"مەرزیە وەک ژنێک و هونەرمەندێک هەمیشە بەرەنگاری سیستەمی داگیرکاری و فیۆداڵی بووەتەوە".

کۆمیتەی چاند و هونەری باشوور لە ساڵیادی کۆچی دوایی مەرزیە فەریقیدا ڕایگەیاند، خۆشەویستی و لێگەڕینی مەرزیە بۆ هونەر کە لەناو سیستەمێکی ستەمکاردا سەریهەڵدا، بووە هۆی ئەوەی ڕووبەڕووی چەندین سەختی ببێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمیتەی چاند و هونەری باشوور لە ١٨یەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مەرزیە فەریقیدا بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە و بە "ژنێک، شۆڕشگێڕێک، هونەرمەندێک پڕ لە ئازایەتی و بوێری و ڕەسەنیی" پێناسەی دەکات.

 

مەرزیە فەریقی، ناوی تەواوی مەرزیە شەھاب عەبدوڵایە، لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری مەریوانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، لە ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٠٥دا لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد، لەسەر وەسیەتی خۆی تەرمەکەی ھێنرایەوە بۆ باشووری کوردستان و لە سلێمانی لە گردی شەھیدان بە خاک سپێردرا.

 

کۆمیتەی چاند و هونەری باشوور لەبارەی مەرزیە فەریقییەوە دەڵێت: لە تەمەنێکی گەنجەوە حەز و ئارەزووی بۆ مۆسیقا دەستی پێکرد، لە سەردەمی منداڵیدا بە جوانی دەنگی خۆی، کاریگەری لەسەر خەڵکی دەوروبەری هەبووە، بۆخۆشی وەکو ژنێک کە سەرەتای دەستکردنی بووە بە کاری هونەری، بە ژنە هونەرمەندەکانی کورد وەکو مەریەم خان، نەسرین شێروان، ئایشە شان، گوڵبەهار کاریگەر بووە.

 

لە بەیاننامەکەدا باس لەو سەختیانە کراوە کە وەک کورد و ژن مەرزیە فەریقی ڕووبەڕووی بووەتەوە، "بینینی یەکەم سەختی لە ژیانیدا لە زمانی دایکیدا بووە، ئەو لە ماڵەوە بە کوردی قسە دەکات، بەڵام کاتێک لە ماڵەوە دەردەچێت، دەبێت بە فارسی قسە بکات، خۆشەویستی و لێگەڕینی مەرزیە بۆ هونەر کە لەناو سیستەمێکی ستەمکاردا سەریهەڵدا، بووە هۆی ئەوەی ڕووبەڕووی چەندین سەختی ببێتەوە؛ کە لەگەڵ گەورەبوونیدا لەو سەختییانە تێدەگات، بەتایبەت کە بنەماڵەکەی نایانەوێت گۆرانی بڵێت، چونکە کۆمەڵگە ئەو کاتە گۆرانی وتنی لەلایەن ژنانەوە بە نەرێنی دەبینی، شا پەهلەوی کە لە سەردەمی لاوێتیدا حوکمڕانی ئێرانی کردووە و دڕندەیی زۆر لە دژی کورد هەبووە، دژی ئەدای شا، مەرزیە بڕیار دەدات لەمەودوا بە فارسی گۆرانی نەڵێت، بەم بڕیارە هەنگاوێک بەرەو ناسنامەیەکی تر، کە شۆڕشە دەنێت".

 

کۆمیتەی چاند و هونەری باشوور لە درێژەی بەیاننامەکەدا بەم شێوەیە باس لە ژیانی مەرزیە فەریقی و فراوانکردنی هونەرەکەی لە ڕێگەی یەکەم کەناڵی ئاسمانی کوردی، بە ناوی MED TV دەکات؛

 

"لە ڕادیۆی بەغداوە گوێی لە هونەرمەندانی کورد دەگرێت، بە دەنگ و هونەرەکانیان خۆی پەروەردە دەکات، لە ماوەیەکی کورتدا دەبێتە تاکە ژنە گۆرانیبێژی کورد لەو ناوچەیەی کە تێیدا دەژی، پێشتر گۆرانیبێژی ژن هەبووە، بەڵام ئەو خانمە هونەرمەندانە پاش ماوەیەک وازیان لە گۆرانی وتن هێناوە، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو لە دژی ئایدۆلۆژیای فیۆدالیزم سەرکەوتنێکی بەدەستهێنابوو، قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری مەریوان دەخوێنێت، پاشان بۆ خوێندنی ئەکادیمی دەچێتە سنە،  دەبێت بە مامۆستا لە گوندێک بۆ گوندێکی تر گەشت دەکات و منداڵان پەروەردە دەکات و بە دەنگە خۆشەکەی گۆرانی دەڵێت، لەم کاتەدا شاهیدی گوشارەکانی سەر گەلی کورد و پشتگوێخستنی ژنان و کچان بوو، هەر بۆیە هەوڵی ڕێکخستنی ژنان دەدات، داوای کرد ژنان بەرەو ڕۆڵی سەرکردە کۆمەڵایەتییەکان بەرز ببنەوە، لە ساڵی ١٩٧٧ پەیوەندی بە کۆڕی مۆسیقای سنەوە کردووە و چەندین جار لە بەردەم خەڵک گۆرانی وتووە، لە ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ ناسر ڕەزازی هاوسەرگیری کردووە، خاوەنی کچێک و دوو کوڕن، هەر لەو ساڵەدا بەشداری چالاکیی دژ بە دەسەڵاتی ڕژێمی شا دەکات و لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت، لەگەڵ ئەوەی مامۆستاش بووە بەشداری لە چالاکییە هونەری و شۆڕشگێڕییەکان کردووە و لەگەڵ ناسر ڕەزازی و نەجمەدین غوڵامی گروپێک پێکدەهێنن، هونەرەکەی و ناوەڕۆکی گۆرانییەکانی بۆ خزمەتی شۆڕش ڕێکدەخات، بە گۆرانییەکانی هەوڵ دەدات هەستی شۆڕشگێڕی لە خەڵکدا پەرە پێبدات.

 

مەرزیە لە دژی داگیرکەران جەنگاوە

لە ساڵی ١٩٧٩دا ڕژێمی شا لە ئێران شکستی هێنا، خومەینی دەسەڵات دەگرێتە دەست و وەک ئیدارەکانی دیکە هێرش دەکاتە سەر کورد و هێزە شۆڕشگێڕەکان، لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا، مەرزیە و ناسر دەچنە ناو پێشمەرگەی کۆمەڵە و بەرەو چیاکانی کوردستان دەڕۆن، مەرزیە هونەرەکەی لە شاخ نمایش دەکرد و وەک پێشمەرگەیەک لە دژی داگیرکەران دەجەنگێت، لەو ساڵانەدا لەسەر شاخ، لەگەڵ هاوڕێ پێشمەرگەکانیان؛ کۆڕێکیان بە ناوی کۆری بانگەواز پێکهێنا، چەندین گۆرانی و سروودی شۆڕشگێڕانە ئامادە دەکەن و دەڵێنەوە، کات و شوێن بۆ ئەو گرنگ نابێت، بە هەموو دۆخێک ئەو بەردەوام دەبێ لەسەر هونەرەکەی خۆی، گۆرانی و سروودەکانی لە شەقامەکانەوە بۆ دەشت و دۆڵەکانی کوردستان بڵاوبوونەوە، لە ئێراندا بووە یەکەم ژنی کورد کە بە گۆرانی "سڵاو لە پێشمەرگە" سروودێک بڵێت.

 

مەرزیە لە MED TVیەوە بەرهەمەکانی بڵاودەکاتەوە

ساڵی ١٩٨٥ لەگەڵ بنەماڵەکەی چووەتە سوید، چوون بۆ سوید بۆ ئەو سەرەتایەکی نوێ بوو، گەلی کورد لە تەلەفزیۆنی MED TVییەوە دەیبینێت و دەست بە پەخش دەکات، هونەرەکەی فراوانتر دەکات بۆ گەلی کورد، لە بەرنامەی ژیلەمۆوە بەرهەمەکانی دەخاتەڕوو، دوای داخستنی کەناڵی MED TVیش مەرزیە بەردەوام دەبێت لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی، مەرزیە وەک ژنێکی کورد هەمیشە بەرەنگاری سیستەمی داگیرکاری و فیۆداڵی دەبێتەوە، مەرزیە بە بەرهەمەکانی لە هەموو پارچەکانی کوردستان پێشەنگایەتی وشیاری نەتەوەیی کرد، لە ١٨ی ئەیلولی ٢٠٠٥ لە شاری ستۆکهۆڵم لە وڵاتێکی بیانی و دوور لە کوردستان کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسیەتی خۆی لە گردی سەیوانی سلێمانی ئەسپەردەی خاکی پیرۆزی کوردستان کرا.

 

دوای ئەوەی مەرزیە ماڵئاوایی لێکردین، سەدان بەرهەمی بەجێهێشتووە کە بوونە سەرچاوەیەکی هونەری بە نرخ بۆ ژنان و هونەرمەندانی کورد، لەدوای مەرزیە گوترا: ئەو خەباتکارێکی بە ئیرادە بوو و دەنگی خۆی و ژیانی خۆی و تەواوی میراتەکەی بەخشی بە منداڵانی جیهان."