"سەرەڕای هێرشەکان خەباتی ژنانمان بەردەوامە"

مادلین عوبێد، بەڕێوەبەری کۆنگرە ستار لە ناوچەی تل تەمر، کاریگەری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر چالاکییەکانی کۆنگرە ستار و ماڵی ژنان هەڵسەنگاند.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- هێرشە کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە و مادلین عوبێد، بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار لە ناوچەی تل تەمری سەر بە کانتۆنی حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشەکانی سەر ناوچەکە کرد و ڕایگەیاند، مەبەست لێی لەناوبردنی سەرکەوتنی ژنانە لە شۆڕشی ژناندا.

 

"ماوەی ٤ ساڵە هێرشەکان نەوەستاون"

مادلین عوبێد باسی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کرد کە ناوچەکە ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانی بووەتەوە و تل تەمر لە هێڵی ئاگردایە و لە دوای داگیرکردنی سەرێکانییەوە ڕووبەڕووی هێرش و تۆپبارانی دەوڵەتی تورکیا بووینەوە و لە بری ناوچەی سەربازی، دەوڵەتی تورکیا خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی ناوخۆیی و سەرچاوەکانی ژیان دەکاتە ئامانج، وتیشی: ئەم جۆرە هێرشانە کاریگەرییان لەسەر خەباتی کۆنگرەی ستار و ماڵی ژنان کرد، چونکە ئێمە ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتی ژنانین، پێویستە هەمیشە زانست لە کۆمەڵگەدا بڵاوبکەینەوە و پەروەردە بدەین.

 

"ئامانجیان لەناوبردنی شۆڕشی ژنانە"

مادلین عوبێد تیشکی خستەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کە ڕاستەوخۆ دەستکەوتەکانی ژنانی کردە ئامانج و وتی: کاتێک هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا زیادی کرد، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژنان هەبوو و توندوتیژی دژ بە ژنان لە ئاستی یەکەمدا لە کۆمەڵگەدا پەرەی سەند، ژنان گەیشتنە ئاستی کوشتن، ڕێژەی هاوسەرگیری منداڵ و فرەژنی و توندوتیژی دژی ژنان لەگەڵ هێرشەکاندا بەرز بوو، چونکە ئەقڵیەتی پیاوسالاری و پیاوە باڵادەستەکان ئەم دۆخە ئەمنیی و هێرشانەیان وەک دەرفەت و هەناسەیەک دەبینی بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دەسەڵاتی خۆیان بەدەستبهێننەوە، دەوڵەتی تورک هەوڵیدا شۆڕشی ژنان بە هێرشە ئاسمانییەکانی گۆج بکات، کە کاریگەری لەسەر هەموو بوارەکانی ژیان و کارکردن هەیە، چونکە لەم ساڵانەی دواییدا شۆڕشەکەمان گۆڕاوە بۆ شۆڕشێکی نێودەوڵەتی و جیهان لە بێئاگایی بە خەبەر هات.

 

"هێرشەکان ڕێگری ناکەن لە هەوڵەکانمان بۆ بنیادنانی کۆمەڵگە"

مادلین عوبێد، لە درێژەی قسەکانیدا، سەرنجی بۆ هێرشە جیاوازەکان ڕاکێشا و وتی: دەوڵەتی تورکیا چەندین جۆری هێرش ئەنجام دەدات، ئامانجیشی لەناوبردنی بزووتنەوەی ژیانە، دەیەوێت ڕێگە خۆش بکات بۆ کۆچ و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، بڕینی ئاویش کاریگەری زۆری لەسەر ژنان و کۆمەڵگە هەیە، چونکە ئاو ژیانە و دەیانەوێت ئەم ژیانە وشک بکەنەوە، ژنانی کرێکاری کێڵگەکانیش لە تۆپەکانی دەوڵەتی تورکیا دەرباز نەبوون، داگیرکەران دەیانەوێت وامان لێبکەن تەنها بیر لە شەڕ بکەینەوە و بنیادنانی کۆمەڵگە لەبیر بکەین، ئەوان میکانیزمی چارەسەر بۆ ئەو کێشانە دابین ناکەن کە سەرهەڵدەدەن، بەڵام دەشبێ بوترێت ئەوان ناگەنە ئامانجەکانیان، شۆڕشەکەمان بەردەوام دەبێت و خاکەکانمان ڕزگار دەکەین، خەباتی ژنانیشمان بۆ بنیادنانی کۆمەڵگە درێژەی هەیە و لە جێگەی گردبوونەوە و سیمیناری گەورە، ماوەیەکە دەستمان بە سەردانیکردنی ماڵەکان کردووە، ماڵ بە ماڵ و تاک بە تاک پەروەردە دەکەین و دەچینە ناو ماڵێکەوە، لە ژن و خێزانی گشتی نزیک دەبینەوە، هەروەها باس لە پرسەکانی ئەو مەترسیانە دەکەین کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە و بەدوای چارەسەردا دەگەڕێین، لە لایەکی دیکەشەوە هەموو تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە کاردانەوە و هەڵوێستی هەیە بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، گەلەکەمان هێندە بەهێزە سەرەڕای هێرشە سەختەکان خاکی خۆی بەجێ نەهێشتووە و لە بەرخۆدان بەردەوامە.