دەستپێشخەرییەکی نوێی ڕێکخراوەکانی ژنانی ئێزیدی: "بۆ دادپەروەری و ئازادی - ببە دەنگی بەدیلگیراوان"
ڕێکخراوەکانی ژنانی ئێزدی لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی شنگال، کەمپەینێکی نێودەوڵەتییان ڕاگەیاند و ڕاگەیەندراوێکیشیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، تائێستاش ژنانی ڕزگاربووی جینۆسیاد لە بەردەم مەترسی کۆمەڵکوژیین و دەبێت چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان ئاشکرا بکرێت.
شنگال
لە ١٢هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی شنگال، تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی "تاژێ، سیوانی ئەنجومەنەکانی ژنانی ئێزدی، لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنانی ئێزدی لە سووریا، ڕووسیا و ئەرمەنستان"، بە دروشمی "بۆ دادپەروەری و ئازادیی، تۆش ببە بە دەنگی دیلەکانی کۆمەڵکوژی" کەمپەینێکی نێودەوڵەتییان ڕاگەیاند.
بە ئامادەبوونی ئەندامانی تاژێ لە شارۆچکەی سنوونێ، لەلایەن ڕرهام هیچۆ، وتەبێژی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تاژێ راگەیاندراو خوێندرایەوە، لە سەرەتادا یادی شەهیدانی فەرمانی ٣ـی ئاب کرایەوە و ناوەڕۆکی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیە بوو:
“لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤دا، داعش دژی کۆمەڵگەکەمان کۆمەڵکوژییەکی جەستەیی و کولتووری ئەنجامدا، ئەو فەرمانەی (کۆمەڵکوژییەی) دژی کۆمەڵگەکەمان دەستیپێکرد، لە بنەڕەتدا فەرمانێکی ئامانجدار و سیستماتیک بوو دژی ژنانی ئێزدی، لە کەسایەتی ژندا ویستیان لە ڕێگەی فەرمانی ٧٤هەمینەوە کۆمەڵگاکەمان لەسەر ڕووی زەوی بسڕنەوە، بە نزیکبوونەوەی ساڵیادی فەرمانەکە، کە ١٢ ساڵی خۆی تەواو دەکات، ئێمە یاد و ڕێز لە تەواوی گیانبەختکردووان و قوربانیانی فەرمانەکە دەگرینەوە و جارێکی دیکە هاوبەشی ئازار و برینەکانی کۆمەڵگەکەمان دەبین.
ژنکوژی و جینۆساید دژی کۆمەڵگاکەمان بەردەوامە
له مێژووی کۆمهڵگاکهماندا ئەو ڕۆژە وەک (جینۆساید و ژن کوژیی بە کۆمەڵ) دژی مرۆڤایەتی تۆمار کرا، لە سەدەی ٢١ەمیندا، ئەم تاوانە کۆمەڵکوژییەی دژی کۆمەڵگاکەمان ئەنجامدرا، لە بنەڕەتدا تاوانێک بوو دژی بەهاکانی مرۆڤایەتی، دژی بوون، کولتوور، ناسنامە و پیرۆزییەکانی گەلێک بوو. تاوانێکی قورس بوو دژی کولتووری دایکسالاری، هێشتاش لە چاوەڕوانیی لێپرسینەوە و سەرکۆنەکردندایە. لەم جینۆساید و فێمینیسایدەدا، بە هەزاران کەس کوژران، ڕفێندران و لە بازاڕەکاندا فرۆشران. ئەو خەڵکەشمان کە لە فەرمانەکە ڕزگاریان بوو، بە دەیان هەزاریان لە ماڵ و حاڵ و زێدی خۆیان دەرکران؛ بە هەزاران ژن، کچ و منداڵ ڕفێندران، کرانە کۆیلە و ڕووبەڕووی دەستدرێژیی و توندوتیژیی دەروونی و جەستەیی بوونەوە.
تا ئێستا ١٩ وڵات و چەندین دامەزراوە و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، فەرمانی سەر کۆمەڵگاکەمانیان وەک جینۆساید بە فەرمی ناسیوە، بەڵام ئەم ناسینە بەس نییە، ئەم فێمینیساید و جینۆسایدە تا ئێستاش بە چەندین شێوازی سیستماتیک دژی کۆمەڵگاکەمان بەردەوامە. زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان و هاوبەشانی ئەم تاوانە قورسە، بە ئەنقەست ئامانجیانە ڕاستیی فەرمانەکە تاریک بکەن و تاوانە ئەنجامدراوەکان فەرامۆش بکەن (بدەنە لەبیرکردن). ئەم هەوڵە بەسەر هەر تاکێکی کۆمەڵگاکەماندا بە ڕێبازی تایبەت و ورد دەسەپێندرێت.
دوو هەزار و٧٠٠ لە کەسمان بە تایبەت ژنانی ئێزدی تا ئێستا بێسەروشوێنن
بە تایبەتی دژی ئەو ژنانەی کە تا ئێستا ڕزگاریان بووە، سیاسەتێکی زۆر چەپەڵ بەڕێوە دەچێت، هەرچەندە ١٢ ساڵ بەسەر فەرمانەکەدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا ٢,٧٠٠ کەس و بە تایبەتی ژنانی ئێزدی بێسەروشوێنن، ڕوونکردنەوەی چارەنووسی ئەو کەسانە، چارەنووسی کۆمەڵگاکەشمان دیاری دەکات. ئەم بێسەروشوێنانە تەنیا ژمارە نین، ئەمانە ژیان، یادەوەری و چارەنووسی ژنانی ئێزدین کە تا ئێستا بێدەنگ و بێزانیاری ماونەتەوە. بنەماڵەی ئەم دیلانە ساڵانێکە لە ناو ئازار، بێهیوایی و چاوەڕوانیدا دەژین. بنەماڵەکانمان کە هەر ڕۆژ بە هیوای زانیارییەکی نوێوە بەئاگا دێن، زۆرجار ڕووبەڕووی بێدەنگکردن دەبنەوە. لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپاشدا، ئەو بنەماڵانەی کە کەسی بێسەروشوێنیان هەیە، لە پشتیوانیی پێویستی یاسایی، دەروونی و کۆمەڵایەتی بێبەشن. ئەم دۆخە ئازارەکانیان کەم ناکاتەوە، بەپێچەوانەوە زیاتر قووڵی دەکاتەوە، چۆن ١٢ ساڵە پرسیار لە چارەنووسی دیلەکانی فەرمانەکە دەکەین و بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان داوای لێپرسینەوە دەکەین، دیسان دەڵێینەوە، تا تاکە بێسەروشوێنێکی ئێمە و گۆڕێکی بەکۆمەڵ لەسەر عەرز بمێنێت، ئێمە لێپرسینەوە لە تاوانبارانی فەرمانەکە دەکەین و لە بەرامبەر ئەم تاوانە مرۆییەدا بێدەنگ نابین.
تا یەک گۆڕی بەکۆمەڵ لەسەر زەوی نەمێنێت، لێپرسینەوە لە تاوانبارانی فەرمانەکە دەکەین
بەو بەرپرسیارێتییەوە، ئێمە وەک تاژێ و تەواوی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی ژنانی ئێزدی، بە بۆنەی ١٢هەمین ساڵیادی فەرمانەکەوە، بۆ ژنان، منداڵان و مرۆڤە بێسەروشوێنەکانمان، هەڵمەتێک بە درووشمی:
“بۆ دادپەروەری و ئازادی – تۆش ببە بە دەنگی دیلەکانی فەرمانەکە” دەستپێدەکەین، ئەم هەڵمەتە لە ١٧ـی تەممووزەوە دەستپێدەکات و تا ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا بەردەوام دەبێت.
لە ١٢هەمین ساڵیادی فەرمانەکەدا، دەستپێکردنی هەڵمەتێکی لەم شێوەیە هەم بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین و هەم سووربوونی خۆمان بۆ لێپرسینەوە و داواکردنی مافەکانمان دەردەبڕین، ئەم هەڵمەتە هەڵبژاردنێکی هۆشیارانەیە و بانگەوازێکە بۆ سەرجەم ئەو ژنانەی کە دژی نادادپەروەری و تاوانەکانی کۆمەڵکوژی تێدەکۆشن؛ چونکە لەم فەرمانەدا ژنان، منداڵان و دایکانی ئێمە ئازاری زۆر گەورەیان چەشت. ئەوانەشی کە تا ئێستا بێسەروشوێنن، زۆربەیان ژن و منداڵن.
ئامانجی ئەم دەستپێشخەرییە، بەڕێوەچوونی خەباتێکی یاسایی هاوبەشە
ئامانجی ئەم هەڵمەتە، ئەوەیە کە لە ناوەندە و ڕای گشتیی جیهانیدا تیشک بخەینە سەر ئەم دۆخە سەختەی کە کۆمەڵگاکەمان چاوەڕێی چارەسەرکردنیەتی، خەباتێکی یاسایی هاوبەش بۆ دیاریکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان بەڕێوەببەین، دیسانەوە بۆ ئەوەی ئەو سیاسەتەی دژی ڕزگاربووان بەڕێوەدەچێت، پووچەڵ بکەینەوە و ئەو هەوڵانەش ئاشکرا و ڕیسوا بکەین، کە دەیانەوێت شنگال لە ئێزدییەکان چۆڵ بکەن، دەستمان بەم هەڵمەتە کردووە.
یادکردنەوەی جینۆساید تەنیا بە دەربڕین لە ڕێگەی بەیاننامەوە ناپارێزرێت، بەڵکوو بە بەرپرسیارێتی و بە خەباتی کۆنکرێتی (کرداری) دەپارێزرێت. دەبێت تاوانباران دادگایی بکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. ئەگەر جیهان لە بەرامبەر ئەم تاوانە قورسەدا بێدەنگ بمێنێتەوە، ئەوا ئەم تاوان و کارەساتانە بەسەر تەواوی ژنانی جیهاندا بە ڕەوا دەبینرێت، لە ئەنجامی شەڕەکاندا، ژنان و کۆمەڵگا ڕووبەڕووی مەترسیی کۆمەڵکوژین. ئێمە دەڵێین نابێت تەنانەت یەک ژنیش ڕووبەڕووی ئەم جۆرە دڕندەییە دژە مرۆییانە ببێتەوە، تا تەواوی ژنانی بێسەروشوێن نەدۆزرێنەوە و چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان ئاشکرا نەکرێت و تا دادپەروەری بەدی نەیەت، خەباتی ئێمە بەردەوام دەبێت، لەسەر ئەم بنەمایە، بانگەواز ئاراستەی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی ژنانی جیهان، نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا، تەواوی ئەو دەوڵەتانەی کە فەرمانەکەیان وەک جینۆساید ناساندووە، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، دەزگاکانی چاپەمەنی و ڕاگەیاندن و سەرجەم ئەو کەسانە دەکەین کە باوەڕیان بە مافی یەکسانی و دیموکراسی هەیە؛ گوێبیستی ئەم هەڵمەتە بن و ئەرکە مرۆییەکانی خۆیان بەجێبهێنن.
س. ع