داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان، وریشەو شەریفە دەکرێت
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاند، ئێران بە سزای لەسێدارەدان و نادادپەروەرانە و جیاکاری ژنان دەکاتە ئامانج، هەروەها داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان و شەریفە و وریشە دەکەین.

ناوەندی هەواڵ
لە ٨ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لەلایەن دادوەری کوژراوی ئێران عەلی ڕەزاینی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، چالاکوانی کورد پەسەند کرا، هەروەها لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لەلایەن قاسم سەلاوەتی سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشە مورادی سەپێندرا، لە ١٣ی شووباتدا دووبارە سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی پەسەند کرا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەگەڵ ٢٩ ڕێکخراوی دیکەی مافەکانی مرۆڤ بە بۆنەی ٨ـی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، لە بارودۆخی ئێستادا لە ئێران هێرشەکان بۆ سەر مافەکانی ژنان بەردەوامە و بە سزای لەسێدارەدان و نادادپەروەرانە و جیاکاری ژنان دەکاتە ئامانج و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و نامرۆڤانە جێبەجێ دەکرێت، کە لە هیچ کۆمەڵگەیەکدا جێگەی نییە.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەنگاوی نێودەوڵەتی پێویستە بۆ فشار خستنە سەر دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، هەروەها داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و شەریفە محەمەدی دەکەین و لە هەموو کات گرنگترە یەکگرتوو بین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژییەکان.
هەروەها بەشێک لە واژۆکەرانی ڕاگەیەندراوەکە بریتین لە، ڕێکخراوی هاوپەیمانی جیهانی دژ بە سزای لەسێدارەدان، سەنتەری عەبدولڕەحمان برومەند بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، تۆڕی ئاسیایی دژ بە سزای لەسێدارەدان، چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و تۆڕی نێودەوڵەتی بۆ ژنان و کەمکردنەوەی زیانەکان لەنێو واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیەن.