پەرتوکی "پەروەردەکردن لە ڕێگەی چیرۆکەوە لە دایەنگە" بڵاوکرایەوە
پەرتوکی "پەروەردەکردن لە ڕێگەی چیرۆکەوە لە دایەنگە" لەلایەن پڕۆژەی پەروەردەیی خەونی منداڵان بڵاوکرایەوە.
![](https://test.jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/02/20240220-00039-00-00-07-02-still001-jpg633cf0-image.jpg)
سلێمانی
ئەمڕۆ لە سەنتەری ئۆتیزم لە شاری سلێمانی پەرتوکی "پەروەردەکردن لە ڕێگەی چیرۆکەوە لە دایەنگە" لەلایەن پرۆژەی پەروەردەی خەونی منداڵان بە سەرپەرشتیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە ئامانجی پەروەردەکردن و دروستکردنی خەیاڵ بۆ منداڵان بڵاوکرایەوە.
سەرەتای چالاکییەکە بە ئامادەبوونی دیمەن حەمە عەلی، کە خاوەن بیرۆکەی پەرتوکەکە و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی باخچەی منداڵان، نووسەرانی بواری منداڵان پەیام ئیبراهیم، ئەمین محەمەد، عەلی حەمە ڕەشید، بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستی پێکرد و چەند پارچە میوزیكێک پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
دیمەن حەمە عەلی، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی باخچەی منداڵان و خاوەن بیرۆکەی پەرتوکەکە، وتی: تەمەنی دایەنگە کە پێنچ ساڵی یەکەمی منداڵ دەکات، تەمەنێکی زۆر هەستیارە، لەبەرئەوە دەبێت بە شێوەیەکی دروست و ڕاست پەروەردە بکرێن، بۆیە دەبێت بتوانین منداڵان لە هەموو بوارەکاندا گەشە پێبدەین، ئەو بوارانەی کە گرنگە بۆ پەروەردەکردی منداڵ، چیرۆک و یارییە، پەرتوکەکەش چەند بابەتێکی لە خۆدەگرێت لە چوارچێوەی پەروەردە کردنەوە کە منداڵان لەم تەمەنەوە پێویستی پێیەتی، بۆ نمونە وەرزەکان، ڕەنگەکان، پاکو خاوێنی و شێوە ئەندازەییەکان.
لە درێژەی قسەکانیدا دیمەن حەمە عەلی ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کە وەزارەتێکە و چەندین بەڕێوەبەرایەتی هەیە، لەم پڕۆژەیەدا پاڵپشت بووە.
پڕۆژەی خەونی منداڵان ئامانجیان لە بڵاوکردنەوەی ئەم شێوە پەرتوکە چیرۆکیانە، ئەوەیە کە، پەروەردەی منداڵان لە دایەنگەکاندا بکەن و تەنها بە گێڕانەوە و گوێگرتن نەبێت. بەڵکو هاندەرێک بێت بۆ پەروەردەی منداڵ و ناساندی "پیتەکان و ڕەنگەکان و گەشەی زمان و کەسێتی" کە دەبێت منداڵ فێر بکرێت لە سەرەتای تەمەنی دایەنگەوە.