دایکانی شەممە پرسیار لە چارەنووسی بەکر دەمیر دەکەن
دایکانی شەممە لە هەفتەی هەزار و ١٢٩ی چالاکییەکانیاندا، پرسیاریان لە چارەنووسی بەکر دەمیر کرد کە لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣دا دیارنەماو وتیان: لە گەڕان بەدوای ڕاستییەکان ناوەستین.
ناوەندی هەواڵ
دایکانی شەممە چالاکیی هەفتانەی خۆیان بە داواکاریی "با بێسەروشوێنکراوان بدۆزرێنەوە، بکوژان دادگایی بکرێن" لە هەفتەی هەزار و ١٢٩هەمیندا لە مەیدانی گەلاتەسەرای ئیستەنبوڵ ئەنجام دا، دایکانی شەممە، ئەندام و بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ÎHD)ـی ئیستەنبوڵ و ژمارەیەکی زۆر لە پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ لە چالاکییەکەدا ئامادە بوون، لە چالاکییەکەدا وێنەی بێسەروشوێنکراوان بەرز کرانەوە، لە چالاکیی ئەم هەفتەیەدا پرسیار لە چارەنووسی بەکر دەمیر کرا کە لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣ـدا بێسەروشوێن کرابوو.
”بە فەرمانی فەرماندەیی سەربازی سواری ئۆتۆمبێلیان کرد و بردیان”
ڕاگەیاندراوی ئەم هەفتەیە لە لایەن زەینەب یڵدز، ئەندامی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ÎHD)ـی ئیستەنبوڵەوە خوێندرایەوەو وتی: لە هەفتەی هەزار و ١٢٩هەمیندا لەپێناو ڕاستیدا لێرەن وتی: بەکر دەمیر تەمەنی ٢٩ ساڵ و باوکی چوار منداڵ بوو، خەڵکی ئیلیە (باتمان) بوو و لە ئەدەنە دەژیا، لە گەراجی پاسەکان وەک شۆفێری تەکسی کاری دەکرد، هاوکارەکانی بەکر دەمیریان بانگهێشتی ماڵی خۆیان کرد لە گوندی ئالاجاکەپیرێ لە ناوچەی پاسوور (قوڵپ)ـی سەر بە ئامەد، بەکر دەمیر لەگەڵ هاوژینەکەی و یەکێک لە منداڵەکانی چووە گوندەکە، لەو کاتەدا لیوای بۆڵو بە فەرماندەیی یاڤوز ئەرتورک ئۆپەراسیۆنی لە ناوچەکەدا ئەنجام دەدا، لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣ـدا، ٣٠ کەس لە مەیدانی گوندەکە کۆکرانەوە، بەکر دەمیریش لەبەر ئەوەی دانیشتووی گوندەکە نەبوو، بە فەرمانی فەرماندەیی سەربازی سواری ئۆتۆمبێل کرا و برا، هاوژینەکەی و دانیشتووانی گوندەکە بوونە شایەتحاڵی ڕووداوەکە، بەڵام دوای ئەو ڕۆژە هیچ زانیارییەک لەسەر بەکر دەمیر وەرنەگیرا، خێزانەکەی سەردانی فەرماندەیی سەربازی و جەندرمەیان کرد، بەڵام هیچ وەڵامێک نەدرایەوە، لە ساڵانی ١٩٩٥ و ٢٠٠٢ـدا خێزانەکەی داواکارییان بۆ داواکاری گشتیی کۆماری نارد، داواکاری گشتی وەڵامی دایەوە کە ”لەو کاتەدا هیچ ئۆپەراسیۆنێک لەوێ ئەنجام نەدراوە، سەرەڕای ئەوەی ئەو هەموو شایەتحاڵەی ڕووداوەکە هەبوون، ئەم وەڵامە درایەوە. دواتر لە تۆمارەکانی فەرماندەیی کۆماندۆی دووەمی بۆڵودا دەرکەوت کە ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام دراوە.
”ئەوە ٣٣ ساڵە ئێمە بەدوای ڕاستیدا دەگەڕێین”
زەینەب یڵدز دەستنیشانی کرد، کە بەپێی وتەی شایەتحاڵان، دادوەریی گشتیی کۆماری پاسوور لە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤ـدا بەهۆی بەسەرچوونی ماوەی یاساییەوە بڕیاری نەبوونی پێویستی بۆ دادگاییکردن داوە و وتی: تکای سەرلەنوێ پێداچوونەوەی خێزانەکەش لە ٥ی ئاداری ساڵی ٢٠١٥دا ڕەت کرایەوە، دادگای سەربازی لە ٦ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١١دا ئەرشیفی فەرماندەیی کۆماندۆی دووەمی بۆڵوی داوا کرد، بەڵام فەرماندەکە ئەرشیفەکەی نەدا بەو هۆکارەی گوایە بینای ئەرشیفەکە لە ژێر ئاودا ماوەتەوە، بەم شێوەیە دیار نەبوو کام فەرماندە بەشداریی ئۆپەراسیۆنەکەی کردووە، خێزانەکە دۆزەکەی بردە دادگای دەستووری، بەڵام دادگاکە لە ٧ی شوباتی ساڵی ٢٠١٥دا بەهۆی بڕیاری بەسەرچوونی ماوەی یاساییەوە داواکارییەکەی قبووڵ نەکرد، ئەوە ٣٣ ساڵە ئێمە بەدوای ڕاستی دەگەڕێین.
چالاکییەکە بە دانانی قەرەنفڵ لە مەیدانەکەدا کۆتایی هات.