لە مەهرەزا، هێزە سەربازییەکانی ئێران تەقەیان لە بنەماڵەیەکی بەلووچ کرد

لە ئەنجامی هێرشی یەکە سەربازییەکان لە خاڵی کۆنترۆڵی مەهرەزا بۆ سەر بنەماڵەیەکی بەلووچ، باوکی بنەماڵەکە کوژرا و هاوژینەکەی لەگەڵ دوو منداڵە کچە ١٠ ساڵەکەی بە سەختی بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ – عەبدولقادری خارکویی، هاووڵاتییەکی ٣٠ ساڵەی بەلووچ، کاتێک لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ئۆتۆمبێلدا لە چاوەڕوانی پشکنینی خاڵی کۆنترۆڵی چوونەژوورەوەی ناوچەی مەهرەزا ، لە پارێزگای یەزد، بوو، کەوتە بەر دەستڕێژی گولەی یەکە سەربازییەکان. لە ئەنجامی ئەو تەقەکردنەدا عەبدولقادری خارکویی گیانی لەدەستدا و هاوژینەکەی و دوو کچە تەمەن ١٠ ساڵە دووانەکەی بە سەختی بریندار بوون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لەلایەن تۆڕی بەلووچی مافەکانی مرۆڤ لە بەلووچستان و «حالڤش»ەوە بڵاوکراونەتەوە، ڕووداوەکە ئێوارەی پێنجشەممە ڕوویداوە.

 

لە ڕاپۆرتەکاندا هاتووە: کاتێک ئەم بنەماڵەیە بە ئۆتۆمبێلی پێژۆی ٤٠٥ لە زاهیدانەوە بەرەو شوێنی نیشتەجێبوونیان لە یەزد دەچوون، هێزە سەربازییەکانی لە خاڵی کۆنترۆڵی چوونەژوورەوەی مەهرەزا جێگیر بوون، ئۆتۆمبێلەکەیان کردە ئامانجی تەقەکردن. تەقەکردنەکە بێ ئاگادارکردنەوە و بێ فەرمانی وەستان ئەنجام دراوە، کە لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلەکە لە ڕێگا لاداوەو ئۆژاوەیەتی.

 

عەبدولقادری خارکویی بەهۆی نزیکەی ١٥ گولەی لە جەستەیدا تەقێنراوە، بە سەختی بریندار بوو. دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی مەهرەزا ، ڕۆژی دواتر گیانی لەدەستدا.

 

هاوژینەکەی عەبدولقادری خارکویی، مەریەم گوڕگیچ، تەمەن ٢٨ ساڵ، و دوو  منداڵە کچە دووانەکەیان بە ناوەکانی مەلیکا و سارینا، کە هەردووکیان تەمەنیان ١٠ ساڵە، بریندار بوون. هەرسێکیان بەهۆی قورسایی برینەکانیانەوە لە بەشی چاودێریی چڕدا چارەسەرییان بۆ دەکرێت.