داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت دەستوەردان بۆ ڕاگرتنی کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل بکات
دەستپێشخەری ئاسایش و ئاشتی داوای له هەموو ڕێکخراوه نێودەوڵەتییەکان کرد بۆ ڕاگرتنی کوشتاری گەلی فەلەستین، دەستتێوەردان لە ئیسرائیل بکەن.

ناوەندی هەواڵ
دەستپێشخەری ئاسایش و ئاشتی بەیاننامەیەکی نوسراوی بڵاوکردەوە سەبارەت بەو کۆمەڵکوژییەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە نەخۆشخانەی ئەلمەعمەدانی غەزە ئەنجامدرا، لە بەیاننامەکەدا هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری ئەو کەسانە دەربڕی کە لە کۆمەڵکوژییەکەی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستدا و داوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارانی فەلەستین کرد.
بانگەواز بۆ ڕاگرتنی شەڕو کۆمەڵکوژییەکان
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەیەکی پڕ لە بریندار تاوانی جەنگ بووە و تێیدا هاتووە: ئەمە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتییە، داوا لە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، بۆ ڕاگرتنی کۆمەڵکوژییەکانی گەلی فەلەستین، کە زۆربەیان ژن و منداڵن، خێراکردنی چارەسەری بریندارەکان، پێویستە فشار هەبێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا پێش ئەوەی هەموو خەڵک لەناوببرێن.