەکانیانەوە لە ئێستادا کێشەی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیانهەیە، کەناتوانن ئەو منداڵانەی لەدوای دەستدرێژییەکان هەیانە، لەگەڵ خۆیاندا ژیان بکات، بۆیە پێویستە پەرلەمانی عێراق بە دەرچوون و گۆڕانکاری یاسایی هەوڵ بۆ دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی ژنانی ئێزدی دیلی دەستی داعش بکات، هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کەمتەرخەمی بۆ دابینکردنی مافەکانی ئەو ژن و منداڵانە هەیە، لە کاتێکدا دەتواندرێت لە لایەن دادگا نێودەوڵەتییەکانەوە ئەو تاوانبارانە بە سزای توند بگەیەنن، هەروەها مافەکانی ژنان دابین بکەن، ئەو تاوانانەی بەرامبەر کورد دەکرێت لە لایەن داگیرکەرانەوە تائێستا گیراوان بە سزای خۆیان لەسەر مافی کورد بە سزا نەگەیەندراون، نمونە ڕژێمی سەدام حسێن لەسەر تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە سزای بەسەردا نەسەپێندرا،  لەسەر بودجەی سزای بەسەردا سەپێندرا، بۆیە دەبێت ئێمەی کورد هەوڵ بدەین ئەو تاوانبارانە لەسەر تاوانی جینۆسایدکردن و دەستدرێژییە سێکسییەکان بۆسەر کورد سزا بدرێن، ئەوەش بۆ نەبوونی کورد وەک دەوڵەتێک دەگەڕێتەوە، لە کاتێکدا ئێمە چەندین بابەتمان هەیە کە دەتوانین بیکەین بە کەیس و هەموو دونیای لێ تێبگەیەنین، هەروەها دەسەڵاتدارانی هەرێم وەک پێویست بەرپرسیار نەبوون لە دابینکردنی مافەکانمان. 

 

گەشە دارا حەفید لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوەکردەوە، ژنان لە ڕێگەی خۆڕێکخستنەوە بە ئاڕاستەی بەدەستهێنانی مافەکانیان و پاراستنیان هەوڵ بدەن، هەر بە ڕێکخستنبونێک بە ئاڕاستەی بەدەستهێنانی مافەکانیان گرنگە، پێویستە هاوڵاتیان و لە ناویاندا ژنان خۆیان بەڕێکخستنبکەن، تا بتوانن فشار بۆ دەوڵەتان دروست بکەن و افەکانیان دابین بکەن، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکرێت، تامافەکان بەدەست بخەن، لە داهاتودا بۆنەوەکانمان پێویستمان بە خۆڕێکخستن هەیە تا کاری وا قێزەون بەرامبەریان ئەنجام نەدرێت.