دۆخی تەندروستی وریشە مورادی ناجێگیرە
دۆخی تەندروستی وریشە مورادی لە زیندانی ئێڤین ناجێگیرەو لە لایەن بەرپرسانی زیندانەکەوە لە خزمەتگووزارییە پزیشکییەکان بێبەش کراوە.
ناوەندی هەواڵ
ئاژانسی هەرانا سەبارەت بە بارودۆخی وریشە مورادی، زیندانیی سیاسی کورد لە زیندانی ئێڤین بڵاویکردەوە، بارودۆخی تەندروستی زیندانییکراوێکی سیاسیی کورد بە ناوی وریشە مورادی لە زیندانی ئێڤین ناجێگرە و لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە لە خزمەتگووزارییە پزیشکییەکان بێبەش کراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ماوەکانی ڕابردووش تەنها جارێک بۆ ناوەندێکی پزیشكی دەرەوەی زیندان نێردراوە، بەڵام بەبێ وەرگرتنی چارەسەری پێویست گەڕێنراوەتەوە زیندان.
هاوكات، لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە، وریشە مورادی وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەلایەن ئێرانەوە مانگرتنی دەستپێکرد و دواتر بە فشاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و نێودەوڵەتیی و چالاکوانان و ئازادیخوازان لە ژێر فشاردا وازی لە مانگرتن هێنا.
وریشە مورادی لە ١ی ئابی ٢٠٢٣ لە نزیک سنە دەستگیرکرا، دوای نزیکەی٥ مانگ لێکۆڵینەوە لە ناوەندەکانی ئیتلاعات گوازرایەوە بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاران. لە ١٠ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە تۆمەتی “بەغی” سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.