دایکانی گیانفیدایان: پاراستنی کۆمەڵگە ئەرکی هەموو ژنانە
دایکانی گیانفیدایان هەڵوێستی خۆیان لە دژی هێرشەکانی سەر ناوچە ئازادکراوەکان دەربڕی و ڕایانگەیاند، ئەرکی هەموو ژنانە خۆیان لە بەرامبەر ئەم هێرشە سەختانە بۆ سەر خاکەکەیان بپارێزن.
پەروین ئامارا
قامیشلۆ- مەترسی و هەڕەشە لەسەر ناوچە ئازادکراوەکان زیاتر و زیاتر دەبێت، لەگەڵ هێرشی ڕۆژانەی چەتەکان بۆ سەر دەستکەوتەکانی گەلی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەیانەوێت بەم هێرشانە مەترسی لەناو گەلدا دروست بکەن، گەل هەڵوێستی هەیە بۆ پاراستنی خاکەکەی و شەرمەزارکردنی ئەو هێرشانەی کە ڕۆژانە ئەنجام دەدرێن، هەڕەشەی سیستمی باڵادەست، لە پێشەنگایەتی ژنان لەم هێرشانەشدا هاتە پێشەوە، دایکانی گیانفیدایان سەبارەت بەم هێرشانەو ئاستی خۆپاراستن هەڵسەنگاندنیان کرد.
ئەو دایکانە ڕایانگەیاند کە لە سەرەتای ئەم هێرشانەوە هەتا ئێستا لەسەرپێن و هەمووان گەڕەکەکەیان دەپارێزن و ڕێگە نادەن چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک بچنە ناو خاکەکەیانەوە.
"هێرش بۆ سەر سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک دەکرێت"
جەواهیر عوسمان دەربارەی هێرشەکانی سەر دەستکەوتەکانی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا وتی: ئەو هێرشانەی بۆ سەر پڕۆژەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و نەتەوەی دیموکراتیک کە لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕوودەدەن ئامانج لێدانە لە یەکسانی و دیموکراسی، ئەو سیستمەی ئەمڕۆ لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا دامەزراوە، کاریگەری لەسەر هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە، مەترسی سیستمە باڵادەستەکان ئەوەیە کە دەزانن ئەم سیستمە دژی بەرژەوەندییەکانیانە.
"لە هەموو هێرشەکاندا ژنان دەکرێنە ئامانج"
جەواهیر عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەموو شەڕەکاندا ژن لە سەرەتاوە دەکرێتە ئامانج و وتی: لە هەموو هێرشەکاندا ژنان لە سەرەتاوە دەکرێنە ئامانج، ئەم دیمەنەش زۆر دڕندانە لە هێرشەکانی سەر مەنبجدا ئاشکرا بوو، سێ ژنی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا کە ساڵانێک لە پێناو پاراستنی ئەم خاکەدا لە دژی ئەو زوڵمە خەباتیان کرد، بە شێوەیەکی دڕندانە تیرۆر کران، ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت "ژنێکی ڕێکخراو کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراوە"، هەر بۆیە سیستمی باڵادەستەکان ئەوەندە لە زیرەکی ژنانی پێشەنگ دەترسن، ڕۆژانە شاهیدی ئەم ڕاستییە دەبین، ئەو ژنانەی کە پێشەنگایەتی کۆمەڵگە دەکەن لە هەموو بوارەکاندا هێرشیان دەکرێتە سەر.
هەروەها جەواهیر عوسمان خۆپاراستنی بەرامبەر هێرشەکان بەم شێوەیە هەڵسەنگاند: وەک دایکانی شەهیدان، پێویستە خۆپاراستن و شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ لە بەرامبەر ئەو هێرشە سەختانەدا پێشبخەین، بۆ پاراستنی ئەم کۆمەڵگەیە لەم هێرشانە، یەکەم بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر شانی ژنان، ئەم دەستکەوتە مێژووییانە کە بە خوێنی هەزاران شەهید بەدەست هاتوون، دەبێت لە لایەن ئێمەی ژنانەوە بپارێزرێن.
"هەرچی پێویست بێت بۆ پاراستنی خاکەکەمان دەیکەین"
یەکێک لە دایکانی گیانفیدایان بەناوی سەمیرە خەلیل ڕایگەیاند، دایکی گیانفیدایان خاکی خۆیان بۆ چەتەکان بەجێناهێڵن و وتی: دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی بە شێوازەکانی شەڕی تایبەت، دەیانەوێت گەل لە خاکەکەیان دەربکەن، بەڵام ئەم کۆمەڵگەیە کە ساڵانێکە تووشی هێرش و کۆمەڵکوژی بووە، ئێستا دوژمنەکەی بە باشی ناسیوە، ئەم خاکە بە خوێنی شەهیدان بەدەستهێندراوە بۆ چەتەکان ئاسان نابێت، تا کۆتایی بەرگری لە خاکی خۆمان دەکەین و لە تەنیشت ئەو شەڕڤانانە دەوەستینەوە کە بۆ پاراستنی ئەم میللەتە خەبات دەکەن.