خالیدە بوتی: ڕۆژێک بەس نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان

 بە ئامانجی پەروەردەکردنی کۆمەڵگە و ژنان بەتایبەتی سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان کە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە، کۆنگرەی ستار لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کاردەکات بۆ سازدانی کۆمەڵێک بۆنەی تایبەت بۆ ئەم ڕۆژە و بۆ هۆشیار کردنەوەی ژنان لە مافەکانیان و

دەلال ڕەمەزان

 

حەسەکە- لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیهانی تێکۆشان دژی توندوتیژی سەر ژنان کە دەکەوێتە ٢٥ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێکەوە، کۆنگرەی ستار لە شاری حەسەکە لە جزیرە ئامادەکاری دەکات بۆ سازدانی کۆمەڵێک بۆنە و ئیدانەکردنی توندوتیژی دژی ژنان.

 

ئەم ڕۆژە بەمەبەستی گەیشتن بە یەکسانی ڕەگەزی و بەهێزکردنی ژنان لەو ڕۆژەدا لە ساڵی ١٩٦٠ خوشکەکانی میرابال بە فەرمانی دیکتاتۆر ڕافایل تروخیلۆ، فەرمانڕەوای کۆماری دۆمینیکان تیرۆر کران ، لە ساڵی ١٩٨١ چالاکوانان کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە ٢٥ی تشرینی دووەم وەک ڕۆژێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و بۆ یادی خوشکانی میرابال، لە ساڵی ١٩٩٩دا، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ٢٥ی تشرینی دووەمی وەک ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، دیاری کردو ئامانجیشی ڕۆشنکردنەوەیە لەسەر پرسی توندوتیژی دژی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا.

 

خالیدە بوتی، ئەندامی ڕێکخەری کۆنگرەی ستار لە شاری حەسەکە لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وتی:  لە کەسایەتی خوشکەکانی میرابالدا بە توندی تیرۆرکردنی ژنان و هەموو جۆرە توندوتیژییەک کە پراکتیزە دەکرێت، ئیدانە دەکەین، کە دژی هەموو تەڤگەرو ڕێکخراوەکانی ژنان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەموو جیهانە، جا لە لایەن کۆمەڵگەوە بێت، چ بە عەقڵیەتی پیاوانە بێت یان دەوڵەت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، کۆنگرەی ستار کۆمەڵێک بۆنە و چالاکیی تایبەت ڕێکدەخات بە ئامانجی پەروەردەکردنی کۆمەڵگە و ئاشناکردنی بە مافەکانی ژنان و ئەو توندوتیژیانەی لەسەری بەرکەوتوون ڕۆژانە لەلایەن بنەماڵە و کۆمەڵگەوە بە داب و نەریتی بەسەرچوو بەڕێوەدەبرێت، ئەم چالاکییانە لە ماوەی هەفتەیەکدا دەستپێدەکات و دەستپێکردنیان لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە لەسەر ئاستی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕادەگەیەندرێت، و بە بەشداری سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکان، ڕێکخراوەکان، و تەڤگەرەکانی ژنان لە هەرێمەکە.

 

ناوبراو بەرنامەی هەڵمەتی بانگەشەی ئاشکرا کرد و وتی: هەڵمەتەکەی ئەمساڵ چەندین بۆنە و چالاکیی هەمەچەشن لەخۆدەگرێت، لەوانە پێشکەشکردنی وتار لەسەر توندوتیژی دژی ژنان لە سەرجەم شارۆچکەو گوندەکانی شاری حەسەکە، هەروەها ئەنجامدانی کۆبوونەوەی فراوانکراو بۆ خەڵک لەڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە مەدەنییەکان ، ڕێکخراوەکان، و لایەنە سیاسییەکان، گەیشتن بە هەموو گوندەکان دەستپێشخەرییەکی یەکەمە، جگە لە کردنەوەی خولی پەروەردە بۆ پیاوان کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژی لەسەریەک بەردەوام دەبێت، هەروەها ئەنجامدانی سیمیناری دیالۆگ، ڕێکخستنی ڕێپێوانی پیاوان و ڕێپێوانێکی گشتی لە ٢٥ی تشرینی دووەم، جگە لە دابەشکردنی بروشورەکان لە هەموو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

 

"پێویستە ژنان هەموو جۆرەکانی توندوتیژی ئاشکرا بکەن"

داوای لە ژنان کرد کە بەشداری لە هەموو ئەو چالاکیی و هەڵمەتانەدا بکەن کە لە ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان ڕێکدەخرێن، وتیشێ: پێویستە ژنان ڕێکبخەن و هێزی خۆیان یەکبخەن، خەبات بۆ ئازادی بکەن و هەموو جۆرەکانی توندوتیژی ئاشکرا بکەن کە لەسەریان پراکتیزە دەکرێن چ لەلایەن کۆمەڵگەوە، چ بە هەژموونی پیاوان، یان لەلایەن داگیرکەری تورکیاوە، کە هەموو جۆرە توندوتیژییەکی سیستماتیکی دژ بە ژنان و تەنانەت تیرۆرکردنیان لە ناوچە داگیرکراوەکاندا پراکتیزە دەکات و ژنان دەبێت پەروەردە بکرێن و ڕێکبخرێن دژی توندوتیژی و داگیرکاری و ئەو شەڕە تایبەتەی کە پراکتیزە دەکرێت دژی گەلانی ناوچەکە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا خالیدە بوتی جەختیشی لەوە کردەوە، پێویستە خێرایی خەباتیان پەرەپێبدەن و بە خۆڕێکخستن لە شەڕی شۆڕشگێڕانەی گەلدا بوەستنەوە لە بەرامبەر هەموو ئەو هێرش و توندوتیژیانەی کە لە دژی ئەوان پراکتیزە دەکرێن، وتی: کاردەکەین بۆ گەیشتن بە هەموو ژنێک کە تامەزرۆی ئازادی و دادپەروەری و یەکسانییە، بە یەکخستنی هەوڵەکانمان و وەستان لەگەڵ یەکتردا، ڕۆژێک دژی توندوتیژی بەس نییە، بەڵام دەبێت هەموو ڕۆژەکانمان بکەینە ڕۆژێکی بەرخۆدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژییەک کە دژی ئێمە پراکتیزە دەکرێن.