دەستنەگەیشتن بەخزمەتگوزارییەکان گەندەڵی و نایەکسانی لەنێوان ژن و پیاودا دروست دەکات"
لە هەرێمی کوردستان تادێت قەیرانەکان قوڵتر دەبنەوەو خزمەتگوزاری بەردەست نییە، چالاکوان دڵسۆز زەنگەنە دەڵێت: گەندەڵی لەدابینکردنی خزمەتگوزارییەکاندا کاریگەری لەسەر ژنان و خێزانەکان دروست کردووە.
دێرین ڕەحیم
سلێمانی-ژنان بەرکەوتەی یەکەمی گەندەڵین و زۆر کات لە ڕووی دەروونییەوە تووشی شڵەژان و ناڕەحەتی دەبن، چونکە لەکاتی قەیرانی نەبوونی ئاو و سووتەمەنیدا، ژنان لە ماڵەوە کار دەکەن و ژیانی خێزان و دەورووبەریان بەڕێوە دەبەن لە نەبوونی کارەبا، موچە و سووتەمەنیدا،کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانیان هەیە، لە کاتێکدا گەندەڵیی سیاسی و ئیداری، لەگەڵ پەککەوتنی کارەکانی پەرلەمان، قەیرانەکانی هەرێمی کوردستانی قووڵتر کردووەتەوە، هاوڵاتییان بە تایبەتی ژنان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بەردەوامی داڕمانی دۆخی ئابووری، دواخستنی موچە و کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بوونەتەوە، سەبارەت بەم دۆخە و کاریگەریی قەیرانەکان لەسەر ژنان، دلسۆز زەنگەنە، چالاکوان بۆ ئازانسەکەمان قسەی کرد.
'' ژنان بەرکەوتەی یەکەمی گەندەڵین و زۆر کات لە ڕووی دەروونییەوە تووشی شڵەژان دەبن''
دڵسۆز زەنگەنە وتی: گەندەڵی بەگشتی هەموو کۆمەڵگەی گرتۆتەوە بەڵام ژنان زیانبەرکەوتووی یەکەمن و گەندەڵیەکانن چونکە زۆربەی بەرپرسیارێتی لەسەر شانی ئەوانە، بەرپرسیاریەتی خزمەتکردنی خێزان و بەڕێوەبردنی خیزان، ژنان لەکۆمەڵگە زۆرترین توشی قەیران دەبن لەبەر ئەوەی کەمتر دەستگەیشتوون بەداهاتەکان، گەندەڵی بەگشتی باسی بکەین نەخۆشیەکی کوشندەیە، چونکە ئەو نەخۆشیە ڕەگەکانی بڵاوە لەکۆمەڵگە، هیچ کەس بێبەش ناکات لەمە، بارگرانی دەخاتە سەر ژنان لەبەرئەوە زۆر جار ژنان بەهۆی گەندەڵیەوە تووشی زۆر نەهامەتی دەبن و ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی دەبن زۆر کات لە ڕووی دەروونییەوە تووشی شڵەژان و ناڕەحەتی دەبن، ئەو گەندەڵیانە دەچیتە سەر شانی ئەوان بەهۆی کۆمەڵگەکەیانەوەیە کەوادەکات یان بەهۆی ئەم دەسەڵاتانەوەیە وادەکات بارگرانیەکان بەسەر ژنان بێت، سیستەمێکی ناڕێک هەیە لەکۆمەڵگەکەدا مافی ژنان و داهاتی ژنان تەرخان نەکراوە کەژنان ئەو بارگرانیەیان لەسەر کەم بێتەوە، گەندەڵی بەگشتی هی عێراقە هەرێمی کوردستانیش بێبەش نییە لە گەندەڵیەکان، ئەو دۆخە هەموو گرتۆتەوە بەهۆی ناڕێکی سیستەمەکان بەهۆی ناشەفافیەت و نادادپەروەری هەیە، بەهەموو شێوەیەک یەکسانی نییە لەناو کۆمەڵگەکەدا، دابەشکردنی کار نیە لەناو کۆمەڵگەدا بەتایبەتی بۆ ژنان ئەو ژنانەی کەکاردەکەن ڕووبەڕووی بەربەستی زۆر دەبنەوە کەدەستیان بەکار کردووە دەستیان دەگات بەداهاتێک کە لەڕەنج و قوت و ماندوبوونی خۆیانە، کارئاسانی نییە بۆ ژنان کە بتوانن بەئاسانی کارەکانیان جێبەجی جکەن، پلان و سیستەمێکی تۆکمە نییە، ژنان پێویستیان بەوەیەخزمەتگوزاریی زیاتر بچێتە بەردەستیان، کاتێک خزمەتگوزاریی لاوازەو گرانە، دەستیان نەگاتە خزمەتگوزاریەکان کەواتە ڕووبەڕووی بارگرانیەکی قورس دەبن.
ئاماژەی بەوەشکرد، گەندەڵییەکان کە بڵاودەبێتەوە لەبەر نەبوونی سیستمێکی دادپەروەرانەیە بۆ دابەشکردنی داهات و سامانی ئەم هەرێمە، چونکە یەکسانی نییە و نادادپەرروەری هەیە، ئەو خزمەتگوزارییە سادانەی ئێمە باسی دەکەین، لە کۆمەڵگە، ئاوە و کارەبایە، پێداویستییە تەندروستییەکان، ڕێگاو بان و شەقمە ئەمانە هەمووی خزمەتگوزاریی سادەیە ،دەبێت ژن و پیاویش دەستیان پێبگات تەنیا بۆ ژن نییە ئەوە مافی هەرتاکێکە، دەبێت دەسەڵات دابینی بکات، کە ئەمە دابین نەکرا کۆمەڵێک گرفت دروست دەبێت لەناو خێزانەکاندا.
"دەستنەگەیشتن بەخزمەتگوزاریەکان نایەکسانی لەنێوان ژن و پیاودا دروست دەکات"
دڵسۆز زەنگەنە ئاماژەی بەوەشکرد، دەستنەگەیشتن بەخزمەتگوزارییەکان نایەکسانی لەنێوان ژن و پیاودا دروست دەکات، وتی: زۆرکات پیاوان دەستیان دەگاتە هەموو خزمەتگوزارییەکان بەڵام ژنان دەستیان ناگاتە، وەک داهات و کار وکۆمەڵێک خزمەتگوزاری کە پێویستە بۆ ژنانیش دابین بکرێت وەک پیاوان، ئەگەرنا نایەکسانی دروست دەبێت لەنێوانیاندا بەرداوامیش هەیە، تەنانەت هەلی کار زۆر کات بۆ پیاوان زیاترە وەک لەژنان لەبەرئەوەی ژنان زۆر کات دەستیان ناگاتە داهاتەکان لەئاستی بڕیاردەرنین کەبتوانن کارەکان بکەن، ئێمە زۆر ژنی بەرپرسمان هەیە لەشوێنێکن کە بۆیان هەیە کۆمەڵێک گرفتی ژنان چارەسەربکەن بەڵام بەداخەوە بڕیار بەدەستەکانی خۆیان لەسەرو خۆیانەوە، ناتوانن وەک ژنێک کاربکەن بۆیە دەبینین زۆرجار ژنان لەبڕیاردانیش ناتوانن کارێک خۆیان جێبەجی بکەن و نایەکسانی دروست دەبێت، دامەزراوە چاودێریەکان خۆیان شەفاف نین بەهچ شێوەیەک ناتوانن بودجە و داهات بەشێوەکی شەفاف و دادپەروەرانە بڵاوبکەنەوەو دابەشی بکەن بۆیە ئەو دامەزراوانە ناتوانن ڕێگری لەوە بکەن چونکە خودی خۆیان ناشەفافن.
"گەندەڵی لەدابینکردنی خزمەتگوزارییەکاندا کاریگەری لەسەر ژنان و خێزانەکان دروست کردوە"
ئەوەشی خستەڕوو، گەندەلی لەسەر ئەو خێزانانەی کەم داهاتن بە ئاشکرا دیارە، کۆمەڵێک گرفت دروست دەبێت، ئەو ژنە یان خێزانە رەنگە ڕووبەڕووی دەسدرێژی سێکسی بێت بەرامبەر ئەوەی کەکارێکی پێبدرێت، یان داهاتێکی بۆ دابین دەکرێت، یان لەهەندێک لەخێزانەکان کچێکی منداڵ دەدرێت بەکەسێکی بەتەمەن ئەمەش گەندەڵیە، لەپای بژیوی ژیان منداڵە کچەکەی دەدات بەکەسێکی دەوڵەمەند بۆ ئەوەی ژیانیان دابین بکات، کاتێک کە پلان نەبوو بۆ بژێوی ژیانی کۆمەلگە و بژێوی ژیانی خێزانەکان تووشی ئەم حاڵەتانە دەبین.، ئێمە لەپارێزگا دادەنیشین ڕەنگە زۆری شوێنە دوورە دەستەکان گرفتی زۆر لەوە گەورەتر هەبێت کەبەرامبەر بەداهاتێک یان خێزانێکی کەم دەرامەتە یان هەر نییەتی ژیانی دابین بکات، کۆمەلێک گرفتی زۆر خراپی تووش دەبێت بەرامبەر بەوە، هەر لەکۆنەوە پەروەردەی خێزان و ماڵ ومندال بەدەست ژنەوە بووە، باوک بەردەوام کاردەکات و هەوڵ دەدات بژێوی ژیان پەیدا بکات، ژنان بەردەوام بەرپرسیارێتی خێزانیان کەوتۆتە سەرشان چ لەپەروەردەکردن و چ گەورەکردن و دابینکردنی خواردەمەنی هەتا خوێندنی منداڵ هەموو ئەمانە لەسەر ژنە، لەبەر ئەوەی ژنان بەرگەگرتنیان باشترە و بەبەزەیی ترن بەرامبەر منداڵ بۆ پەروەردەکردن، ژنان پایەی خێزانن هەندێک خێزانی کەم داهات هەیە هیچیان نەبووە بەڵام ژنەکە منداڵەکانی قایل کردووە.
دڵسۆز زەنگەنە وتیشی: زۆر نادادپەروەری هەیە لەنێوان خزمەتگوزاریەکان و سیاسەتی حکومەت زۆرکات دەبینین خێزانێکی کەم دەرامەت کە داهاتێکیان نییە، لەگەڵ ئەوەی هەندێک لەخێزانەکانی تر هەن چەندین کەسیان داهاتی باشیان هەیە ئەمانە توانیویانە بەهۆی چەند کەسێک دەناسن لەکۆمەڵێک جێگا شوێنی خۆیان بکەنەوە و موچەیان هەبێت، بەڵام خێزانێکی کەم دەرامەت لەوانەیە منداڵەوکانی بڕوانامەیان هەبێت نەیانتوانیوە بچنە پۆستێکی حوکمی یان ببنە فەرمانبەرێک بتوانن موچەیەک وەرگربگرن، کاتی خۆی بودجەیەک هەبوو بۆ ژنانی گەنج کە لەماڵەوە بوون یان ئەوانەی بێ هاوژین بوون مووچەیەکیان هەبوو، بەڵام دەسەڵات ئەو موچەیەیانی بڕی بەبیانووی قەیرانی دارایی هەیە، بەڵام هیچ قەیرانێکی دارایی نییە، ئەگەر قەیران هەبوایە دەبوو ئەو هەموو کۆشک و تەلارە نەبووبایە لەکۆمەڵگەکەمان.
"چەند خێزان پتەوبێت ئەوەندەش کۆمەڵگەو دەسەڵات و وڵات گەشەدەکات"
لە کۆتایی قسەکانیدا دڵسۆز زەنگەنە وتی: دەبێت حکومەت بیر لەوە بکاتەوە ئەو خێزانانەی کەم دەرامەتن بیانخاتە سیستمی میزانیەی عێراق بێ جیاوازی ڕەگەزی جێگایان بکاتەوە، بۆ ئەوەی مووچەیان بۆ دەرچێت، کە چۆن ئێستا لەعێراق هەیە، ئەو خێزانانەی کەم دەرامەتن موچەیان هەیەو لەبەشەخۆراکیش جیاوازترن لەخەڵکانی ئاساییتر، حوکمەتی هەرێمیش هەمان شت بکات ئەگەر حکومەت پێلهات و پەرلەمان کارابکرێت یەکەم کاری ئەوەبێت خێزانی کەم دەرامەت بخاتە ناو سیستمێک مانگانە موچەیان هەبێت. کۆمەڵێک پێداویستی خزمەتگوزاریان بۆ دابین بکات چ لەنەخۆشخانەو لەئاو کارەبا، چارەسەرەکانیش لەوەدایە کەدەسەڵات و حکومەت پلانی تۆکمەی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخەی کە کۆمەڵگە تێدایەو ئەو خێزانانەی کە کەم دەرامەتن، چونکە چەند خێزان پتەوبێت ئەوەندەش کۆمەڵگەو دەسەڵات و وڵات گەشەدەکات هەروەها چەند خێزان تۆکمەنەبێت و چەند خێزان لەیەکهەڵبوەشێتەوە ئەوەندە ژیانی کۆمەڵگە تێکدەچێت.