"توندوتیژی سێکسی ستراتیژییەکی تایبەتی شەڕە"

سەمیرە ناسری بەرگریکاری مافی مرۆڤ ڕایگەیاند کە توندوتیژی سێکسی تەنها تاوانێکی کەسیی نییە، بەشێکە لە ستراتیژی شەڕی تایبەت و ئامانج لێی لەناوبردنی کۆمەڵگایە، بۆیە پێویستە کولتووری بەئاگابوونەوە لە بواری مافەکانی ژناندا هەبێت.

ئیخڵاس حەمروونی

 

تونس- لە کاتی شەڕدا توندوتیژی و هەراسانکردن و دەستدرێژی و کۆمەڵکوژی دژی ژنان زیاد دەکات، سەمیرە ناسری بەرگریکاری مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، توندوتیژی سێکسی کە لە کاتی شەڕدا ڕوودەدات، پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و مرۆییە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.

 

سەمیرە ناسری وتیشی: توندوتیژی سێکسی پەیوەست بە ململانێکان، پێشێلکارییەکی مەترسیداری یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە، ئەم توندوتیژییە کاتێک قورستر دەبێت کە لە هێرشێکی گشتی دژی هاوڵاتیان ئەنجام دەدرێت، ژنان وەک چەکی شەڕ لە ناوچە جەنگییەکان بەکاردەهێنرێن، توندوتیژی دژی هاوڵاتیان و ژنان تەنها کردەوەیەکی تاکەکەسیی نییە، بەڵکو بەشێکە لە ستراتیژی شەڕ کە ئامانجی لەناوبردنی کۆمەڵگایە ئەم دۆخە وا لە ژنان دەکات دووجار باج بدەن.

 

هەروەها سەبارەت بە کاریگەرییەکانی توندوتیژی ڕەگەزی لەسەر کۆمەڵگاکان وتی: ئەو ژنانەی هەمیشە تووشی توندوتیژی دەبن، کێشەی دەروونی زۆریان لەگەڵدایە، ژنان لەم دۆخەدا ناتوانن خێزانێکی باش بنیات بنێن و کۆمەڵگا پەرەپێبدەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەفلیجبوونی کۆمەڵگە و کۆمەڵگە ناتوانێت بە شێوەیەکی ئاسایی و سەقامگیر بژی کاریگەری درێژخایەنی هەیە لە ڕووی گەشەپێدان و دادپەروەری کۆمەڵایەتییەوە.

 

"ژنان ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەبنەوە"

سەمیرە نەسری وتی: ئەم جۆرە توندوتیژییە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژنە سودانییەکە هەیە، چونکە نەک تەنها کاریگەری جەستەیی هەیە، بەڵکو لەم ئاستە تێدەپەڕێت و دەگاتە ئاستێکی قووڵی دەروونی و کۆمەڵایەتی کە مافەکانی پێشێل دەکات و وا لە ژنان دەکات ڕووبەڕووی ئاستەنگی ببنەوە. مێژوو دەرفەت بە ژنانی سودان نادات کە مێژووی خۆیان بنووسن، بەتایبەت لە کاتی شەڕدا، بەهۆی قووڵی ئازارەکانیانەوە، ڕێگە بە ژنان نادەن کۆمەڵگا بنیات بنێن بەهۆی کاریگەرییە قووڵەکانی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە.

 

"ژنان لە فەلەستین و سووریا تووشی کێشەی زۆر دەبن"

هەروەها سەمیرە ناسری بارودۆخی فەلەستین و سووریای هەڵسەنگاند و دووپاتی کردەوە کە ژنانی ئەم دوو وڵاتە ڕووبەڕووی چەندین کێشەی توندوتیژی دەبنەوە، و وتی: توندوتیژی دژی ژنان لە چوارچێوەی کۆچی زۆرەملێ و هەروەها توندوتیژی سێکسیدا ڕوودەدات، ژنانی فەلەستینی ناچارن ڕۆژانە لە هەلومەرجی سەختی ژیانی ڕۆژانەدا شەڕ بکەن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دژی هەموو بارودۆخەکان وەستاون، وەک ئەو ژنانەی سودان کە لە سنووری وڵاتەکەیان دەمێننەوە دژی توندوتیژی سێکسی.

 

سەبارەت بە دۆخی سووریا و ئەو مەترسیانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە، سەمیرە ناسری وتی: دۆخی سووریا جیاوازە، چونکە ژنانی سووریا ڕووبەڕووی کۆچی زۆرەملێ لە وڵاتەکەیانەوە بوونەتەوە و لە ئەنجامدا بوونەتە کۆچبەری بێ وڵات، ئەم دۆخەی بەرەوڕووی ژنانی سووریا دەبێتەوە هەموو جۆرەکانی توندوتیژییە، لەوانەش توندوتیژی سێکسی.

 

ئەو دووپاتی کردەوە کە ئازارەکە لە هەرسێ وڵاتی سودان و فەلەستین و سووریا وەک یەکە، چونکە ژنان لە هەر سێ وڵاتدا ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەبنەوە.

 

"پێویستە ڕێکخراو و کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ تاوانەکانی ناوچە جەنگییەکان ئاشکرا بکەن"

سەمیرە ناسری  چالاکوان جەختی لە گرنگی جێبەجێکردنی یاسای ١٣٢٥ی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری لە مافەکانی ژنان لە ناوچە جێناکۆکەکان کردەوە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەرکی ڕێکخراو و کۆمەڵە یاساییە نێودەوڵەتییەکان ئاشکراکردنی واقیعی ژنانی نیشتەجێی ناوچە جێناکۆکەکانە، و بڵاوکردنەوەیەتی لە دیجیتاڵ میدیا و تۆڕەکاندا بۆ پاراستنی ژنان لە دەستدرێژی سێکسی.