لە فەرمانی ٧٤ـەمەوە بەرەو دۆز و ناسنامە و دادوەری - ١

دایە سارێ لە ٣ی تەمووزی ٢٠١٤دا لەگەڵ هەموو خێزانەکەی دەكەوێتە دەست داعش، خێزانەکەی ١١ کەس بە دەستی داعش دەکوژرێن، نزیکەی ٢٠ بێسەروشوێنکراویان هەن، دایە سارێ هێشتا چاوەڕێی ئێسکی مردووەکانیەتی.

"لە خێزانەکەم ١١ کەسیان لە ئێمە جیاکردنەوە بۆ ئەوەی بیانکوژن"

 

جیهان زەمۆ / گوڵستان عەزیز

شنگال - بیرت بێت! لە فەرمانی ٣ی تەمووزی ٢٠١٤دا کە بەسەر کۆمەڵگەی ئێزدیدا هات، هەزاران کەس کوژران، هەزاران مرۆڤ دەکوژرێن و لە چەندین گۆڕی بەکۆمەڵدا کە تا ئێستاش نەکراونەتەوە، بیرت بێت! نزیکەی ٤٠٠ هەزار ئێزدی لانکە پیرۆزەکەیان جێهێشت و بەرەو کات و شوێنی نەناسراو ڕۆیشتن. ٤٠٠ هەزار... بیرت بێت! داعش هەزاران منداڵای کچ و ژنی ئێزدی دیل کرد، دەستدرێژی کردە سەر، لە بازاڕەکاندا کڕی و فرۆشتی پێکردن، شنگالیان کردە دارووپەردوو. بەردیان لەسەر بەرد نەهێشت.

 

با بە ڕاستی ناوی لێ بنێین؛ لە ساڵی ٢٠١٤دا بە دەستی داعش فەرمانەکە کە بە واتای لەناوبردنی سیستماتیک و بە مەبەستی کۆمەڵەیەکی نەتەوەیی، پاشکۆی نەتەوەیی، ئایینی یان سیاسییە، لەسەر ئێزدییەکان کرا، دەیانویست ئێزدایەتی لەناوبرەن.

 

دایە سارێ لەگەڵ ٧٤ ئێزدیدا دەستگیر دەکرێت

ئەوانەی شنگال دەناسن، دەزانن هاوینەکەی چەندە دژوارە،  هەست دەکەیت لە جیهاندا نزیکترین خاڵ لە خۆرەوە شنگال بێت، لە گەرمای هاوینی شنگالدا ئێمەش کەوتینە شوێن چادرەکان دایک، ژن، بەتەمون و منداڵان، بەدەستهێنانی ئەو چیرۆکانە سەختە. لە هەموو شوێنێکن، بەڵام لە هیچ شوێنێک نیین، چونکە زۆرێکیان قسە ناکەن، کێ دەزانێت؟ ئەو برینە کە بە زۆر یەکدی گرتووە جارێکی تر خوێناوی ببێتەوە، بەڵام هەندێکی تریش دەزانن لەبیرچوونەوە دەروازەکردنەوەیە بۆ فەرمانی نوێ، قسە دەکەن، ئێمە بە دەرزیی بیرەوەری هەڵدەکەینەوە.

 

دایە سارێ تەمەنی خۆی نازانێت، وتی: لە نێوان ٧٠ بۆ ٨٠ ساڵیدام، لەگەڵ هەموو خێزانەکەم کەوتینە دەست داعش، ڕۆژی ٣ی تەمووزی ٢٠١٤ بووە ڕۆژی لەناوچوونی خێزانێکی ئێزدی، لەگەڵ ٧٤ کەس لە خێزان و خزمەکانیدا دەستگیر کراین، ئێستا دەوروبەری بە نزیکەی بەتاڵە، لەگەڵ هاوژینە بەتەمەنەکەی و نەوەکەی لە تلیزێر بە تەنها دەژی، دراوسێکان ئاگاداریان بووەتەوە.

 

"لە خێزانەکەم ١١ کەسیان لە ئێمە جیاکردنەوە بۆ ئەوەی بیانکوژن"

لەو ڕۆژەدا لە تلیزێر ژیانی ئاسایی خۆیان بەڕێوە دەبرد، زانیاری گەیشت، وتیان: داعش هاتووە، ئەوانیش لە کاتژمێر ٨ی بەیانی چوونە کۆرا ئەڤدۆ کە دەبوو ببێتە شوێنی ڕزگاری، بۆیان دەبێتە ئەو شوێنەی کە ژیانیان تێیدا تێکدەچێی، کوڕەکەی، چوار نەوەکەی، برا گەورەکەی و ٣ کوڕی براکانی، برایەکی تری و هاوژینەکەی و کچ، کوڕ و نەوەکانی... جگە لەوانەش زۆرێک لە خزم و ناسیاوان... ئیتر هیچ شتێک وەک جاران نابێت، دایە سارێ وتی: دوای ئەوەی ئێمەیان گرت، بردینە سەبای، لەوێشەوە بردیانینە شنگال، لە شنگال ١١ کەس لە خێزانەکەمیان لێ جیاکردینەوە بۆ ئەوەی بیانکوژن، تەنها منداڵە بچووکەکانیان لەگەڵ ئێمە هێشتەوە، دوای ئەوەش بردینە تل عفەر و لەوێشەوە بردینە بادووشی.

 

"ئێمە هێشتا چاوەڕێی ئێسکەکانمانین!"

دایە سارێ وتی: کوڕەکەم خەلەف و کوڕە گەورەکەیان کوشت، ئێمە خێر و سەدەقەیانمان دان، لە خێزانەکەمان ١١ کەسیان کوشت، برا و برازاکانم و منداڵەکانم، کاتێک لە کۆرا ئەڤدۆ گرتنیان، بردنیان بۆ شنگال و کوشتیانن، ئێسکی هەرسێکیانیان بردووە بۆ بەغدا، ٦ ساڵە هێشتا ئێسکەکانیان نەداوەتەوە بە ئێمە، هێشتا چاوەڕێیاننی، ماڵەکەمانیان تاڵان کرد، سێ نەوەیشمیان کوشت و فڕێیان داوەتە ناو بیری گوندی عەنتەر کە دەکەوێتە خوارەی تل عفەرەوە.

 

بەگوێرەی گێڕانەوەکانی دایە سارێ لە بادووشی لەگەڵ ژنان و منداڵاندا هەزار کەس بوون، بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانەوە هەموو ڕۆژێک ڕوویان کردووەتە شوێنێکی تر، دایە سارێ ساڵێک، نەوەکەی خەیریش ٥ ساڵ لە دەستی داعشدا دەمێننەوە.

 

دایە سارێ وتی: لە ناو ئەم ساڵەدا منیان بە چەندین شوێن گەڕاند، تل عفەر، بادووشی، کەسەرمەهڕەپ گوندێکی عەرەبەکان کە چۆڵ کرابوو، لە چەندین گونددا گەڕاندنیانین، لە کۆتاییدا بردیانیینە گوندی شێیان، گەندنشینەکان هەموو شتێکیان لە شوێنی خۆیدا هێشتبوو و ڕایانکردبوو، ئێمەش چووینە ناو ئەو ماڵانە.

 

"پرچەکانمان وەک بەردی لێ هاتبوو، شانەی تێ نەدەچوو"

لەو ڕۆژە هاوینییانەدا ئاو نەبوو، کاتێک چووبوونە ئەو گوندە، دایە سارێ ئاماژەی بەوەشکرد کە پرچەکانیان بووبوونە وەکو بەرد، شانە تێیان نەدەچوو و وتی: ئەو پرچانەی کە لای ئێزدییەکان ڕێز و نرخێکی زۆریان هەیە، ئەو ئێزدییانەی کە دەیانویست لە دەستیان ڕابکەن، کوژران و فڕێدرانە ناو بیرەکانەوە، دایە سارێ گەورەترین شایەتحاڵی ئەو ڕۆژانەیە، بینیویەتی کە چۆن منداڵی کچ و ژنە ئێزدییەکانی بۆ خۆیان هەڵدەبژاردن و دەیانبردن، هەروەها ژنە گەنجەکان، دایکە گەنجەکان کە هەندێکیان منداڵیان هەبوو بۆ خۆیان برد، وەک مۆڵکی تاڵان نزیکەی ئێمە دەبوونەوە.

 

دوای ساڵێک گەڕانەوەی دایە سارێ بۆ سەر خاکی شنگال

دوای ساڵێک داعش کەسە بەتەمونەکان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی بەردەدا، دایە سارێش لەناو ئەو گروپانەدا لە تل عفەر ئازاد دەکرێت، سەرەتا دەچێتە لالش، پاشان ڕوو دەکاتە کامپەکان، لەوێ ساڵێک دەمێنێتەوە و جارێکی تر دەگەڕێتەوە سەر خاکی پیرۆزی شنگال، تلیزێر.

 

کاتێک مرۆڤ گوێ لە دایە سارێ دەگرێت لە خۆی دەپرسێت، دایە سارێ چۆن توانیویەتی بەو شێوەیە لەسەر پێ بمێنێتەوە؟ چۆن توانیویەتی دڵی خۆی لە بەرامبەر ئازارە هەبووەکاندا بپارێزێت؟ ئایا پاراستوویەتی؟ لە قووڵایی دڵ و مێشکیدا چی دەژی؟ ئەوەی ئێمە دەیبینین لە سەدا یەکی ئازارەکانیەتی لە بیرەوەریەکەیدا، لە ٩٩٪ی شاردراوەیە، نەهێڵێت کەس ببینێت.

 

خواستی ئەوەیە کە بە کەمیش بێت ئەو بێسەروشوێنکراوانەیان بدۆزرێنەوە، زیندوو یان مردوو، کە ئەمەش ئەركی حکومەتی عێراقە، دەبێت فەرمانی سەر ئێزدییەکان بناسێت، ناسنامە و باوەڕیان بناسێت و چارەنووسی ئەم قوربانییانە ڕوون بکاتەوە.

 

بەردەوام دەبێت...